چەکی کورد بۆ هاتنەوە ناو مێژوو!

‌نووری بێخاڵی

بەر لە داگیرکەرانی کوردستان و سیاسەتە سەرکوتکارەکانیان. کورد و کوردستان قوربانیی یارییە نێودەوڵەتییەکان و بەرژەوەندیی زلهێزەکانن. ڕوونتر بڵێین: قوربانیی سیاسەتی نیوکۆڵۆنیالیزمن.

ڕاستییەکەی ئەگەرچی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا، پرسی کورد بابەتێکی هەمیشە گەرم و ئامادەی ناو کۆنگرە و کۆنفڕانس و کۆبوونەوە و ڕێککەوتننامە و پەیمانە هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییەکان بووە، بەڵام چونکە تا ئێستا خاوەنی دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی خۆی نەبووە، لە هەموو ئەو کۆنگرانەدا، نەک هەر مافەکانی خوراون، بەڵکوو لەسەر حیسابی کورد و پشتگوێخستنی مافەکانی، خەڵکی بە مافەکانیان شاد بوونە. وەک ئەوەی لە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس، ئەرمەنەکان و فەلەستینییەکان لەسەر حیسابی کورد و بەرمەبنای ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی ئینگلیز و فەڕەنسییەکان، بە مافەکانی خۆیان گەیشتن، بەتایبەتیش، ئەرمەنەکان.

بە گەڕانەوە بۆ مێژوو، نموونەیەکی کارا لە سیاسەت و دیبلۆماسییەتی کوردی لە ئاستی جیهانیدا دەبینین، وەلێ بێ دەوڵەتیی، هەوڵەکانی ئەویشی پەک خست. ئەو کەسەش (شەریف پاشا)یە، کە ڕۆڵێکی مەزنی لە ناساندنی دۆزی ڕەوای نەتەوەیی کورد گێڕا. بەتایبەتی لە ساتەوەختەکانی ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنگرەی ئاشتی (١٩١٩)، تەنانەت نەخشەیەکی کوردستانیشی بۆ کۆنگرەکە ئامادە کردبوو، بەڵام ئینگلیز لە دژی وەستایەوە. 

کۆنگرەی ئاشتی کە تەرخان کرابوو بۆ بەشینەوەی میراتی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای جەنگ و سەرکەوتنی هاوپەیمانەکان لە جەنگەکەدا، پرسی کەمە نەتەوەییەکان و مافەکانیان، بابەتێکی سەرەکیی کۆنگرەکە بوو، لەناویاندا پرسی مافەکانی کورد، بەڵام دڕدۆنگیی هەریەک لە بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕۆڵی لایەنگرانەیان بۆ تورکیا و عێراق، خەونی شەریف پاشا و کوردانی زیندەبەچاڵ کرد.

ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە لە گەرمەی ڕووداوەکاندا، سەرانی کورد خۆیان بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێک لە دژی تورکیا ئامادە کردبوو و بۆ ئەم مەبەستەش لە ماڵتا کۆبوونەوە، بەڵام بەریتانیا دەستخەڕۆی کردن و بەڵێنی ئەوەی پێدان ،ئەگەر شۆڕش نەکەن، ئەوا لە کۆنگرەی ئاشتی مافەکانیان مسۆگەر دەکات. کەچی دواجار کورد کرایەوە قۆچی قوربانیی بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و براوەی جەنگ.

کۆنگرەی ئاشتی بەبێ بەشداریی پێکردنی کورد و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی، بەڕێوە چوو، بەڵام هەر نەتوانرا دەنگی ئازادیخوازانە و دۆزە ڕەواکەی کپ و سەرکوت بکرێت. بۆیە دەبینین ساڵێک دوای ئەوە، پەیماننامەی سیڤەر واژۆ کرا و دەستەیەکی فەرمیی و ددانپێنراوی کورد، بە سەرۆکایەتیی شەریف پاشا بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد. بە پێی بەندەکانی (٦٢ و ٦٣ و ٦٤)ی پەیماننامەکە، مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد ڕەوا بینرا. تەنانەت بەگوێرەی بەندی (٦٤)، تورکیا پابەند کرا بەوەی، لە ئەگەری ئەوەی لەسەر ڕەزامەندیی زۆرینە، گەلێکی ناو تورکیا داواکاریی جیابوونەوەی ئاراستەی کۆمەڵەی گەلان کرد، هەروەها کۆمەڵەی ناوبراویش گەیشتە ئەو باوەڕەی کە ئەو گەلە دەتوانێت ئیدارەی سەربەخۆیی خۆی بدات، ئەوا تورکیا دەچێتە ژێرباری داواکارییەکە. کەچی ئەم بەندانەش دووبارە بوونەوە بە قوربانیی بەرژوەندیی وڵاتانی زلهێز و بڕیاربەدەست و دووبارە کورد لە مافی گەیشتن بە سەربەخۆیی بێبەش کرا. 

دواتر کۆنگرەی لەندەن دەبەسترێت. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و زانیارییەکان، ئەو کۆنگرەیە تایبەت بووە بۆ بەدواداچوونی مافەکانی کورد و جێبەجێکردنیان، بەڵام (ئەتاتوورک) کە تازە جێ پێی خۆی قاییم کردبوو و سەرکەوتنیشی بەسەر یۆناندا بەدەست هێنابوو، یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنگرەکە. ئەو دەرفەتەی قۆستەوە، کە بە هیچ جۆرێک پرس و باسی کورد نەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە. بەمەش دووبارە وڵاتانی زلهێز کوردیان کردە قوربانیی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە و بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابووریی خۆیان وەپێش ماف و داخوازییە ڕەواکانی کورد خست. تا گەیشتە ئەوەی تورکیای ئەتاتوورک توانی لە پەیماننامەی لۆزاندا (١٩٢٣)، ئەو بەندانەی پەیماننامەی سیڤەری تایبەت بە مافی کورد، بە یەکجاری بسڕێتەوە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناوی کورد بدرێت، لە پەیماننامەکەدا هاتووە کە: ”ئەنکارا بەڵێن دەدات مافی گەلانی ناتورک بپارێزێت". بەم جۆرە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، کورد کە وڵاتەکەی بە زۆرداریی و بەبێ ویست و ئیرادەی خۆی پارچە پارچە کرا و هەر بەشێکی بە وڵاتێکی داگیرکەرەوە لکێنرا، هەر لەژێر ستەمی داگیرکەراندا مایەوە.

ئەم ڕووداوانە پێمان دەڵێن، ڕاستە دۆز و پرسی کورد، بەردەوام و تا ئێستا باس و خواسی کۆنگرە و کۆبوونەوە، ڕێککەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بووە، بەڵام چونکە مافی بەشداربوون و ڕا و بۆچوونی لەو کۆنگرانەدا پێ ڕەوا نەبینراوە و وەک ئەوەی وەسی بن بەسەریەوە، وڵاتانی دیکە لەبری کورد قسەیان کردووە، بۆیە نەتوانراوە کورد بە مافی ڕەوا خۆی بگات.

هاوئایینییان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز، دەرفەتی بە ئەرمەنییەکان دا دەوڵەتیان بۆ دروست بکەن. ڕەگی قووڵی بەرژوەندیی ئابووریی و سیاسیی و وڵاتانی زلهێز لە نیشتمانی عەرەبی، بواری ئەوەی دایە فەلەستینییەکان کیانێکیان بۆ دروست بکەن، بەڵام کورد چونکە هاوئایینی وڵاتانی زلهێز نییە.. چونکە وڵاتەکەی داگیر و پارچە پارچە کراوە و بستە زەویێکی سەربەخۆی نەبووە.. چونکە بەرژوەندیێکی پتەو و قووڵی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ زلهێزەکاندا نەبووە.. چونکە ڕێگای پێ نەدراوە لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا بۆ خۆی ئامادە بێت و بۆ خۆی داکۆکی لە خۆی بکات.. چونکە تا ئێستا لەناوخۆشیدا  پەرتەوازە و ناکۆک و ناتەبایە، بەدڵنیاییەوە دۆزە ڕەواکەی هەروا بێ خاوەن ماوەتەوە. ئەگەریش هەلومەرجێک و شوێنکاتێک وای خواستووە دونیا ڕوو لە کورد بکات و خۆی بە دەمامکی دۆستی کورد نیشان دابێت و بدات، ئەوا لەبەر نەبوونی یەکڕیزی و یەک گوتاری، کورد نەیتوانیوە ڕوون و ڕاشکاو، ڕووبەڕووی دونیا ببێتەوە و پییان بڵێت، دۆستایەتیی ئێوە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی خۆم دەکەم، دەنا هیچ.

سەرەڕای ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاوی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆر و بوونی بە ئایکۆنی میدیای ناوچەیی و جیهانیی، هەروەها جێ سەرنج و بایەخی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی. کورد چونکە کاراکتەرێکی نێودەوڵەتیی نییە (بە هەرێمی کوردستانیشەوە کە بووەتە دیفاکتۆیەکی سیاسی و دەستووری)، لەبەر ئەوەی ناوماڵی خۆی یەک نەخستووەتەوە و کوردبوون لە پەراوێزی پرسە بچووکەکانی تری هێزە سیاسییەکانی دایە، بۆیە دەیان کۆنگرە و پەیماننامەی هاوشێوەی ئەوانەی سەرەوە ببەسترێن و واژۆ بکرێن، لەبەرئەوەی دۆسیەکە لە گیرفانی وڵاتان دایە، نەک لە دەستی کورد خۆی، چونکە خەڵکی تر لەبری ئەو قسە دەکات، نەک کورد خۆی کاراکتەری کارا و ئامادەی ناو کۆنگرە و پەیماننامەکان بێت، لە دۆخی ڕابردووی باشتر نابێت.

بەهەرحاڵ، گرنگ نییە دۆز و پرسی ڕەوای کورد لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان هەبووە و هەیە، گرنگ ئەوەیە سروشتی دۆزەکە چۆن پێناسە کراوە؟ کێ پێناسەی کردووە؟ کێ زمانحاڵی بووە؟ کێ داوەریی کردووە؟ کورد بۆ خۆی وەک کاراکتەر و ئامادەیی لە کوێی هاوکێشەکەدا بووە؟
ئەمە ئەو پرسیارانەن کە سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەخەنە بەردەم بەرپرسیارێتیی قورسی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەتایبەتی کە وەک کاراکتەرێکی نادەوڵەتی هەنووکە لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا، بەشێکە لە هاوکێشەی ململانێ و ڕووداوە سیاسییەکان. بەوەی چۆن دەتوانێت قەرەبۆی ئەو ڕابردووە تاڵە لەسەر ئاستی جیهان و سەکۆ نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە؟

هەرێمی کوردستان بەو کەسایەتییە سیاسی و یاسایی و دەستوورییەی لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا هەیەتی، بووەتە بەشێکی گرنگ لە یەکلاکردنەوەی ململانێکانی عێراق و ناوچەکە و لایەکی دیار و کاریگەری کێشەکان. هەر ئەمەشە وای کردووە بە ئاسانی نەتوانرێت بخرێتە دەرەوەی هاوکێشەکان، بەشداریکردن و ئامادەی کارایشی لە کۆڕ و کۆنفڕانس و کۆنگرە سیاسی و ئابووری و تەناهییە هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییەکاندا، بەڵگەی ئەم کاریگەرییەن. ئەوەی لەو نێوەدا گرنگە کورد خۆی، چۆن وەبەرهێنان لەو دەرفەتانە دەکات لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی. 

ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کوردستان (ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانی لێ بترازێت، کە ئەگەرچی ناچنە قاڵبی سەربەخۆیی)، هێشتا داگیرکراو و کورد ژێردەستەیە.. هێشتا قووڵایی بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی وڵاتانی بڕیار بەدەست، لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستانە.. بۆیە کورد (هەرنا هی ئەم دوو پارچەیە) بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ئیرادە و بڕیاری سەربەخۆ و کاراکتەری کارای ناو یارییە سیاسییەکان، سێ شتن، یان سێ هۆکارن (ئاشتبوونەوە و یەکڕیزیی کورد خۆی، وەگەڕخستنی دیبلۆماسیەت و هێزی نەرم، خۆماڵیی کردنی سەرچاوەکانی وزە وەک چەکێکی گرنگ بۆ دروستکردنی بەرژەوەندیی وڵاتانی بڕیار بەدەست لەم دوو بەشەی کوردستاندا).        


PM:12:42:04/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 2992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی