لەپێناوی نیشتماندا ھەموومان دەبینە ئاسایش

‌گوڵزار فه‌ره‌ج

من بۆنی ئەو غەریبەم لێ دێت کە لە بیابانەکانی نوگرە سەلمانەوە ھاتۆتەوە و لمی عەرعەرھەموو چۆغەکەی خۆڵاوی کردووە، لێرەوە لەبەردەم قەرسیلی چاوەکانی نیشتماندا لە ئێوارەیەکی ھێمندا، خەمی میللەتێکیان بە ناوکمانەوە بری، تاوەکو لە نێو ئاپۆرای خەڵک و خودادا ون نەبین بە نیشتمانێک و کیشوەرێکی دڵفرێن و باسەفا چاو و دڵمان روون بووەوە.

وەک عەشقێکی ئیلاھی بەبینینی نیشتمان ئارامی بە دڵماندا ھێنا، کیشوەرێک کە چاوی کوێری تێدا چاک دەبێتەوە، کە بۆھەموان بوەتە پەناگە و داڵدە، کاتێک تەمەنم پەڕە پەڕە ھەڵدەدەمەوە و باسی شوێن و نیشتمانەم ئەکەم تەنھا دڵۆپێکە لە دەریا، چونکە جریوەکانی سپێدەی بەیان سوپاسگوزارم ئەکەن کە ھێشتا نیشتمان واتایەک ئەبەخشێت بە بوون و بوونێک بە ئۆخەی ئایندە.

لە پێناوی پاراستنیدا ھەموومان بووینەتە ئاسایش، لە شۆڕشگێرێکیان پرسی گوتی خوای من ئەم خاکەیە ھەربۆیە لە پێناوی خوای خۆمدا ئامادەم وەک ماردینێک بچەمێمەوە بۆ نێوەندی کەمەری خاک، من لە خاک بووم ھەر دەبێت بچەمێمەوە بۆ خاک، منیش دەڵێم خودایە ئەم نیشمانەم ئاوارەییمی تێدا ون کەم و کۆچم چەقی نیشتمانم بێت، تاوەکو لە نێو ئەم ئاپۆڕەی خەڵک وخودا ون نەبم چونکە موڵکی نەوەی داھاتوو و رابردوومە، لەسەر زارو لە زایەڵەمدا ھەموو کات ئەزرنگێتەوە و ئەڵێم، بەم تەمەنی کۆتاییم و ئازارانەمەوە کە لەگەڵ نیشتمان بەشم کردووە و بەم سووتماکی رۆح و قەرسیلی چاوانەوە، بەم تراومای رێگاوبان و سووتماکی رۆح و جەستەیەوە ھەر خۆشم ئەوێیت نیشتمان، لە ئاوێنەی شارەکەمدا حەزو تاسەمی تێدا دەفرێت و ترسم لەپێناوی ئارامی نیشتمانم بەقەد باڵام لە تەنیشتمەوە راکشاوە.

خۆزگە زامەکانی نیشتمان بە زامی باران دەچوو، کە خۆشی کردەوە ھیچی لە پاش خۆی جێ نەدەھێشت، ئێستاکە بەم تەمەنی خۆڵەمێشیەوە نزات بۆدەکەم و بەنێو کۆڵانە تەنگ و بەرینەکانتدا گوزەردەکەم و ھیوای ئارامیت بۆ دەخوازم، چونکە نیشتمانم ھێڵی سوورە و بە خوێن رەنگمان کردووە لەبەردەم خاکەکەیدا چۆک دادەدەین و سەری رێزی بۆ نەوی دەکەین، لە گمەی کۆترەکان و پەرەسێلکەکانی شارەوە فێربووم و کە رازی پەنھانی شار لە نێو ناخیاندا پەنھانە و بۆی وێڵن و تێدەکۆشن، منیش وەک ئەوان عاشقی پیاسەی ئێوارانی شارم، تا جوانییەکانی و رازەکان لای خۆم پەنھان کەم و لە پێناویشدا تێبکۆشم.


AM:11:39:04/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی