لە رووناکییەوە بۆ تاریکی! بەشی -51-56

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


لە رووناکییەوە بۆ تاریکی!
بەشی -٥١-.
لای ئێوارەبوو، دەنگی کردنەوەی دەرگا هات، دوو پاسەوان بەدوو مەنجەڵی  گەورەوە هاتنە ڕاڕەوەکەی نێوەندی  ژوری زیندانیەکانەوە، دەرگای ژورێکیان کردەوەو زیندانییەکیان هێنایە دەرەوە، کابرایەکی قەڵەوی سپی پێستی چاوشین بوو، بەسەروسیمایا وادیار بوو زۆر دەمێک بوو  خۆر لێی نەدابوو، کابرا دەستی کردبەدابەشکردنی خواردن بەسەر ژورەکاندا، نۆرەی ژورەکەی ئێمە بوو، هاتەپێشەوەو نزیک شیشبەندی ژورەکەمان، دەستی کرد بەپرسارکردن، لەگەڵ دابەشکردنی خواردنەکە ماوەیەک گفتوگۆمان کرد، پاش تەوابونی کارەکەی  پاسەوانەکان کابرایان بردەوە بۆ ژورەکەی خۆی و  مەنجەڵەکانیشیان بردەوە، دیار بوو هەرئەوە بوو کارەکەی.
ئەم زندانییە ناوی سفوگ بو، بە ئەبو عجیل بانگیان ئەکرد، خەڵکی عۆجە و یەکێک بوو لەخزمەکانی سەدام، پێشتر ئەفسەری یەکێك لە دەستگاکانی رژێم بووە لە وڵاتی مەغرب بەدزی رژێمەوە کاری ئاڵوگۆڕی دۆلاری کردوە، کەپێی ئەزانرێت سەدام داوادەکات لەسێدارەی بدەن ، ڕاستە بڕیاری لەسێدارەدانی لەسەربوو بەڵام چەند ساڵێک بوو لەوێ بوو بەبێ ئەوەی بڕیارەکەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت، ئەو بەتەنها لەژورێکدا بوو، مامەڵەیەکی تایبەتی وجیاوازی  هەبوو لەگەڵ زیندانیەکانی دیکە، ئەگەری ئەوەیان بۆ دائەنا کەڕۆژێک سەدام بریاری لێبوردەیی بۆدەرکات و دەچێتە دەرەوە، لەکۆتاییدا هەروا بوو بڕیاری لێبوردەیی بۆ دەرچوو.
سفوگ زۆر رقی لە شیعە بو بەقسەی خۆی کوردی خۆشئەویست، زانیاری زۆری هەبوو دەربارەی بڕیارەکان و ڕوداوەکانی ژوری لەسێدارەدان، ئاگاداری ڕۆژەکانی جێبەجێکردنی  لەسێدارەدان بوو کە رۆژەکانی  شەمەو چوار شەمەبوو، هەروەها کێ لەسێدارە دەدرێت، هەرلەڕێگای  ئەویشەوە زانیم ملازم سەعد( ئەبو یسار) لێرە لە سێدارە دراوە. 
 پەیوەندییەکی باشمان دروستکرد، هەردەرفەتێکی بۆ بڕەخسایە ئەهاتە لای من و لەبەر ئەوەی خەوی زۆر ئەبینی پێی خۆش بوو خەوەکانی بۆ شیکەمەوە، منیش هەوڵم ئەدا هیوای بدەمێ، ئاخرمن خۆم کەمێک شارەزاییم هەبوو لەڕوانگەی فرۆیدەوە لەشیکردنەوەی خەودا، وە هەروەها ئەو هەستەشم هەبوو  کە کاریگەری دەرونی هەیە لەسەر مرۆڤەکان، هەرچەندە من بۆخۆم هیچ بڕوام پێنەبوو لەدیدی غەیبیەوە.
 وای لێھات هەرکەسێک خەوێکی دەبینی  داوای لێکدانەوەی خەوەکەی لەمن ئەکرد، ھەرچەندە من ئەموت  نازانم بەڵام سودی نەبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی نەسروڵا خەوی بینی بوو، گوتی لەخەوەکەما ریشم پاك تاشی منیش گوتم ئەگەر سەریشت بتاشیایە ئەوا یەکسەر ئەرۆشتی بۆ ماڵەوە، بەلام ئێستا حوکمەکەت ئەگۆڕدرێ، دوو کاتژمێری  نەبرد درگا کرایەوەو ناوی نەسرولا و موحسنیان خوێندەوەو دوای ئەوە بردیانن، لەدوایدا زانیمان کەپاسەوانەکان لای سفوگ باسیان کردبوو کەهەردووکیان مەرسومیان بۆ دەرچووە، حوکمەکەیان لە سێدارەوە گۆڕاوە بۆ هەتا هەتایی.


به‌شی‌ 52

لەم ڕۆژانەدا تەنها باس و هەواڵ لە سێدارەدانی بازۆفت و عبدوالزھرەیە .
فەرزاد بازۆفت رۆژنامە نۆسێکی بەریتانی بە رەچەڵەك ئێرانی بوو،  کاری ڕۆژنامەوانی بۆ رۆژنامەی ئوبزیرڤەری بەریتانی دەکرد، فەرزادو کۆمەڵێک ڕۆژنامەوانی دیکە  لەلایەن دەسڵاتدارانی ئەوکاتەی عێراقەوە لەساڵی ۱۹٨۹بانگگێش کرابوون بۆ چاودێری کردنی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزی ئەوکاتەی کوردستان، لەوکاتەی ئەو لەبەغداد ئەبێت تەقینەوەیەك  لەتصنیع عەسکەری لە ئەسکەندریەی نزیک شاری  حللە ڕوئەدات، فەرزات ئەچێت بۆ شوێنی تەیقنەوەکە بۆ ئەوەی وێنەی ڕوداوەکە بگرێت، لەکاتی گەرانەوەدا لە فرۆکە خانە ئەیگرن بە وێنەکانەوە ولە تەلەفزیۆن پێشانی ئەدەن کەگوایە جاسوسی ئیسرائیلەو دانی ناوە بەتاوانەکەیدا، هەرلەسەر ئەودانپێدانانەی لەسێدارە ئەدرێت لە ١٩٩٠/٣/١٥ کەئەکاتە یەک ڕۆژ پێش دەسپێکردنی مانگی ڕەمەزان.
  عبدوالزھرە شگارەش قاید فرقەی بۆ بە تاوانی ئەوی لە دانیشتنێکدا نوکتەی لەسەر سەدام کردووە، ئەویش بەهەمان شێوەو لەهەمان کاتدا بەئەمری سەدام حوکمی لە سێدارەدرانی ئەدەن و جێبەجێش دەکرێت، عبدوالزھرە پێشتر لەوژورەدا بووە کەمن تیایدا دەژیام، لەژورەکەدا بەتانیەک، خاولییەک و  دەستەسرێکی بەجێ هێشتبوو، منیش دوای ئەو بەکارم ئەهێنا، هەتا ئێستا دەستەسڕەکەی و ھەندێک تاڵە داوی خاولیکەی لای من ماوە، دواتر لەگەڵ بەردەوامی نوسینەکانمدا زیاتر تێدەگەن کەهۆکاری چییە کە ئاماژە بەمە ئەکەم .
ئەوەی لەو رۆژەدا تێگەیشتین ئەوە بوو کەلەمانگی ڕەمەزاندا کەس لەسێدارە نادرێت، هەر زۆر دەگمەن و تایبەت نەبێت،  بەو واتایەی بڕیاری لەسێدارەدان ئەنجام نادرێت تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان .

بەشی -٥٣-
هەمیشە مرۆڤ لە بارۆدوخە دژوارەکان و لەبێدەستەڵاتیدا پەنا بۆ رزگار کەرێك دەبات، چ جا لەزینداندا ولە نێوەندی چوار دیوار ولەبێبەشکردنی لەگرنگترین مافەکانی وەک  مرۆڤ کە ئەویش ئازادییە، بێجگە لەدوریت لەخۆشی و خۆشەویستانت  دور لە( دایك٫باوك ٫خۆشك٫برا٫ مناڵ، ھاوسەرو هاوڕێ)
دوور لە خێوندنەوە، گۆرانی و موزیک، خواردن، خواردنەوە،
بە بەردەوامی ئازاری جەستە، دڵە راوکێ و لەسەو هەموشیانەوە ئەشکەنچەی دەرونی، ئەوەش باش دەزانیت کەهەموو ئەمانەو چارەسەرەکەی و تەنها رزگارکەر لەدەرەوەی زیندانە،  هەرئەو هۆکارانە بوو کەزۆربەی زیندانیەکان پەنایان دەبرد بۆ نوێژو ڕۆژو بەواتایەکی دیکە نزیکبونەوە لەخودا ، تەنانەت ئەوانەش کەڕوژانێک هیچ بڕوایەکان بە ئاین  نەبوو دەستیان دابوە نوێژکردن و ترسی خوالەدڵگرتن، ئەم باوەڕەش یان وەک ڕزگارکەرێک یاخود لە ترسی نزیک بونەوەی لە ماڵئاوایی لەژیان ، هەرچەندەئارەمییەکی دەرونی و هیواو ئومێدو و چارەسەرێکی کاتیش بووبێت خراپ نیە لەو نائۆمێدیەدا.
 هەندێکیش  بەناچاری، ئاخر بۆ دورکەوتنەوە بوو لە نامۆیی ناو زیندانیەکان هەروەها خۆ ڕزگارکردن لەفشارو پرسیارو وەڵامدانەوە لەلایەن باوەڕدارەکانەوە.
ئێستا مانگی رەمەزانە و ئێمەش لەبەشی لەسێدارەدانین، ھەموومان چاوەرێ مردنین تەنھا چەند ئەگەرو ئۆمێدێکی لاواز نەبێت کەئەویش لێبوردنی گشتی بوو، زۆرجار لێبوردنی گشتی  ئەوانەشی ئەگرتەوە کەسزای لەسێدارەنیان هەبووە، ئەم ئەگەرش زۆر لاواز بوو چونکە پێشتر لەمانگی سێپتەمبەری ساڵی  ١٩٨٨ لە دوای ئەنفال و راگرتنی شەری ئێران-عێراق  لێبوردینێکی گشتی دەرچوبوو،
 ئەگەری مەرسومی کۆماری «مرسومٌ جمهوري» هەرچەندە تایبەتمەندی بریارەکانی «محکەمەی ثورە»  یەکلاکەرەوەبوو واتە تەمیزی نەبوو، بەڵام فایلی ئەو کەسە ئەرۆیشت بۆ کومیتەیەک کە پێیان ئەوت «السلامە الوطنیە» تێبنیەکیان لە سەر ئەنوسی پێش ئەوەی بڕوات بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، بەپێی یاساش ئەبێت سەرۆك کۆمار واژۆی بکات، ئالێرەدا ئەگەر یەکێك واستەیەکی بەھێزی ھەبوایە سزاکەی بۆ ئەگۆردرا، یاخود بە فشارێکی دیبلوماسی لەدەروەی وڵات،یاخود گفتوگۆی سیاسی، لەهەمان کاتدا مەزاجی  سەدام لەوڕۆژەدا دەیتوانی ئەگەرێک بێت بۆ گۆڕینی سزاکە.
ھەر ھەموو بەرۆژو بوون، بەردەوام نوێژکردن و قورئان خوێندن و لەخودا پاڕانەوە،  نەکتێب نەڕۆژنامە بوونی نەبوو لەوێ تەنها چەند پەرتوکێکی قورئان نەبێت.
لەنێوەندی ئەو حەشامەدا بەتەنها من و محسن دەزەیی نە نوێژمان دەکردو نەبەڕۆژویش دەبووین، من بۆخۆم هەروەک ڕۆژانی ئاسایی نانم دەخوارد، موحسن نانی نەئەخوارد بەڵام  پێش رۆژو شکاندن بە پێنج دەقە پەرداخێک ئاوی دەخواردەوە، لێم پرسی بۆ  وا دەکەیت؟ دەیگوت  باوانەزانن هۆکاری برسێتییە توانام نیە بەڕۆژوو بم، ئەتوانم و بەڕۆژوش نابم.
من قورئانم نەئەخوێندەوە بەڵام موحسن قورئانی ئەخوێندەوەو  باسی لەو ناکۆکی و ھەڵەکانی دەکرد کەلە قورئاندایە .
ئەمووت لێیان گەرێ ، پێویست ناکات لەم کاتەدا خۆت ماندوو بکەیت بۆئەوەی ئاوانە تێگەێنیت، وازیان لێبێنە با بەبڕواوە بەرەو ڕووی مەرگ ببەوە هیچ نەبێت با لەم بێهیواییەوە تۆزێک ئومێدیان هەبێت و دڵخۆشکەر بێت بۆیان، بابەو بروایەوە کەهەیانە بەرەو رۆی مەرگ ببنەوە ورەیان مەرۆخێنە ئەمە دوا ئۆمێدیانە ئەوان لایان وایە کە دونیایەکی تر ھەیە ، ئەو ئەیووت نا بابەنەزانی نەمرن.
بروایەکی وایان لادروست بوو بوو کەگوایە ئەوڕۆژەی لەسێدارە ئەدرێن نانی ئێوارە لەبەهەشت دەخۆن.
من بەهەمیشەیی خۆم بەدوور دەگرت لە گفتوگۆی ئایینی ، پێم وابوو باشترە ئەوانە بەئومێدەوە بەرەو ڕووی مەرگ ببەوە، من پێم وابوو نەک ئەوان هەموو مرۆڤێک و بەتایبەتی لەوکاتە دژوارەنەدا پێویسی  بە بڕوایەک هەیەبۆ خۆڕاگری، منیش بێبەش نەبووم لەبڕوایە مەگەر منیش بیروباوەڕەکەم نەبوو ڕاپێچی ئەو شوێنەی کردبووم و هیوا ئومێدو بڕوا بەخۆبوون و خۆڕاگری پێبەخیشبووم، ئەوانیش بڕوا ئاینییەکەیان، ئەوکاتە بۆئەوان  مردن نەبوو لەسێدارەدان تەنها بلیتێک بوو بۆ بەهەشت، بۆ منیش هەڵوێست و گیان بەختکردن لەپێناوی بیروباوەڕەکەم و نیشتیماندا بلیتی خۆشگوزەرانیە بۆخۆشەویستانم و هاوبیرو هاونیشتیمانیەکانم. 
لەگەڵ ئەو هەموو بڕواداری و ئومێد بەخشینەوەی ئەواندا  من  هیچ کات ئەو بڕوا ئایینیەی ئەوان نەچوو بە مێشکمدا و هیج کات بڕوام بە زیندوو بونەوە نەبوو.

بەشی -٥٤- .
ئەوە بوو من و محمد قڕگەیی لە یەك رۆژدا سزای لەسێدارەدانمان بۆ دەرچو بوو، هەردووکمان لەژورێکدا دەژین، دوای ماوەیەکی کەم ئەتوانم بڵێم دوو تاسێ ڕۆژ محمد باش بوو، دیار بوو کە لەتاسەی سزاکەی دەرچوبێت و وردە وردە ڕازیبێت بەو بارەی کەتیایەتی. 
محمد کوڕێکی ساکاری رۆحسوکی قسەخۆش هەروەها دەنگیشی خۆش بوو، زۆربەی گۆرانی و سرودەکانی دەزانی، من بۆخۆم هەرچەندە دەنگم خۆش نیە بەڵام گۆرانیم زۆر پێخۆشە، بەهەمیشەیی هانم ئەدا گۆرانی و سرود بڵێت، هەرچەندە ئەوانەی کەلەژورەکەماندا بوون گۆرانی ووتنیان لاخۆش نەبوو، بەمحمەدیان دەوت گۆرانی حەرامە تۆ چۆن گۆرانی دەڵێیت و نوێژ دەکەیت و بەڕۆژودەبیت، بەلام وا دیار بوو هەستی کوردایەتی و نیشتیمانی و هونەری ولەهەمان کاتدا هاندانی من و نەسروڵا و موحسن و هەرێم بێجگە لەوەی ڕێگایەکی زۆر چاک و کاریگەر بوو بۆ دەربڕینی ئەندێشەکان وای لەمحەمد دەکرد بەردەوام بێت لەگۆرانی چڕین. 
 ھەمو رۆژێك لە کاتێکدا کەبەگونجاومان بزانیایە دەستمان دەکرد بەسرودو گۆڕانی ووتن ئەوی راستی بێت ئێمە نەئەترساین لە شکاتکردن ئاخر پشتمان بە سفوگ ئەستور بوو.
هەرلەڕێگای سفوگەوە هەرێممان گواستەوە بۆ ژورەکەی خۆمان، ئیترئێمە لەژورەکەمان بووین بەسێ کورد و پێنج عەرەبی شیعە، ھاوڕی جەوھەر و نسرولا و موحسن لەژورەکەی بەرامبەرمان بوون.
ھەر کاتێک گونجاو بوایە ئەکەوتینەقسەکردن، بەسەرهات و نوکتەمان دەگێڕایەوەو باسمان لەسیاسەت و باری کۆمەڵایەتیش دەکرد.
 ھەرێم و محەمەد توانیان بە ھەوێری ناونان و بە تێکەلاوکردنی لەگەڵ تڵپەچاو سابوون دۆمینە دروست بکەن، کاتێکی باشیشمان بەیاری دۆمینەوە بەڕێدەکرد. برادەرەکانی ژورەکەمان پێیان ناخۆش بوو ئاخر ڕوبەری  ژورەکەمان زۆر تەسک بوو بەڵام ئێمە گوێمان پێیان نەئەدا،  ھەرچەنە سفوگ ئەیوت ئێستا زۆر باشترە ئاخر پێشتر ژووری   سێ ئەوندەی تێدابووە، ژورەکانی سەرەوە چۆڵ بوون بەڵام  پاسەوانەکان بۆ کارئاسانی خۆیان یاخود بۆ ماندوکردنی ئێمە دابەشیان نەئەکردین بەسەر ئەو ژورە چۆڵانەدا ئەوەش بەشێک بوو لە ئازاردانی دەرونی.
 ئاودەستی ژورەکەمان بێ دیوار بوو ھەرچەندە زۆر ھەولەمان ئەدا کەسابون بشێلین وەك ھێلمی لێبێت هەتا پارچەیەک پەرۆ یان بەتانی هەڵواسین تا ببێتە پەرژینێک لەکاتی سەرئاو ودەستنوێژگرتندا.
زیندانیت! دوری لە هەمو شتێك و باری دەرونیت ناگیرە ئەمە هۆکاربوون بۆ خەوبینینێکی زۆر و خەوی  سێکسی واتە بەقەولی خۆمان (شەیتانی بوون) خۆ خۆشتن و غوسڵ دەرکردن پێویست بوو دوای ئەوبەسەرهاتە،  ئەگینا نوێژو ڕۆژوەکان قوبوڵ نەبوون، زۆربەی زیندانیەکان توشی  نەخۆشی گەڕی بوون، ئەوە بێجگە لە ئەسپێ، هەریەکێکمان بەلایەنی  کەمەوە ساڵێك بوو لەزینداندا بووین،  نەبونی ھەتاو ئاوی گەرم و ھەلی خۆشتن،  تەسکی   جێگاو نەبوونی دەرمان، لەگەڵ ئەمانەشدا هۆکاری سەرەکی نەخۆشیەکان ئەشکەنجەی جەستەیی و دەرونی بوون .
زۆربەی کاتەکان گوێبیستی  قورئان خوێندن بووین، لەهەمان کاتدا گریانی زیندانیەکان  لەژورەکانەوە، یەکێک ئەیوت من بێ تاوانم، ئەویتر مناڵەکانم بێ کەس ئەمێننەوە دوای لەسێدارەدانم بەبەردەوامی لەهەوڵی دڵدانەوەی یەکتریدا بووین.
یەکێک لەزیندانییەکان ئەیوت من محەمەدی مەھدیم لەسێدرەنادرێم، دوای ماوەیەک  موخابەرات ھاتن و  بردیان نەمان زانی بۆ کوێ!!
 ھەتا ئەھات ژمارەی زیندانیان لەزۆربوندا بوو بەڵام کەس لەسێدارە نەئەدرا بەهۆکاری مانگی ڕەمەزان .       

    
بەشی -٥٥-
خواردن لێرە باشە بەبەراورد بە ئەو شوێنانەی کە پێشتر لێی دەستبەسەر بووم، بەتایبەتی پێش دەرچونی سزای لەسێدارەدانم، ماست و کەرەو شیری کارگە ابو غرێب، وەهەروەها هەندێک ژەم گۆشتی مریشک بوو.
لە بەندیخانەی ئەبو غرێب دوو بەشی لە سێدارەدانی لێ بوو،  بەشەکەی ئێمە کەبەشی سیاسی بوو، ھەڵبەتە لای رژێم ناوەکەی بەشی (جرائم امن الدولە) واتە تاوانەکانی ئاسایشی دەڵەت، بەشەکەی دیکە هەرلەتەنیشت ئەم بەشەی ئێمەوە بوو بەشی تاوانی جنائی بوو، گەلێک جیاوازی هەبوو لەنێوان مافی زیندانیەکانی ئەم دوو بەشە. 
زۆرینەمان بەهۆکاری بیرباوەڕوکاری سیاسی و هەڵوێستمان سزادرابووین، هەرچی ئەوانە دیکەیە بەهۆکاری کوشتن و دزی و بەرتیل و دەست درێژی و تاوانەکانی دیکە سزادرابوون، ھەرچەندە ئەوانیش بۆخۆیان  قوربانی دەستی دواکەوتوویی کۆمەڵگاو خراپی پەروەردەو نەبونی داد پەروەری کۆمەلایەتی و شەر بوون.
ئەوان بۆیان ھەبوو دادگاییان بۆ چەند جارێک دووبارە بکرێتەوە واتە(تەمیز)، هەروەها بۆی هەبوو سزاکەیان  بگۆڕدرێ تەنانەت هەندێ کات بێتاوان دەرئەچوون هەرچی ئێمەیە ئەم مافەمان نەبو.
ئەوان تا ئەو رۆژەی لە سێدارا ئەدران مافی دیداری کەس وکاریان ھەبوو، ئێمە لەو رۆژەوەی ئەگیراین ئەم مافەمان نەبوو.
 ئەوان لە دوای لەسێدارەدیان  تەرمەکانیان  ئەدارایەوە بە کەسوکاریان، ئێمە بەدەگمەن و بەپێی باری سیاسی وڵات ئەگەرێکی لاواز هەبوو بۆ دانەی تەرمەکانمان بەکەسوکارمان، زۆرتر نەئەدرایەوە.
زۆر جار زۆربەمان ئیرەییمان   بەوان دەبرد بێگومان لەڕووی مافەوە نەک هۆکاری سزادانەکەمان.
هەرە ئاواتە گەورەکەمان ئەوەبوو پێش لە سێدارادانمان کەس و کارمان ببینین و  دواماڵئاواییان لێبکەین، بەڵام ئەم ئاواتە نەئەھاتە دی هەربەو هۆکارەوە بوو هەندیک کاری سەرەتاییمان دەکرد بۆ نوسینەوەی ئەو وەسیەتانەی کەپێمان خۆش بوو دوای لەسێدارەدانمان بگاتە دەستی کەس و کارمان، وەسیەتەکەمان لەناو جلەکانماندا ئەشاردەوە بەوهیوایەی جەلادەکان نەیبینن، بەڵکو ئەوکاتەی تەرمەکەمان ئەدەنەوە بەکەسوکارمان لەکاتی شتندا بیدۆزنەوە، ئەوە بۆخۆی ئەگەرێکی زۆر لاواز بوو، بەڵام ئێمە ئەو هەوڵەی خۆمان ئەدا وەبەشێوازی جیاواز وەسیەتی خۆمان دەنووسی.
 ھەندێك پاکەتی شیرەکانیان بەکار ئەھێنا بۆ ئەم مەبەستە، بەم شێوەی کە باسی دەکەم :پاکەتەکەیان ئەکردەوەو لەلایەکەوە قراغەکانیان لێئەکردەو وەك کارتونێکی تەنکی لێئەھات، دیوێکی لایلونێ پێوەبوە لەژێر لایلونەکە سلیفۆن بوو، ئەگەر بەئامڕازێکی نووك تیژ لە سەری بنوسرێیت خەتێکی رەش دەرئەکەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئێسقانێکی مریشك یاخود ناوکی خورمایان تێژ ئەکردەوە وەك پێنوس بەکاریان ئەھینا، دوا وەسیەتی خویان پێی دەنوسی.
من بۆخۆم بیرێکی ترم بۆ ھات: دەرزییەکم لە ئسقانی مریشك دروستکردو تاڵە داوم لە خاولییەکەی عبدولزھرە شکارە دەرھێناو لەسەر دەستەسڕەکەی ئەو ئەم وسیەتەم نوسی، هەڵبەتە چنیم و بە دیوی ناوەوەی فالینەکمدا دوریمەوە.
             ٭٭٭٭٭٭
بۆ دایك و باوکی بەڕێزم و خۆشەوستم، خوشك و برا ئازیزەکانم ..کاتێك ئەم نامەیەتان بەدەست ئەگات من ماڵئاوایم لە ژیان کردوە، داواکاریم لە ئێوەی ئازیز ئەوەیە غەمباو نیگەران نەبن، ئەم  رێگایە خۆم ھەڵم بژاردوەو ئەمزانی ئەمە ئەنجامەکەیەتی.
 ھەموو مرۆڤێك مردنی لەسەرە بەڵام ھەموو کەسێك ئەم مردنەی منی دەست ناکەوێت .... لێم ببورن ئەگەر بەدرێژای ژیانم ئەرکێکی گران بووبم لە سەرتان، بەداخەوە نەم توانی پاداشتان بدەمەوە، لە بەر ئەوەی من ئەرکێکی گەورەترم لەسەر بوو، زۆر سەرم بەرزە بەئێوە، بەوهیوایەم منیش  توانیبێتم سەربەرزیتان بۆ بەجێ بهێڵم.
 یەکێتی خێزانەکمان ببارێزن  ڕێز ی دایك و باوکم بگرن، سڵاوم ھەیە بۆ ھەموو لایەك.
بۆ زانای ھاوسەرم...کاتی لێدان و ھەڵواسینم لەتاو ئازاری گیانم ئەمویست نەهێنیەکانی دڵم بدرکێنم، بەڵام ئەوکاتەی وێنەی تۆ وکەسانی ئازیزم ئەھاتە بەرچاو، ئەموت نا نەکەیت بیدۆرێنیت دوا سامانی ژیانت.
گوڵەکم  ئەبێت لێم ببوریت من زۆر قەرزارتم، بەتەمابوم رۆژێك بێت  بتوانم پاداشی ھەڵوێستە جوانەکانت بدەمەوە.
 لێردا ھەڵبەستەکەی گورانت پێشکەش ئەکەم(بڵێن بەبوکی یەك شەوە) ھەستی خۆمی تێدا ئەدۆزمەوە بەرامبەرت .
گوڵەکەم وابزانم ئێستا دایکی منداڵێکی،  ھیچ سامانێکم بەجێ نەھشتوە بۆتان تەنها سامانی سەربەرزی و شانازی نەبێت.
ئازیزەکەم پێمخۆشە بەو شێوەیە ژیانی خۆت بژی کە بەختەوەری خۆتی تێدائەدۆزیتەوە، داواکاریم پاراستنی خۆت و ناوتە، خۆشم ویستی تا دوا ھەناسەم، ڕێزم ھەیە بۆ ماڵەوەتان بەتایبەتی دایکت، چاوای ئامانج و کەیفی و نەورۆز ماچ ئەکەم، ڵێم ببورە.
ژوری ئعدام ١٩٩٠/٥/٦  رزگار.

لەڕووناكییەو بۆ تاریكی .! بەشی -46-50


AM:10:51:01/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 3568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی