سەرۆکی ھەرێم لە بەغدا بوو

‌شێروان تاڵب


وابزانم دەستەواژەی ( کێشە ھەڵواسراوەکان ) کە 17 ساڵە لە ئەدەبیاتی سیاسی و میدیاییماندا بۆ کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بەکاردێ ، دەستەواژەیەکی سوواوە ، کاتییەتی بگۆڕدرێ !

ئاخر کێشە یان بە شەڕ چارەسەر ئەکرێ یان بە ئاشتی ، سەبارەت بە شەڕ ، خۆ ئێمە ئەوەندەمان کردووە ، کار گەیشتۆتە ئەوەی کە بە میللەتێکی ئازا و شەڕکەر بەناوبانگ بین ، ئێ بۆ ئاشتیش ، ئەوا ئاشتی ھەرکاتێک ھاتبێتە پێش ، خۆمان لێ لانەداوە و بۆی چووین ، کەچی ھێشتا ھەر لە کێشەداین ! 

من ئەزانم جوگرافیای ئێمە نالەبارە، دەستی بەستووین و دەرفەتی جووڵەی سنوردارکردووین، ئەشزانم ئەجیندای دەرەکی بێ ئامانە و خۆ ھەرچی باوەکوشتەی دنیا ھەیە ، لەسەر کوشتنی ئێمە ھاوڕێ و ھاودیدن، بەڵام دانانی کێشەش لەسەر ڕەفەی چاوەڕوانی و سپاردنی بە زەمەن تا زەمەن عیلاجی بکا ، جگە لەوەی کێشە ئاڵۆزتر ئەکا ، ھەڵھاتنیشە لە چارەسەر !

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو بۆ چارەسەر ،، چارەسەرێک کە تیایدا سەوابتە نەتەوەییەکان ناگۆڕدرێن ، بەڵام میکانیزمی کارکردن لە نێوان ھەولێر و بەغدا بە ئاراستەیەکی بەرھەمدار بۆ ھەردوولا ، بگۆڕدرێن !

ئەو لەوێ بوو تا ( کێشە ھەڵواسراوەکان ) دابگرێ و بیانخاتە سەرمێزی وتووێژ ، زەمینەیەکی وەھاش بۆ دانوستاندن دەستەبەربکا کە لە ( دەستی دەستیی ) دوور بێ و لە یەکلاییکردنەوەوە نزیک بێ ،، یەکلاکردنەوەیەک کە ئیتر شتێک بەناوی ( با بزانین چۆن ئەبێ ) نەمێنێ و بڕیاری بوێرانەیان لێ بدرێ !

ئەمڕۆ دنیا گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەی خۆکرد و خواکردە ، ھیچ سووچ و پەنایەکی ئەم جیھانە بەرینە نەماوە کە پشێوی سیاسیی ، ئاڵۆزیی ئابووریی ، گرفتی کۆمەڵایەتیی ، ھەرنەبێ دڵەڕاوکێی مەرگ ، نەیگرتبێ ، جا ئەمە حاڵی دنیا بێ ، حاڵی ئێمەیەکی بێ دەوڵەتی بێ سنووریی بێ دەریای ( بەداخەوە ) تاڕادەیەک بێ پلانیش ، ئەبێ چۆن بێ؟ 

ئێمە بۆ سەلماندنی ڕەوایی دۆزێک ، سەد سالێک بەشاخەوە بووین ، ئێ سێ دەیەش ئەبێ کە جێ پێیەکمان لەشار دا بۆ حوکمڕانییەت کردۆتەوە و ناومان ناوە ھەرێمی کوردستان ،، ھەرێمێک کە وەک چۆن چاوی ملیۆنان کورد و کوردستانییانی لەسەرە ، چاوی تەماعی دوژمن و پیلانی پیلانگێڕانیشی لەسەرە و ھەرئەوەش وایکردووە کە لەناوخۆییدا بەکێشە و لەدەرەوەی خۆیشیدا پڕکێشە بێ ،، کێشەگەلێک کە ئەگەر بە ناواقیعیی و بە حەماسەتەوە دەستیان بۆ ببردرێ ، ئەوا لەجیاتی ئەوەی بمانکا بە ھەرێمێکی ( سفر کێشە ) ، بۆی ھەیە بمانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر ! 

ئەوەی ئەمڕۆ دەستی داوەتە کردنەوەی گرێکان و بە سفرکردنی کێشەکان ، نێچیرڤان بارزانیە کە بەواقیعییەت ئەناسرێتەوە و جووڵەکانیشی لە قووڵایی واقیعێکەوە سەرچاوە ئەگرن من نازانم تاڵە یا شیرین ، بەڵام واقیعی حاڵە و ئەوەتا لەگەڵیدا ئەژین، ئەو ئەزانێ مادام ھەر قەرارە بەیەکەوە بین ، کەوایە با ڕێکبکەووین، ئەو بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە لە بەغدا بوو ، بۆی ھەیە لەمەودوا لە جێی تریش ببینرێ .


AM:11:20:23/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1472 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی