یەکێتی و موتوربەی پۆپۆلیست!

‌سەردەشت حەمەساڵح

کەس سۆشیال دیموکراتی لەناو یەکێتیدا بیر نەماوە! بۆچی دارە سەوزەکەی نیشتمان موتوربەی پۆپۆلیستی دەکرێت؟ ئەو دارەی بەرێکی زۆری بۆ کورد دەگرت، ئەو داری ئازادییەی یەکێتی بەخوێنی رۆڵەکانی نەیدەهێشت وشک بێت و بڕیار بوو هەمووان لەژێر سایەیدا بحەسێنەوە، ئێستا دەیەوێ ئایندەی ئەو دارە بەرەو کوێ بچێ؟!
پۆپۆلیست بڕوای بەوە نییە کە دەیڵێ، بەڵام هەر دەیڵێ! یەکێتی دەبێ رون بێ، ناکرێ خۆت لە حکومەتدا بیت و لەولاشەوە بانگەشەی روخاندنی بکەیت! 

فەرموون ئەگەر حکومەتێکی تۆکمەتان دەوێ و رێچارەی نوێتان بۆ رزگاربوون لەم دۆخە پێیە پاڵپشتی بەرێز قوباد تاڵەبانی بکەن و دەست پێبکەن و سەری بخەن، گەرواش نییە بفەرموون دەستی ئەو هەڤاڵەو هەڤاڵەکانی تر بگرن و لە حکومەت وەرنە دەرەوەو بەرنامەو پلانە نوێکەتان بکەنە بانگەشەوەو داوای هەڵبژاردن بکەن و باوەڕ بەو خەڵکە بهێنن کە دەتوانن دۆخەکە باش بکەن.
بەڵام ئەم گوتارەی ئێستای یەکێتی کە فیت پۆپۆلیزمانەیە نەک سود بە دۆخەکە ناگەیەنێ، بەڵکو رۆژێک زیانەکانی ئەچنێتەوە. 

گریمان ئەو حکومەتەی کە بەخوێنی شەهیدان و هەزاران دەردەسەری و قوربانیدان هاتە بوون، ئێستا هەمووان جۆشی روخاندنی دەدرێن! گریمان حکومەت روخا، دەی خۆ دەبێ حکومەتێکی تر دروست بکرێتەوە، بەکام لۆژیک و بەکام بەرنامەرێژی و میتۆدی نوێ حکومەتی نوێ پێک دێننەوە! من هیچ گۆڕانکارییەکی جەوهەری نابینم، ئەوەی رودەدات تەنها لابردنی ئەحمەدەو هێنانی مەحمودە!ئەوەی رودەدات تەنها قسەی بێکردارەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانە. وێڕای خراپی دۆخی خەڵک، ئێستا بالۆرەی ناتەبایی مێشکی بردووین، لەکاتی وادا خەڵک دەبێ موراعات بکرێ، نەک باری دەرونی بشێوێنرێت.

ناکرێ لەبری چڵەگەنم و گوڵەکە، مایکی پۆپۆلیستی بدەیتە دەست دەستە سەوزەکەی ناو لۆگۆکە، گەر (مام جەلال)انە هەنگاو دەنێن، فریادرەس بن، رێبازی ئاشتییەکەی فەرامۆش مەکەن، هەرچەند چەپکە گوڵەکە دوای خۆی نەما! با ئاشتی و یەکڕیزییەکەی بمێنێ.
دەسەڵات لای پۆپۆلیست ئامرازێک نییە بۆ گۆڕینی سیستەم بۆ سیستەمێکی شیاوترو خاستر، بەڵکو بۆ مانەوەی خۆیەتی، جا کەی بوە یەکێتی لەپێناو مانەوەی خۆیدا ئەو رێگەیەی گرتۆتەبەر، هەرگیز؛ بەڵکو یەکێتی بەوە ناسراوە کە خۆی کردۆتە قوربانی بۆ مانەوەی خەڵک، مێژوو ئەوەی نوسیوە.

بفەرموون بۆ باشکردنی ئەم دۆخە نەخوازراوە، هەنگامی بینراو بنێن لەگەڵ پارتی و گۆڕان پێکەوە شانبخەنە ژێر کۆڵەکەکەو راستی بکەنەوە. بەڵێ راستی بکەنەوە چونکە لەهەر نۆ کابینەکەی حکومەتدا بەشدار بوون و بەڕێژەی خۆتان بەو کەموکوڕیانە مەحکومن.
ناکرێ پۆپۆلیزمانە جەماوەر فریو بدرێ، دواجار یەکێتیش خاوەنی ئەم وڵاتە بوەو ئەشبێ، ئایا هەنگاوو بیری نوێتان بۆ دەرباز بوون لەم پاشا گەردانییە چییە؟ 
توانیوتانە بەرپرسێکی باڵا لەسەر گەندەڵی، سزا بدەن؟
توانیوتانە نمونەیەکی نوێ دژی دزینی نەوت و خاڵەسنورییەکان بگرنەبەر؟

هاوڵاتی ئەم وڵاتە ئەمجارە پێشەکی دەوێت، دەنگدانێکی ناوێ لایەک پێنج کورسی زیادبکاو لایەک پێنج کەم بکات و حکومەتی هەمان تاس و حەمام دابنرێتەوە. خەڵک بەدیل شک نابات، بۆیە دەبێ خۆتان بەدیلی نوێ نیشانی خەڵک بدەن، ئەوەش بە پاکسازی و چاکسازی پێشوەختە دەکرێت، نمونە بخەنە روو هەتا خەڵک وەری بگرێ. ئێستا تەنها موچەخۆر نەفەوتاوە، بەڵکو کاسب و خەڵکی دوکاندارو ناوبازاڕیشی هاتۆتەسەر.

قۆرخی بازاڕ بکەنەوە، کەس کێشەی لە دەموچاودا نییە، خەڵک کێشەی لەگەڵ بەڕێوەبردن هەیە، لەهەرێمێکی سێ شاریدا هەزاران لیواو پەرلەمانتارو وەزیرو پارێزگارو چی و چی تر هەیە دۆخی خەڵک بەمجۆرەیە کە بەس دەسەڵات خۆی لەروی یەت سەیری بکات، کەواتە بفەرموون بینەرین، توانای بیستنمان نەماوە، هەنگامی کرداری، توڕەیی خەڵک ئەڕەوێنێتەوە، کەلەدەست دەرچوو تەنها پارتی لێی ناقەومێ، بایی خۆتان ئێوەش لێقەوماو دەبن.

ئەم نوسینەم لەسۆنگەی دڵسۆزییەوە بخوێننەوەو وەریبگرن، نەک وەڵامەکەی لە راگەیاندنەوە بەبارێ تۆمەتەوە وەربگرمەوە.


PM:02:50:26/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 3316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی