ئامانج لە ریفراندۆمی‌ پارتی و یەکێتی چیە ؟‌

‌بەهادین نوری

ئامانج لە ریفراندۆمی‌ پارتی و یەکێتی چیە ؟‌
بەرژەوەندی‌ گەل و نیشتمان یان بەرژەوەندی‌ سەرانی دەسەڵات؟


بۆچەند رۆژێ دڵی‌ ئەم خەڵکە خۆشکرا بە بڵاوکردنەوەی‌ نەخشەرێگای‌ یەکێتی‌ ، بەو هیوایە کە سەرەتایەکبێ بۆگۆڕینی‌ ڕێڕەوی سیاسی ئەو حیزبە، بەڵام بەداخەوە، ئەم جارەش هەمان بەزمی‌ رێکەوتنەکەی‌ لەگەڵ گۆڕان دوبارە بوەوە. نەخشە رێگا کورتکرایەوە بۆ چڕکردنەوەی‌ هاوکاری‌ یەکێتی‌ و پارتی‌، بۆ جێبەجێکردنی‌ ریفراندۆم لەسەر پرسی سەربەخۆیی هەرێم کە بە ئاشکرا ئەمریکا و ئەوروپا و تورکیا و ئێران و بەغدا دژی‌ جیا بوو نەوەی‌ کوردستان بوون و سەرانی‌ پارتی‌ خۆشیان ئەمە دەزانن و دەڵێن؛ "ئێمە ریفراندۆم بۆ جێبەجێکردنی‌ راستەوخۆ ناکەین، دوایی دەستدەکەین بە دانووستان لەگەڵ بەغدا".

جا کە ریفراندۆمتان بۆ جێبەجێکرنی‌ ڕاستەوخۆنیە ئیتر پەلەتان چیە ؟ ئایا خۆتان نازانن ئەم هەرێمەتان بەچ حاڵێ گەیاندووە ؟ نازانن دەبێ لە پێشا ریفراندۆمی‌ کەرکوک و خانەقین و شنگال و مخمور، بکرێ کە مافێکی‌ دەستووری‌ ڕەوای‌ هەرێمە و 14 ساڵە ئێوە بە جدی‌ هەوڵتان بۆ نەداوە؟ نازانن کە پەرلەمانتان پەکخستووە و ئەمەش بەهیچ حاڵێک رێگە بە ریفراندۆمی یاسایی نادات! ئایا نازانن کە ناوماڵی کوردتان بەجۆرێ شێواندووە بەسەر یەکدا کە ئەم میللەتە ئامادە نیە بۆ هەراو بەزمی‌ ریفراندۆمی‌ سەربەخۆیی؟ بەرلەهەمووشت دەبێ ناوماڵی کورد ڕێکبخەن ، میللەت بە یەکڕیزی‌ داوا بکات ، نەک بەم پەرتوبڵاویەی‌ ئێستا .

ئەگەر دەتانەوێ میللەتتان لەگەڵبێ دەبێ بێدواکەوتن ئەم خاڵانە جێبەجێ بکەن :

١- کاراکردنەوەی‌ پەرلەمان، چونکە شتی‌ وەها دەبێ پەرلەمان بڕیاری‌ لەسەربدات.

٢- گۆڕانکاری‌ پێویست لە دەزگای‌ حوکمڕانی‌ هەرێمدا بە پێی نەخشە ڕێگاکەی‌ یەکێتی‌ .

٣- تەسلیمکردنی‌ فایلی نەوت بە پەرلەمان و وەزارەتی‌ دارایی و شەفافیەتێکی‌ راستەقینە .

٤- لابردنی‌ پاشەکەوت و دابەشکردنی‌ مووچە بە تەواوی‌، بەکەڵەکەبووی‌ پاشەکەوتیشەوە .

٥- دروستکردنی‌ لیژنەیەکی‌ بێلایەن بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵکاری‌ ساڵانی‌ رابوردوودا .


جا ئەم خاڵانە جێبەجێدەکەن یان بە راشکاوی دەڵێن :
- ئێمە ریفراندۆممان بۆ بەرژەوەندی تەسکی سەرانی هەردوو حیزبەکەمان دەوێ . 

ئەم ریفراندۆمە دەبێتە هۆی زیانی زۆر گەورە نەک هەر لەمیلەتەکەمان، بەڵکو لە پارتی و بەتایبەت لە یەکێتی و دوور نیە کێشەکانی یەکێتی بگەنە تەقینەوە .


AM:11:58:05/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 5604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی