بەرپرس و ئەندام پارلەمانانی گۆڕان بێدەنگ بکەن

‌كه‌مال چۆمانی

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی قوڵی دارایی دایە. داهاتی هەرێمی کوردستان لە ٩٥٠ ملیۆن دۆلارەوە مانگانەوە دابەزیوە بۆ ٥٠٠ ملیۆن دۆلار.

حکومەتی هەرێم لە یەکی نیسان بڕیارە کۆبونەوەیەک بکات و دەستکاریکرانی مووچە رابگەیەنێت. ئەگەری هەرە لەپێش ئەوەیە ٤٥ یان ٥٠ رۆژ موچە بدات بێ هیچ بڕینێک بۆ ئەوەی وای نیشانبدات کە موچە دەستکاریی نەکراوە، دەکرێت هەر راشینەگەیەنێت تا موچەکە دابەشدەکرێت.

ئەوەی شەرعییەت دەدات بە حکومەتەکەی مەسروڕ بارزانیی و رێگەخۆشدەکات بۆ ئەو ناعەدالەتییە، بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرس و ئەندام پارلەمانەکانیەتی. رۆژانە خەریکی دۆزینەوەی رێگەچارەن بۆ قەناعەتپێهێنانی خەڵک. تا جارێک یەکێتییەک یان پارتییەک لێدوانێک دەدات، پێنج لێدوانی بەرپرس و ئەندام پارلەمانانی گۆڕان دەبینی.

هەموشمان دەزانین هێشتاش -بە بەراورد بە جەماوەری یەکێتیی و پارتیی- جەماوەرەکەی گۆڕان توڕەن لە حکومەت و دەتوانن فشارێکی گەورەتر بن لەسەر حکومەت، کەچی حکومەت بەرپرسانی گۆڕان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هەمیشە جەماوەری گۆڕان و جەماوەری کوردستان لەژێر کۆنترۆڵ بمێننەوە.

حکومەت لە کاتێکدا ئەوە بەرانبەر موچەخۆرانی خۆی دەکات، هیچ رێگاچارە و ستراتیژێکی نییە بۆر زگارکردنی هەرێمی کوردستان و ئابورییەکەی لەو قەیرانەی تێیکەوتوە. هەروەها، هیچ چارەسەرییەکی سادەشی پێ نییە بۆ ئەوانەی کار و کەسابەتیان لەدەستداوە یان بێکارن و لە دۆخێکی دارایی قوڵ دەژین.

نرخی نەوت پێدەچێت زیاتریش داببەزێت دوای ئەوەی عەمبارەکانی نەوتی وڵاتان پڕ دەبن. ئێستا زۆربەیان پڕبونە و کەشتیی بارهەڵگری نەوت بەکرێدەگرن بۆ عەمبارکردنی نەوت، هەربۆیە تا ئێستا نرخی نەوت زیاتر دانەبەزیوە. خواست لەسەر نەوت لە بازاڕدا بە رێژەیەکی زۆر کەمیکردوە، بەڵام خواستەکە زیاتریش کەمدەکات کاتێک عەمبارەکان پڕدەبن.

لەو دۆخەدا، پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی رادیکاڵ و چارەسەریی جدیی هەیە، نەک شەرعییەتدان بە ناعەدالەتییەکانی حکومەت کە بزوتنەوەی گۆڕان سەرمەشقییەتی. ئەگەر گۆڕان شەرعییەت نەداتە ئەو ناعەدالەتییەی حکومەت، بەدڵنیاییش یەکێتییش دەکەوێتە هەڵوێستێکی زۆر ئیحراجکەرەوە کە بە هۆی ئەو هەمو دابەشبون و ململانێیەی ناوی دەکرێت ببێتە فشارێکی گەورە لەسەر حکومەتەکەی مەسڕور بارزانیی.



PM:02:53:30/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی