چاودێریکردن و بێدەنگی

‌ ئیمبرتۆ ئیکۆ



ئیمبرتۆ ئیکۆ (۱۹۳۲ ـ ۲٠۱٦) ئەم ووتارەی وەک وانەیەک لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئیتالی زانستی سێمنتیک لە ئیتاڵیا لە ساڵی ۲٠٠۹ دا پێشکەش کردووە، گرنگی ئەم ووتارە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە لە کاتێکدا هەمووان داوای هەڵوێست و قسەکردن دەکەن، ئیکۆ بەو پەڕی جورئەتەوە باسی گەڕانەو بۆ بێدەنگی دەکات، هەڵبەت بۆ ئەوەی سەنگی ووشە بزانین پێویستمان بە دوورکەوتنەوەیە لە ژاوەژاو، ئەمڕۆ ژاوەژاو لە دنیای ئێمەدا وایکردووە کە کارەستەکانمان لا ئاسایی بێتەوە، ئەوەی پێویستە گوێمان لەدەنگی بێت نووقمی ناو ژاوەژاوێک بووە کە هیچ بەهایەکی تێدا نەماوە، ئەمڕۆ لە میدیکاندا نمایشکردنی گریان و گیرفانبەتاڵی خەڵک لە ناو خولقاندنی ژاوەژاودا وایکردووەئاسایی ببنەوە، وەک چۆن یەکەم جار بریندارت دەکا، ئاواش لەدواییدا دەڵێیت ئەرێ ئەمە نەبڕایەوە. کۆمەلگای ئێمە ئەمڕۆ لەو دۆخی ژاوەژاوەدا دەژی کە ئیکۆ لەم ووتارەدا باسی دەکات، بێگومان ئێمە پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ بێدەنگی تاوەکو بزانین قەبارەی ئەو کارەسات و بێهیواییە چەند گەورەیە کە تیایدا دەژین، پێویستمان بەوەیە گوێبگرین لەو کەسەی کە پێویستە قسەبکات، ئێمە ئەمڕۆ هەموومان بوینتە قسەکەر لە ناو ئەم ژاوەژاودا کەچی گوێگریش وون بووە، تکایە کەمێک بێدەنگی و با ئەو ژاوەژاوە ڕاگرین تاوەکو گوێمان لەدەنگێکی راستەقینە بێت!
هیوادارم خوێنەری ئەم ووتارەبن کە لە گۆڤاری حکمه‌ وەرمگرتوەو لە عەربییەوە کردوومە بەکوردی.

وه‌رگێڕ هیوا فایه‌ق


چاودێریکردن و بێدەنگی
نووسینی/ ئیمبرتۆ ئیکۆ

(یەکێک لەو کێشە ئەخلاقییە دیارانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە، گەڕانەوەیە بۆ حاڵەتی بێدەنگی، وە یەکێکیش لە ئیشکالییەتە سێمینتیکیانەی کە پێویستە بە بایەخەوە وەریبگرین، لێکۆڵینەوەیە لە وەزیفەکانی بێدەنگی)

ئەوانەی لە ناوتاندا تەمەنیان بچوکە دەزانن کە ووشەی ڤیلین (Veline) واتای کچە نمایشکارەکانی نێو بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانە، ووشەی کازینۆش واتای شوێنێکی قەرەباڵغ و هەراوهوریا، بە پێچەوانەی ئەوانیشەوە لای نەوەی من ووشەی کازینۆ بە واتای شوێنی لەشفرۆشی دێت، ووشەکە مانا بنچینەییەکەی خۆی لەدەست داوە، تەنانەت ئێستا هەموو کەسێک بە پیاوە ئایینییەکانیشەوە ئەم ووشەیە بۆ وەسفکردنی ژاوەژاو بەکار دەهێنن، وەک چۆن هەمان شت بەسەر ووشەی (Bordello) جێبەجێ دەبێت کە لەکاتی خۆیدا بەواتای شوێنی لەشفرۆشی دەهات، ئەگەرچی نەنکم نموونەیەکی ڕێکو ڕەوانی ڕەوشت بوو، کاتێک کەمنداڵ بووم ئەم ووشەیەی لەبەرامبەر هۆکاری ژاوەژاو و بێزاری بەکار دەهێنا، هەروەها ئەم ووشەیەش مانا بنچینەییەکەی خۆی لەدەستداوە، پێدەچێت نەوەی نوێ ئەوە نەزانێت کە ووشەی ڤیلین لە سەروەختی حوکمڕانی فاشیدا، واتای ئەو نووسراو و ڕێنماییانە بوو کە وەزارەتی ڕۆشنبیری گەل دەینارد بۆ ڕۆژنامەکان، ڕێینماییەکانیش پەیوەندیداربوو بەو بابەتانەی کە دەبوایە رۆژنامەکان سەرنجیان بخستایەتە سەر، یان هەندێک بابەت کەدەبوایە خۆیان بە دووربگرتایە لە قسەکردن و ئاماژە پێدانی، لەبەر ئەوە ووشەی ڤیلین لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ چاودێریکردن و هاندانی شاردنەوەی زانیاری، لەبەرامبەردا ئەو ڤیلینەی ئەمڕۆ ئێمە دەیناسین ( کچە نمایشکاری تەلەفزیۆنەکان) دژی ئەوەی پێشووترە، ئێستا نوێنەری ساتەوەختێکی ئاهەنگسازییە بۆ ڕوخساری دەرەوە، ئەو ناوبانگەی کچە نمایشکارەکە پێی دەگات لە ڕێگەی حاڵەتی کەشف بوونەوەیە، کەشف بوون بە هەموو مانا ڕونەکانییەوە کە ڕوخسار لەم حاڵەتەدا دەبێتە جۆرێک لە تایبەتمەندی، لەگەڵ ئەوەی لە ڕابردودا بایەخ پێدانی کارێکی نابەجێ بووە.

ئێمە ئێستا خۆمان لە بەردەم دوو شێوازی ڤیلینداین کە دەمەوێت بەراوردیان بکەم بە دوو شێوازی چاودێریکردن، یەکەمیان چاودێریکردن لە ڕێگەی بێدەنگییەوە، دووهەمیان چاودێریکردن لە ڕێگەی ژاوەژاوەوە، کاتێکیش کە ووشەی ڤیلین بەکاردەهێنم ئەوە ئاماژەیەکە بۆ ڕەمزی بوونی ڕووداوێک کە لە تەلەفزیۆنەکادا ڕوودەدات، وەک بەرنامە ئیستیعرازی و تەرفییهیکان و هەتا تەنانەت هەواڵەکانیش، ڕژێمە فاشییەکان هەروەک هەموو دەسەڵاتە ستەمکارەکان، واتێگەشتوون کە هەموو هەڵسوکەوتێکی لە ڕێلادەر بە واتای هاندانی دێت کاتێک کە لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕووماڵی زۆری بۆ بکرێت، بۆنموونە دەزگای چاودێریکردن قسەکردنی لەسەر خۆکوشتن قەدەغەکردبوو، لەبەرئەوەی بە تەنها ئاماژەپێدان بە خۆکوشتنەکە بە واتای هاندانی کەسێکیتر بوو بۆ کرداری خۆکوژی لە ڕۆژەکانی داهاتوودا، ئەمە بەتەواوی ڕاستە، پێویستیشە وانەزانین کە هەرچییەک بە عەقڵی دەسەڵاتی فاشیدا هاتێبێت هەمووی هەڵە بووە، ئاشکرایە خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران لە ساڵەکانی ۱۹۷۷ و ۱۹۸۹ لەگەڵ ئەوەی تەمەنیان کورت بوو هەرگیز ئەوە ڕووی نەدەدا ئەگەر ڕۆژنامەکان چەند بارە باسی گەڕانەوەی تارمایی ۱۹٦۸ نەکردبایە، ئەو کەسانەی بەشداری ئەم رووداوانەی کردبێت بەچاکی ئەوە دەزانن کە ئەوانە هەوڵێک بوو بۆ گەڕانەوەی رووداوەکانی ئەو ساڵە.

وەک چۆن ڕۆژنامەکان هەڵدەستن بەکۆکردنەوەی رووداوی تۆلەسەندنەوە و خۆکوشتن و کوشتنی هاوڕێکانی خوێندن لە ژووری نوستندا، ئەوا هەواڵی کوشتن لە قوتابخانەکاندا دەبێتە هۆی هاندانی ڕووداوی هاوشێوە لە قوتابخانەکانی دیکەدا، پێدەچێت ژمارەیەکی زۆری ڕۆمانییەکان دەسترێژییان کردبێتە سەر ئافرەتە بەساڵا چووەکان لەبەرئەوەی ڕۆژنامەکان بە بەردەوامی هەواڵی ئەوەی دەدانێ کە ئەمە کارو ئەخلاقی کۆچبەرەکانە.

شێوازی چاودێریکردنە کۆنەکە دەڵێت: ئەگەر ویستت ڕێگری لەجۆرێک هەڵسوکەوت بکەیت، ئەوا دەبێت ڕێگری لەوە بکەیت کە قسەی لەبارەوە بکرێت، لەکاتێکدا شێوازە نوێیەکەی بەم جۆرە برەوی پێدەدات: ئەگەر ویستت رێگری لە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەیت، ئەوا زۆر بە چڕوپڕی قسە لەبارەی بابەتێکی ترەوە بکە، رەنگە بیر لە شتێکی ئاوا بکەیەتەوە: ئەگەر زانیم سبەینێ ڕۆژنامەکان باس لە هەڵەیەک دەکەن کە من کردبێتم و پاشان بزانم زەرەرێکی گەورەم لێدەدات، ئەوا یەکەم شت کەدەمەوێت بیکەم چاندنی بۆمبێکە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیسەوە، یاخود وێستەگەیەکی شەمەندەفەر، ئەمەش وادەکات ڕۆژنامەکان لە ڕۆژی دواتردا باس لە تەقینەوەکە بکەن، ئەو هەڵەیەی کە منیش کردومە، لە سوچێکی رۆژنامەکەدا بوبێتە هەواڵێکی پەراوێزخراو، پاشان کێ ئەسڵەن دەزانێت ژمارەی ئەو بۆمبانە چەند بووە کە چێندراوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەی مانشێتی رۆژنامەکان بگۆڕیت!
ئەم نموونەیە سەبارەت بە تەقینەوەی بۆمبەکەو پاشان ئەو دەنگە بەرزەی کە دروستی دەکات، ڕێک وەک ئەوەیە کاتێک کە ژاوەژاوێکی بەرزو کتوپڕ دەبیستیت و وادەکات هەموو شتێک بێدەنگ بێت، لێرەدا بێزاربوون دەبێتە ڕووپۆشیک بۆی، ئەمەش واملێدەکات ئارەزووی ئەوەبکەم و بڵێم کە ئایدۆلۆژیای چاودێریکردن لە ڕێگەی دروستکردنی ژاوەژاو و بێسەروبەریییەوە یان تەنانەت قسەکردنی چڕوپڕ لە بارەیەوە، دەتوانیین بە هێنانەوەی ووتەیەکی ڤیگنیشتانەوە زیاتر ئەمە ڕوون بکەینەوە لەگەڵ داوای لێبوردنمدا بۆی " لە کوێدا کەسێک هەبوو توانای قسەکردنی نەبوو، ئەوا پێویستە کەسێک لەوێدا هەبێت زۆر قسەبکات"
بەرنامەی هەواڵی سەرۆک تی جی ۱ لە کەناڵی ئیتاڵی فەرمیدا برەو بەم تیۆرە دەدات، پڕپڕە لەهەواڵی وەک لە دایک بوونی گویرەکەی دووسەر، یاخود جانتا بڕین لەلایەن چەند دزێکی خوێڕییەوە و هتد... ئەم جۆرە لە هەواڵ و ڕووداو ـ کە بە شێوەیەکی باو ڕۆژنامەکان لاپەڕەکانی ناوەوەی پێ پڕدەکەنەوە ـ سێ چارەکە سەعاتی بەرنامەکە دەبات، ئەمەش بۆ ئەوەدەکەن تاوەکو دڵنیایی ئەوە بدەن کە ئەو چیرۆک و هەواڵانەی پێویستە باسبکرێن بخرێنە خانەی نەبووانەوە.

چەند مانگێک لەمەوبەر، ئەو دەزگا ڕۆژنامەوانییەی کە بێرلۆسکۆنی کۆنتڕۆڵی کردووە، بۆ چەند ڕۆژێک دوای ئەو دادوەرە کەوتن کە ڕەخنەی لە سەرۆک وەزیران گرتبوو، هاتن ڕۆژانەی دادوەرەکەیان بۆ دەگێڕاینەوە، بۆ نموونە دادوەرەکە چۆن لە گۆرەپانێکی گشتیدا لەسەر کورسییەک دانیشتووە و جگەرەی کێشاوە، یان چۆن چووە بۆلای دەلاک، یاخود گۆرەوی تەرکوازی لەپێدا بووە، بۆیە بە دروستکردنی رووداوی بێسەرو بەر، پێویستت بە دروستکردنی چیرۆکی ساختە نابێت، ئەوەی لەسەرتە ئەوەیە چیرۆکێکی ڕاستەقینە بگێڕیتەوە بەڵام پەیوەندی بە ڕووداوە سەرەکییەکەوە نەبێت، ئەمەش بۆ گومان دروستکردن لە ڕێگەی ئەو حەقیقەتە سادانەوە کە نمایشی دەکات، بەڵێ ئەوە زۆر ڕاستە کە دادوەرەکە گۆرەوی تەرکوازی لە پێدا بووە، بەڵام ئەمە هیچ پەیوەندییەکی بەو ڕەخنەیەوە نییە کە لە سەرۆک وەزیرانی گرتووە، ئەوەی کە دەزگای ڕاگەیاندن بەم هەواڵانەوە دەیکات، پێکهێنانی چەند گریمانەیەکە بەدەوری شتێک کە مایەی تێگەیشتن نییەو و جێهێشتنی نیشانەیەکی پرسیارە، پاشان خوڵقاندنی تێڕوانینێکی نا ئاسوودە، هیچ شتێکیش لەوە قورستر نییە کە توانای ئەوەت هەبێت خۆت ڕزگار بکەیت لەم چیرۆکە ڕاستەقینانە کە پەیوەندییان بەڕووداوکەوە نییە.

ڕۆژنامەی جمهوریە لەکاتی کەمپینێکدا دژی بیرلسکۆنی هەڵەی کرد کاتێک زۆر بە چڕی ڕووماڵی چیرۆکی ئاهەنگەکەی ماڵی نعۆمی کرد، خۆ ئەگەر ڕۆژنامەکە لە بری ئەوە بۆ نموونە ئەمەی بنووسیایە: دوێنێ بەیانی بێرلسکۆنی چوو بۆ پیازا نافونا لەوێ چاوی بە خزمێکی کەوت و پێکەوە پەرداخێک بیرەیان خواردەوە... ئەمە چەند فزولییە" ئەمەش دەبووە هۆی شەپۆلێک لە پێشبینی و گومان و خەجاڵەتکردن کە دەمێک بوو بووبووە هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران، بۆ ئەوەی شتەکە کورت بکەینەوە، ئەو حەقیقەتەی پەیوەستە بە شتەکەوە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئاسانکاری دەکات بۆ ڕوبەڕوو بونەوەی و دەستنیشانکردنی، بەڵام ئەو تۆمەتەی کە پەیوەست نییە بە ڕووداوەکەوە ئەوا هەرگیز ناتوانیت دەستنیشانی بکەیت.

کاتێک تەمەنم دە ساڵان بوو، خانمێک لەبەردەم یەکێک لە دوکانەکاندا ڕایگرتم، پێیی ووتم: "لیرەیەکت دەدەمێ ئەگەر تۆ نامەیەکم بۆ بنووسی، من دەستی خۆمم بڕیوە بۆیە ناتوانم." منیش لەبەرئەوەی کوڕێکی بە ئەدەب و رێکوپێک بووم، پێمووت من نامەکەت بە خۆڕایی بۆ دەنووسم و ئەو چاکەیەت لەگەڵ دەکەم، بەڵام ئەو هەر پێداگری کرد لەسەر ئەوەی ئایسکرێمکم بۆ بکڕێت، نامەکەم نووسی، کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە بۆ کەسوکارکەمم گێڕرایەوە، دایکم تووشی شۆک بوو ئینجا قیژاندی بەسەرمدا "خوایە گیان ئاگات لێمان بێت، نامەی خراپییان پێ نوسیویت، بەس خوا ئەزانێت چیمان بەسەردێت ئەگەر بزانن تۆ نووسیوتە" نامەکە بۆ پیاوێکی دەوڵەمەند بوو کە ماركێتێکی لە ناوەڕاستی شاردا هەبوو، خێزانەکەی ئێمەش دەیانناسی، ناوەڕۆکی نامەکەش بریتی بوو لەمە "ئێمە بەوەمان زانیوە کە دەتانەوێت خوازبێنی سیگنورینا بکەن، لەبەرئەوە زۆر بەچاکی دەمانەوێت پێتان بڵێین کە ئەو خانمە لە خێزانێکی خانەدان و بەڕێزو ناسراوی شارەکەن" تۆ ئێستا ئەوە نابینیت کە نامەکە ستایشی کەسێک دەکات لەبری قسە پێووتن و خراپ باسکردنی؟ بەڵام ئامانجی پشت ئەم نامەیە چی بوو؟ سەرەتا ئەو خانمەی کەمنی ڕاگرت تاوەکو نامەکەی بۆ بنووسم نەیدەویست هیچ شتێکیتر بڵێ، ئەو دەیویست بەلایەنی کەمەوە حاڵەتێکی نا ئاسوودەیی دروست بکات، بێگومان یەکێک لەداهاتوودا دەربارەی نامەکە دەپرسێت بۆچی کەسێک ئەم پەیامەی ناردوەو مەبەستیش چییە لە" خێزانێکی ناسراوی شارەکەن"، باوڕم وایە کابرای دەوڵەمەند لە کۆتاییدا بڕیاری ئەوەیداوە ژنهێنانەکەی دوابخات، ئەویش لەبەرئەوەی ترساوە خێزانێک لەگەڵ ئافرەتێکی ناوبانگ زڕاودا پێک بهێنێت.

ئەم جۆرە لە ژاوەژاو پێویستی بەوەنییە نامەکانی هەمووی لەسەر یەک بابەت بێت، لەبەرئەوە هەموو نامەیەک دەخرێتە سەر نامەکانی تر، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی ژاوەژاوێکی بەرز کە ئەگەرچی دروست بوونی ئەم هەراو هوریایە زۆر زیاتری لە قەبارەی خۆی پێدراوە، چەند مانگێک بەر لە ئێستا بێرسێلی (Berselli) لە گۆڤاری لسبرسو لەووتارێکدا پرسی ئەوەی ووروژاند کە ئایا ئێمە تێبینی ئەوەمان کردووە ڕیکلامەکان وەک ڕابردوو هیچ کاریگەرییەکی بەسەرمانەوە نەماوە، چیتر کەس ناتوانێت ئەو باوەڕەمان لا دروست بکات کە ئەم تایتە لەویتر باشترە، لە ڕاستیدا هەموویان وەک یەک وان، لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا تاکە ئامرازێک بۆ قەناعەت پێکردنمان بۆ ئەم تایتە باشترە لەوانی دیکە ئەوبوو کە ژنێکی ماڵەوە دەردەکەت و دوو پارچەیان لە تایتەکە دەدایە دەست پاشان ئەویش رەتی دەکردەوە بەرامبەر بەوەی کە خۆی ئێستا بەکاری دەهێنێت، یاخود داپیرەکانمان پێیان دەوتین ئەم پەڵەو پیسییە بەم جۆرە تایتە نەبێت لێنابێتەوە، لەبەر ئەوە هەموو ئەو کۆمپانیایانەی ماددەی جل شتینیان دروست دەکرد، لە شەڕێکی مارکێتینی قورسدا بوون و هەمووشیان یەک پەیامیان هەبوو خەڵکێش هەمووی لەبەر کردبوو " ئومۆ جلە سپییەکان سپیتر دەکاتەوە"
ئەم کەمپینە بازرگانییانە دوو ئامانجی هەبوو، یەکەمیان دووبارە بەکارهێنانەوەی مارکەکەیە کە لە زۆر حاڵەتدا ستراتیژێکی سەرکەوتووە، ئەو کاتەی کە دەچووم بۆ بازاڕ و بە شوێن تایتدا بگەڕامایە، ئەوە داوای ئومۆ یان تایتی ئەسمینم دەکرد، چونکە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ دەبوو من ئەو دوانەم دەناسی، ئامانجی دووهەم ئەوەیە ئایا تێبینی ئەوەکراوە هیچ کەسێک گفتووگۆ لەسەر ئەم تایتانە ناکات کە ئاخۆ ئەمە لە قازانجی ئەو بووە یان دژی، ڕیکلامەکانی تریش بەهەمان شێوە بوو، هەروەک بێرسلی تێبینی کردووە کاتێک کە ریکلام بۆ مۆبایلێک دەکرێت ئێمە لە پێشکەشکارەکە تێناگەین باسی چی دەکات، خۆی لە ڕاستیشدا پێویست ناکات ئێمە بزانین ئەو باسی چی دەکات، چونکە ئەوە ئەو ژاوەژاوە چڕوپڕەیە کە مۆبایلەکەمان پێدەفرۆشێت.

من باوەڕم وایە کە کۆمپانیاکان دەتوانن بگەنە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی ڕیکلامەکانیان بۆ بەرهەمە تایبەتەکانی خۆیان، ئەوەش لەپێناو کەمپین و شێوازی ریکلامکردنێکی هەمەچەشن، کە ئامانجی بڵاکردنەوەی ڕۆشنبیری بێت لەسەر مۆبایل، بەجۆرێک ئەگەر تۆ هەڵسایت بەکڕینی مۆبایلێکی نۆکیا لەبری کڕینی مۆبایلێکی سامسۆنگ، ئەوە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە تۆ باوەڕت بەهەندێک شتی مۆبایلەکە کردوە کە ریکلامی تێدانییە، وەزیفەی سەرەکی ئەو هاژووهوژە ئیعلامییە هەمیشە بیری ڕووداوی ریکلامەکەت دەخاتەوە نەوەکو خودی بەرهەمەکە خۆی، هەر بۆ نموونە، بیر لە ریکلامێکی خۆش و چێژ بەخش بکەرەوە ـ هەندێکیان مایەی پێکەنین ـ وە بیر لەو بەرهەمە بکەرەوە کە تیایدا نمایشکراوە، زۆر بەدەگمەن ناوی ئەو بەرهەمەت دێتەوە یاد کە بابەتی ریکلامەکە بووە، ئەو منداڵەی کە ووشەی "Simmenthal" ی بۆ گۆ ناکرێت ـ کارگەی دروستکردنی گۆشتی مانگا ـ یاخود کەمپینی " نە مارتینی، نە ئاهەنگ" یان رامازوتی " Ramazzotti” بەلەزەت، ئا لەم جۆرە ریکلامانەدا ژاوەژاو وادەکات بە زەحمەت خەسڵەتەکانی بەرهەمەکە نمایش بکرێت.
ئێستا ئینتەرنێت بە بێ بوونی هیچ سانسۆرێک سیخناخ بووە لە بەرزترین ئاستی ژاوەژاو کە هیچ زانیارییەکی تەواوت پێنابەخشێ، یان ڕاستر بیڵێم زانیاری وەردەگریت بەڵام بەبێئەوەی کەمترین سەلماندن هەبێت تاوەکو راستگۆیی زانیارییەکان پشتڕاست بکاتەوە، پاشان لەسەر ئینتەرنێت بەشوێن تەواوی زانیارییەکەدا دەگەڕێیت، ئەوە بەتەنها خەڵکانی وەک ئێمەی ئەکادیمی و لێکۆڵەرەوەکانە دەتوانین ئەو زانیارییانە کۆبکەینەوە کە ئارەزوی دەکەین، لە کاتێکدا زوربەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت خەریکی گەرانن بە سایتی تردا یان کردنەوەی سایتە پۆرنۆکانن، لەوە زیاتر ناکەن و لەم حاڵەتەشدا یارمەتی ئەوەت نادات زانیاری باوەڕپێکراوت دەست بکەوێت.

بۆ زیاتر لێکۆڵینەوە لە مەسەلەی ژاوەژاو ئەگەر چی لەگەڵ ئەوەی بەلای سانسۆردا دەخزێت بەڵام لۆمە هەڵناگرێت، دەبێت ئاماژە بەو ڕۆژنامانە بدەین کە پێک هاتووە لە ٦٤ لاپەڕە، ٦٤ لاپەڕە! ئەمە گەلێک زۆرە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری سەرەتایی/ سەرەکی/ گرنگ و بەناوبانگ لەناو خوێنەراندا، هەندێک دەڵێن بۆیە ئەو ڕۆژنامانە دەکڕن چونکە ئەو شتانەی تێدا دەدۆزێتەوە کە بەلای ئەمەوە گرنگە، بەڵێ ڕاستە، هەرچەندە ئەمە ئەو نوخبەیە دەیکات کە دەتوانن و دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو زانیاریانەدا بکەن، بەڵام دەشبێت روونکردنەوەیەک هەبێت سەبارەت بەو ژمارە ترسناکەی ڕۆژنامەکەکان کە چیتر چاپ ناکرێن و ناخوێندرێنەوە، ئیتر نەوەی نوێ ڕۆژنامە ناخوێنێتەوە، ئێستا بە ئاسانی دەتوانێت ڕۆژنامەی جمهوری و ئەوانیدیکەش لەسەر ئینتەرنێت بکاتەوە، لەوێ هەموو ڕۆژنامەکان لەسەر تەنها شاشەیەکن، یان دەتوانیت ڕۆژنامە بەلاشەکان لە شەمەندەفەردا بخوێنیتەوە کە هەرچی هەواڵ هەیە ئەوان لە دووپەڕەدا کۆیان کردۆتەوە.

وەک دەرئەنجامێک بۆ ئەم ژاوەژاوە، سانسۆرێکی سەپێنراو هەیە کە لە دنیای تەلەفزیۆندا دەردەکەوێت، هەروەها لەو هەوڵانەش کە دروست دەکرێت بۆ ئابڕووچونی سیاسی و شتیتر، لەهەمانکاتدا سانسۆرێکی بەبێ ویستی خۆت و بکوژیشمان هەیە، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار بە شەرعی کراوە و ئەمەش لەبەر جۆری ئەو زانیاریانەی مەبەست لێی نمایشکردنی کۆی گشتی داهات و ئاستی فرۆشتن و شتی دیکەیە، لە وێشەوە ڕێگری لە بەخشینی زانیاری دەکات و دەیگۆڕێتە سەر ژاوەژاو، ئەمەش ـ من لێرەوە لە پەیوەندییەکانەوە دەچمە سەر ئەخلاق ـ سایکۆلۆژیاو ئەخلاقی ژاوەژاو پێک دەهێنێت، سەیری ئەو گەنجە بکەن کە بەسەر شەقامەکدا دەڕوات و هێدفۆنێکی کردۆتە هەردوو گوێچکەیەوە، ناتوانێت بۆ تەنها سەعاتێک لە ناو شەمەندەفەرێکدا رۆژنامەیەک بخوێنێتەوە یان چێژ لە سەیرکردنی دیمەنە سروشتییەکە ببینێت، بەڵام لەبری ئەوە لەسەرەتای گەشتەکەیەوە مۆبایلەکەی بەدەستەوەیەو نامەیەک دەنێرێت دەڵێت "ئەوە دەرچووم" لە کۆتایی گەشتەکەشیدا نامەیکیتر دەنێرێت دەڵێ " ئەوە گەیشتم".
هەندێک خەڵک هەیە ناتوانێت دور لە ژاوەژاوەوە بژی، لەبەر ئەم هۆکارە چێشخانەکان بوونتە شوێنی ژاوەژاو کە لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەکان یان پێکەوە لەگەڵ ژەنینی میوزیکدا نمایش دەکرێت، ئەگەر لە حاڵەتێکیشدا داوای کوژانەوەی تەلەفزیۆنەکە یان رادیۆکە بکەیت ئەوا خەڵک بە شێتت دەزانن، ئەم پێویستتیە لەڕادەبەدەرەی ژاوەژاو وەک ئالوودەبوونی مادەی هۆشبەر وایە، هۆکارێکە تاوەکو سەرنج نەخەیتە سەر شتێکی گرنگ و پێویست لە ژیانی مرۆڤدا، وەک " گەرانەوە بۆ ناوەوەی مرۆڤ!" بەڵێ نموونەی (سەینت ئۆگەستین) هەتاوەکو ئێستا بەردەوام دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ دنیای سیاسەت و تەلەفزیۆنەکان.

بەتەنها لەناو بێدەنگی خۆیدا، ناوەڕۆکی بەهێز و زانیارییەکان کاریگەرییان دەبێت، تەنانەت ئەو کەسانەشی کە ملکەچی سیستمە سەرکوتکەرە چاودێریکارەکانن، دەتوانن لە ڕێگەی قسەکردنەوە بزانن چی لە دونیادا دەگوزەرێت، وەشەنخانەکان دەزانن ئەو کتێبانەی دەچنە لیستی باشترین فرۆشەوە بەو ڕێگەیە دەبێت کە فەرەنسییەکان پێی دەڵێن " لە دەمەوە بۆ گوێ" نەک لەڕێی ریکلامکردن و ڕێڤیوکردنی کتێبەکانەوە، کتێبەکان لەڕێگەی قسە لەسەرکردنیانەوە سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، خۆ ئەگەر لە حاڵەتێکدا بێدەنگیمان دۆڕان، ئەوا فرسەتی گوێگرتنمان لە قسەی خەڵکانی دیکە دۆڕاندووە، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا دادەنرێت بە هۆکارێکی سەرەتایی و ئەوپەڕی باوەڕبوون بە مانای پەیوەندی بەستن.
لەبەرئەوە من دەمەوێت بەوە کۆتایی پێبێنم کە یەکێک لەو کێشە ئەخلاقییە دیارانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە، گەڕانەوەیە بۆ حاڵەتی بێدەنگی، وە یەکێکیش لە ئیشکالییەتە سێمینتیکیانەی کە پێویستە بە بایەخەوە وەریبگرین، لێکۆڵینەوەیە لە وەزیفەکانی بێدەنگی لە ڕووی پەیوەندیکردنە جیاوازەکانەوە، بۆ دیراسەکردنی دەلالەتی بێدەنگی کە ئەمەش دەبێتە ڕەمزێک بۆ خۆبەدوورگرتن و دوودڵی، دەکرێت لێکۆڵینەوە لە دەلالەتی بێدەنگی بکەین لە شانۆدا، لە سیاسەتدا، لە سیمینارە سیاسییەکاندا ـ یاخود بە مانایەکیتر ئەو بێدەنگییە درێژەی کە حاڵەتی تامەزرۆبوون دروست دەکات، یان هەڕەشە، یان پێکهاتن، یاخود تەنانەت ئینکاریکردن ـ هەروەها دەلالەتی بێدەنگی لە میوزیکدا، سەیرکەن چەند بابەتی پەیوەندیدارمان بە دەلالەتەکانی بێدەنگییەوە هەیە، لەبەر ئەوە داواتان لێدەکەم بە چاوی پڕ بایەخەوە لە بێدەنگی بڕوانن نەک لە ووشەکان.


PM:01:26:05/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی