چارەنووسی لاڤان لەدوای دادگا

‌ئارەزوو نوری

به‌شێكمان به‌ ئه‌ندازه‌ی جیاجیا نەمانتوانی لەئاست ئەو دڕندەییەی دەرهەق بە کچۆڵەیەکی هەشت ساڵان کرا بێ دەنگ بین، بێ ئەوەی بیرمان بۆ ئەو بچێ کە ئایا دوای بردنەوەی دۆسیەکە چارەنووسی لاڤان و باوکی لەنێو بێ ویژدانی چاوی کۆمەڵگە چییان بەسەر دێت..

ئایا لاڤان کاتێ ئەچێتەوە قوتابخانە هاوڕێ و مامۆستاکانی چۆن لێی ئەڕوانن؟ ئایا دراوسێ و خزم و دۆست چی دەربارەیان دەڵێن؟ هەروا سانا لێیان دەگەڕێن بە ئارامی بژین؟ نەخێر بگرە سەد خاوەنی لێ پەیدا دەبێ کە چیتر ئەو (پاکیزە) نیەو دەبێ کارێک بکرێت و دووبارە لاڤانی بچکۆڵ بێ ئەوەی لە شتەکان بگات دووبارە مات و مەلول نازانێ لە بن باڵی کێ خۆی حەشاردات..

تکایە با کار لەسەر ئەوە بکەین لاڤان و باوکی دوای بڕیاری دادگا و یه‌كلابوونه‌وه‌ی دۆسییه‌كه‌ی بنێردرێنە دەرەوەی وڵات بۆ فەراهەم کردنی ژیانێکی ئارام لەپاش ئەو هەڵایەی ئێستا تێیدا دەژین، پێویستە لاڤان لەلایەن پسپۆڕی تایبەت دەروونی و جەستەیی چاره‌سه‌ر بکرێت و لەوێ ژیانێکی دوور لەقسەو ناوو ناتۆرەی بۆ دابین بکرێ..

تکایە با ئەمجارە فشار بخەینە سەر حکومەت بۆ کارکردن لەسەر چوونیان بۆ دەرەوەی وڵات و دوور لەهەڕەشەی کەسوکاری تاوانباران و دوور لە تێڕوانینی ناشرینی کۆمەڵگە بۆ ئەم خێزانە..


AM:09:10:23/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 4704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی