ھەڵبژاردنی ئەمریكا، وانەیەك بۆ عێراق و كوردستان

‌ هاوڕێ تۆفیق


ئەمریكا لە رێگای دەستورەوە سیستەمێكی وای چەسپاندوە كە ولایەتەكان ھەست بە بێدادی و جیابونەوە نەكەن، ئەمریكا لە جەوھەرا ٥٠ وڵاتە لە ناو یەك دەوڵەتی فیدراڵییا، بەلام ھەموان ھەست بە ئەمریكایی بوون ئەكەن. ئینتیما بۆ ئەمریكا لەسەرو ھەموو شتێكەوەیە. پرسیارەكە ئەمەیە چۆن ئەم یەكیتییە بەھێزە ئەمریكیە دروستبوە؟ ئەی عێراق بۆ وا نیە؟ ئەمریكا بە سێ رێگای سەرەكی ،ئەمریكای بەھێزی فیدراڵی دروستكردوە.

یەكەم :پەرلەمانی ئەمریكی زۆر شارەزایانە بە دەستور دروستكراوە كە ھەوێنی دروستبوونی ئەو یەكێتییە. ئەویش لە رێگای پەرلەمانی دوو ئەنجومەنی چاودێر ، ئەوانیش ئەنجومەنی نوێنەران كەپێی ژمارەی دانیشتوان نوێنەر بۆ ھەر ولایەتێك دیاریكراوەو تەمەنی دوو ساڵە لەجیاتی چوار ساڵ كە لە زۆربەی پەرلەمانی دونیا باوە. لەلایەكی تر ئەمجومەنی پیران كە ھەر ٥٠ ولایەتەكە بە یەكسانی دوو نوێنەریان ھەیە كە ژمارەیان ١٠٠ نوێنەرە، بە بێ رەچاوكردنی جیاوازی گەورەو بچوكی ولایەتەكان لە یەكتری. لە ھەموشی گرنگتر، یەك لەسەر سێی ئەندامانی سێ ساڵ جارێك دەنگدانیان بۆ دەكرێتەوە .ئەم شێوە دابەشبوونە لەپەرلەمان گرەنتی مافە بۆ ھەموان.

كەمینە زۆرینە قوت نادات ولایەتی گەورە مافی بچوك ناخوات ،تەنانەت كە سەرۆك براوە ئەبێت، بەڵام جاری وا ھەیە دوای دوو ساڵ كە ھەڵبژاردنی پەرلەمانە حزبەكەی دۆراوی پەرلەمانە وەكو ئەوەی ئێستای ترەمپ ئەمە سودی چیە؟ سودەكانی ئەوەیە قۆناغ بە قۆناغ ھەموان دێنە سەر شانۆكە، بچوك و گەورە ،بەھێز و لاواز ھەموان پێویستیان بە یەكترییە .سودێكی تری فراوانی داینامیكیە ،كە تیایا ھەموان دەر ئەكەون ،دەرفەت نادات و لایەتێك مافی ئەوی تر بخوات.

دووەم: ئەنجومەنی پیران ئەم ئەنجومەنە، بە یەكسانی نوێنەرایەتی ھەموو ولایەتەكان ئەكات. ھەموان وەكو یەكتری دوو نوێنەرانیان ھەیە. ئەم ئەنجومەنە دەسەلاتی گەورەترە لە ئەنجومەنی نوێنەران، جگە لەوەش جەوھەری پارێزگارییە لە فیدراڵی.

سێیەم: سەرۆك راستەوخۆ ھەڵنابژێردن، چونكە ئەوە دەرگای بێدادی دەكاتەوەو ھەستی گەورەو بچوكی و ھەڵاوێركردن بۆ ولایەتەكان ئەكاتەوە، ئەو كاتە ویلایەتە بچوكەكان، دەچنە دەرەوەی ھاوكێشەكەو ھێواش ھێواش ئینتیمایان نامێنێ و ئەمریكایی بوون تەواو ئەبێ .لەبەرامبەردا ئێستا سەرۆك پێویستی بە ھەموانە.

لە عێراق ھەرچەندە بە پێی دەستور پەرلەمان دوو ئەنجومەنە، بەلام ھەر بە یەك ئەنجومەنی ماوەتەوەو بۆتە ھۆی كارەساتی گەورە .پەرلەمان بەم شێوەیە، بۆتە سەرچاوەی كوشتنی ئینتیمای یەك نیشتیمان. لە ئەنجامدا نە كوردو نە سوننە، رۆڵیان نەماوەو بونیان رەمزییە ،چونكە پەرلەمانی یەك ئەنجومەن ،پەرلەمانی زۆرینەیە. ھەر بۆیە پەرلەمانی شیعەیە.

كارەسات ئەوەیە، ھیچ كەس داوای ئەم مافی دوو ئەنجومەنیە ناكات ،لەگەڵ ئەوەی ئەمە مافێكی دانپیانراوی دەستوریشە .لەلایەكی تر پەرلەمانی دوو ئەنجومەن، تارادەیەكی باش گیانی پۆپۆلیستی ئەكوژێ، ھێزی عەقڵانیەت ئەگێرێتەوە بۆ پەرلەمان. ھەقی خۆیەتی كە ئێستا لیژنەی ھەمواری دەستوری، یەكەم ھەمواریان پرسی ئەم دوو ئەنجومەنیەی پەرلەمان بێت. ھەوڵ بدەن بە روونكردنەوەی زیاترەوە بچەسپێنن .

سەبارەت بە پەرلەمانی كوردستان، بەبێ ھیچ دوو دڵییەك. ئەبێ ببێ بە پەرلەمانێكی دوو ئەنجومەنی كە رەچاوی دادپەروەری جوگرافی پارێزگاكان بكات و مافی تانەلێدانن لە قانونەكانی ئەنجومەنی نوێنەران ھەبێ، بەبێ ئەم دوو ئەنجومەنە، پەرلەمان نەبەھێز ئەبێ و نە ئەبێ بە پەرلەمانێكی چالاك كە خەڵك بە ھی خۆی بزانێت.


PM:05:24:03/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی