لە‌ رووناكییە‌وە‌ بۆ تاریكی .! بە‌شی 35- 38

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


نزار مستەفا چاوجوان، میوانی تەنها شە‌وێکی من بوو، بۆ ڕۆژی دوایی بردیان.
دیار بوو لە‌گە‌ڵ دەستگیرکردنیدا، بواری ئە‌ویان بۆ نەڕەخسابوو، ڕاستەوخۆ لێكولینە‌وی لە‌گە‌ڵدا ئەنجام بدەن، یاخود ڕەنگە نە‌یانویستبێت تێكە‌ڵاوی زیندانیە‌كانی دیکەی بکەن لەهۆڵە گەورەکەدا، لەکاتێکدا کە ژووری ئنفرادی چۆڵیان نە‌بوبێت، بەبڕوای من ئەو هۆکارانە بوو کە مەجبور بوون، نزار بیهێننە ژورەکەی من.
لە‌ ڕووی دە‌رونییە‌وە بۆ من زۆر باش بوو، ئاخر من پێویستیم بەیەکێک هەبوو ئاوا ڕاستەوخۆ و بەوجۆرە و لەنزیکەوە، قسەی لەگەڵدا بکەم، بە بۆچونی من لەهەمان کاتدا بۆ ئەویش قسەکردن لەگەڵ یەکێکی دیکەدا گرنگی خۆی هەبوو، 
لە دواییدا دە‌ركە‌وت کە، نزار یە‌كێك بوو لە‌و چواردە‌ ھاوڕێیە‌ی‌ بتلە‌ گازە‌كە‌.
چە‌ند رۆژە‌ بانگم ناكە‌ن، ھە‌ست دەكە‌م قۆڵە‌كانم باشتر بوون، توانای جوڵاندیانم هەیه، بیرم لەوە كردە‌وە‌ کە، ژوورە‌كە‌م كە‌مێك پاكژ بكە‌مە‌وە‌، نازانم چە‌ند لێرە‌ دە‌مێنمە‌وە‌.
دیوارەکانی ژوورەکەم نوسینی زۆری لەسەرە، لە‌ ناو نوسینە‌كاندا ھە‌ندێك لە‌ زیندانییە‌كان، رۆژە‌كانی مانە‌ویان لێرە تۆمارکردووە، بۆ ھە‌ر رۆژێک خە‌تێكیان داناوە، وە‌ك نوسینی یاری ئەزنیف، لە‌ یە‌كەم ھە‌فتە‌وە هەتا چوار مانگی تێدابوو، هۆنراوە وەهەروەها ناوی خەڵکانێکی دیکەی لەسەر نوسرابوو، لە‌و ناوانە، ناوی شە‌ھید سە‌نگە‌ر(سە‌عید)م بینی، نوسیبوی پێشمە‌رگە‌ی حزبی شیوعی.
شە‌ھید سە‌نگە‌ر خە‌ڵكی كانی سوربوو، كوڕێكی ڕە‌ش تاڵە‌ی باڵا بە‌رزی چاو نە‌ترس بوو، یەکێک بوو لە پێشمە‌رگە‌کانی رێكخستن، جارێك دەستگیر کرا بوو، بەڵام لە‌ ساڵی ١٩٨٥ ئازاد كرا، گە‌رایە‌وە‌ بۆ ناو حزب، جارێکی دیکە بە فێل دەستگیر کرایەوە.
دە‌ستم كرد بە‌ پاكژکردنە‌وە‌ی ژورەکەم، لە هەڵتەکاندنی بەتانیە‌ سە‌ربازییە‌كە‌مەوە دە‌ستم پێكرد، ئاخۆ خوێنی چە‌ند  كە‌سی دیکەی پێوەیە، دامتە‌كاند و لە‌ سوچێكدا دامنا، دڵم نە‌ئەھات پارچە‌یەكی لێبكە‌مە‌وە، بۆ پاكردنە‌وە بە‌كاری بهێنم، بیرم لەوە دە‌كردە‌وە‌ کە ئێستا کەش و ھە‌وا خۆشە، ئاخۆ ئە‌و كە‌سانە‌ی لە‌ وە‌رزی زستاندا لێرە‌ بوون، چۆن گوزە‌رانیان كردبێت، چۆن بەرگەی ئەوسەرمایەیان گرتووە بەتەنها بە بەتانییەکەوە.
دیوارە‌كان ھە‌مووی تە‌رشوع بوو.
بە‌ پارچە‌یەك كارتونی شیر، دە‌ستم كرد بە‌ پاكکردنە‌وەی دیوارە‌كان، تە‌پوتوز و تۆڕی جاڵجاڵۆکەکان، لە‌ سوچی دیوارێكیاندا بە‌ بە‌رزی، جاڵجاڵۆكە‌یەك، لە‌ جۆری بچوكە‌ توكنە‌كان لە‌ ناو تۆرە‌كەیدا بوو، ویستم ئە‌ویش لابە‌رم، لە‌دوا چە‌ركە‌دا پەشیمان بوومەوە و دەستم هێنایەوە دواوە، ئاخر بیرم لەوە كردە‌وە‌، بۆ ئە‌م جاڵجاڵوكە‌یە‌ نە‌كە‌م بە‌ هاوڕێی ژورەکەم.
جاڵجاڵۆکەکەم ھێشتەوە، لە‌و كاتە‌وە‌ ‌ئێتر من بە‌تە‌نیانیم، ڕۆژانە‌ قسەی لە‌گە‌ڵ دە‌كەم، بە‌یانی باشیم لێدە‌کرد، شعرم بۆ دەگووت و گۆرانیم بۆ دەچڕی، گاڵتە‌م لە‌گە‌ڵ دە‌كرد، مێشم بۆ ئە‌گرت و بۆم دە‌خستە‌ ناو تۆڕە‌كە‌یە‌وە، كاتێكی باشم لە‌گە‌ڵدا بە‌سە‌ر دە‌برد، ئیتر من بە‌تە‌نها نیم.
زۆربە‌ی كات، ئە‌گە‌ر بوار ھە‌بوایە، لە‌گە‌ڵ محێدین کە لە ژورە ئینفرادیەکەی تەنیشتمەوە بوو، قسە‌م دە‌كرد، ھە‌رچە‌ندە هەتا ئێستا بە‌ ڕۆخسار یە‌كتریمان نە‌بینیوە‌، بە‌ڵام ئاشنای دە‌نگی یە‌كترین، بە دەنگ و گفتوگۆی، دەتزانی کە کەسێکی دلێرە.
محێدین گووتی یاری شە‌ترە‌نج دە‌زانی؟
گووتم بە‌ڵێ.
گووتی حە‌ز دەکەیت یاری بكە‌ین؟
گووتم گاڵتە‌ دە‌كە‌ی؟ 
گووتی نا بە‌ڕاستمە‌.
گوتم ئاخر چۆن ئە‌مە‌ دە‌بێت؟ من و تۆ لەیەک ژوور نین، شەترەنجیشمان نیە؟
گووتی لە‌سە‌ر ئە‌رزی ژورە‌كە‌ت خانە‌ی(روقعە‌)، شەترەنجێك بكێشە‌، خورمات ئە‌دەینێ و  دە‌نكە‌كانی كۆبكە‌رە‌وە‌، وە‌ك (سە‌ربازو ئە‌سپ و فیل و قە‌لا و وە‌زیر و پاشا)، بە‌كاریان بهێنە‌ بۆ یە‌كیكمان، بۆ ئەوی دیکە، لە كارتۆنی شیر دروستی بکە، من ھە‌ر یارییە‌ك دە‌كە‌م بە‌ تۆی دە‌ڵیم، تۆ لای خۆت ئە‌و جوڵە‌یە‌م بۆ بكە‌، وە ھە‌روە‌ھا ھە‌ر یارییە‌ك، کە تۆ دە‌یكە‌یت، بە‌منی بڵێ، من لای خۆم ئەو جوڵەیەت بۆ دەکەم، بە‌م شێوە‌یە‌ یاری دە‌كە‌ین.
دوای ماویە‌ك كە‌ دە‌نكە‌ خورماكانمان كۆكردە‌وە‌، ھەرکاتێک درفە‌ت ھە‌بوایە، من و محێدین شەترەنجمان دە‌كرد.


لە‌ رووناكیە‌وە‌ بۆ تاریكی .!
بە‌شی -٣٧-
لێرە بۆ ماوە‌یە‌ك ڕایانگرتم، دوای ئە‌وە‌ ئاسایشە‌كانی ئە‌منی عامە وە‌ریانگرتم و بردیانم بەرەو ڕێڕەوێک، کۆمەڵێک زیندانی و هەروەها ئەمنی لێ وەستابوو، لەوە دەچوو ڕیزیان گرتبێت بۆ کارێک، لە‌ بە‌ردە‌می ژورێكدا، ھە‌ر دوو سێ خۆلە‌ك جارێک، زیندانیە‌ك لە‌گە‌ڵ ئە‌منێكدا لە‌ ژورەکەوە دەهاتنە دەرەوە، زیندانییە‌كی دیکە لە‌گە‌ڵ ئە‌منێكدا دە‌چوونە‌ ژوورە‌وە‌، پاشان نۆرە‌ی من ھات، كاتێک کە چوینە ناو ژوورەکەوە، زانیم ئەمە ژووری دکتۆرە.
دكتورە‌كە‌ بە‌ خێرایی سە‌یرێكی چاوە‌كانمی كرد، زمانی پێدە‌رھێنام و تەماشایەکی ناو دە‌ممی كرد، كراسە‌كە‌ی پێ ھە‌ڵبڕیم، سە‌یرێكی پشت و بن ھەنگلە‌كانمی كرد، دە‌رپێكە‌می‌ بە‌ داروچكە‌كە‌ی دە‌ستی داگرتە‌ خوارە‌وە، تەماشایەکی ناو گە‌ڵمی كرد.
دوای ئەو پشکنینانە چە‌ند وشە‌یەكی لە‌سە‌ر كاغە‌زێك نوسی و ‌واژووی كرد، كاغە‌زە‌كە‌ی دایە‌ دە‌ست ئە‌و ئە‌منە‌ی لە‌گە‌ڵمدا بوو، ئە‌منكە‌ش كاغە‌زە‌كە‌ی خستە‌ ناو ئە‌و دۆسیە(فایل)ی، کە بە‌دە‌ستیە‌وە‌ بوو، منی برد بۆ ڕێڕە‌وێكی دیکە، لە‌بە‌ردە‌م ژورێكدا رایگرتم، بۆ خۆی چووە‌ ناو ژورەکەوە، دوای ماوەیەکی کەم ھاتە‌وە‌ دە‌رەوە بە‌بێ دۆسیەكە‌ و منی بردە‌ ژورەكە‌وە.
لەژورەکەدا زەلامێکی سمێڵ زلی ورگن دانیشتبوو، دۆسیەكە‌ی منی، لە‌سە‌ر مێزە‌كە‌ی بە‌ردە‌می خۆی دانابوو دە‌یخوێندە‌وە‌.
من بارم زۆر پە‌رێشان بوو، جگە‌ لە‌ لاوازی جە‌ستەم و برینە‌كانی لەشم، لە‌ دوێنێ ئێوارەوە‌، ھیچم نە‌خواردووە‌، وە لە‌ بە‌یانییە‌وە لە‌ ناو تە‌نورێكدام، تە‌نھا یە‌ك دۆلكە‌ ئاوم خواردوە‌تە‌وە‌، لە‌بە‌ر ئە‌وە ھە‌موو جە‌ستە‌م دە‌لە‌رزی.
لێپرسراوەکە(کابرای ورگن) پرسیارێكی لێكردم، زۆرم لە‌ خۆم دەکرد٫ بۆ ئە‌وەی وە‌ڵامی بدە‌مە‌وە‌، دوای وەڵامەکەی من، شتێكی لە‌سە‌ر كاغە‌زێك نوسی و دایە‌ دە‌ستی ئە‌منە‌كە‌ی کە لەگەڵ مندا بوو، گوتی دەبێت تۆ لەژوری ئنفرادیدا بیت، بە‌لام لە‌بە‌ر ئەوەی تەندروستیت لەبارنییە واناکەم، ئەمنەکە منی بە‌ پێپلیكانە‌ی چەند تەبەقەیەکدا بردە سەرەوە، دە‌رگایەكیان كردە‌وەو منیان خستە‌ ژورەوە. لێرە شتێكم بینی، بۆ یە‌كەمین جارە‌ لە‌ ژیانمدا شتی وا ببینم، خە‌ڵكێكی زۆر، ھە‌ر ھە‌موویان لە‌ ناو ژورێکدان وە‌ك قەفەز، ڕێرە‌وێكی تێدایە بە‌ پانی یەک مە‌ترو نیوو دەبوو، بە‌یارە‌مە‌تی چاودێرێك(مراقب)٫ ئە‌ویش هەر زیندانییە‌، منیان خستە دواین ژوور بە‌دە‌ستی راستدا. ئە‌م ژوورە‌ دوو لای شیش بە‌ندە‌، ژورە‌كانی دیکە، سێ لای شیش بە‌ند بوو، ھە‌ر ژورە‌ی پێنج بە‌ پێنج مە‌تر دەبوو، دە‌ ژوری وای تێدابوو، ھە‌ر ژورە‌ی بیست و پێنج تا سی زیندانی تێدابوو، لە‌لای دە‌رگا سە‌رەكییە‌كە‌ی ھاتنە‌ ژورە‌وە‌، بە‌لای دەستی چە‌پدا، بە‌ دوو  پێپلیكانە‌ سە‌ردەكە‌ووتی، ریزێك ئاودە‌ست و دەست شۆری لێبوو.
زیندانییە‌كان پێشوازیان لێكردم، ھە‌ر ھە‌موویان دشداشە‌یان لە‌بە‌ردا بوو، تە‌نھا یە‌ك دوانێك نە‌بێت، ئاو و خوردنیان دامێ، كە‌مێك بۆژامە‌وە‌.
لە‌جیاتی ئنفرادی وا لە‌ ناو خە‌ڵکدام، چون دەڵێن ماسی بە‌بێ ئاو ناژی، مرۆڤیش بە‌بێ بوونی خەڵک لەدەورو پشتی، ھە‌ست بە‌ مرۆڤایە‌تی خۆی ناكات.
پێدەچێت ھە‌موو ئە‌مانە‌ی کە لێرە‌ن، زیندانی سیاسی نەبن، چوار كوردی لێبوو لەسە‌ر قاچاخچێتی بستە‌(فستق)گیرابوون٫ دوانیان خە‌ڵكی گوندی ھە‌ڵشۆ بوون، یە‌كێكیان خەڵکی سلێمانی و ئەوی دیکەیان ھە‌ولێری بوو.  ئەوان گالتە‌یان بە‌ سیاسە‌ت و باری خە‌لكی دە‌ھات، قسە‌و خە‌یاڵیان تەنها لای پارە‌و رابواردن بوو، چاوە‌ڕێیان دە‌كرد، ئەمڕۆ نا سبەی ئازاد بکرێن، وادیار بوو جۆرێک لەپەیوەندی بەرژەوەندی و پارە‌یان ھە‌بوو، لە‌گە‌ڵ ھە‌ندێک لە‌ پیاوانی رژێم، ئەوان دیداری بە‌ردە‌وامیان ھە‌بوو لە‌گە‌ڵ كە‌سوكاریان، بۆیان ھە‌بوو خواردنی تایبەتییان بۆ بێتە ژوورەوە، بە‌شی منیشیان ئە‌دا.
تە‌نھا یە‌ك پیاوی لێبوو جلی كوردی لەبەردا بوو، لە‌ سە‌رە‌تادا نە‌مناسییە‌وە‌، ھە‌تا دوایی خۆی ھات و سڵاوی لێكردم، گووتی ھاوڕێ پۆلا چۆنی، كە‌ بەوردی تێمڕوانی ناسیمەوە، کە ھاوڕێ  قانعە ( عەونی ).
ھاوڕێ قانع لە‌ ساڵی ١٩٧٩وە دە‌م ناسی، كاتێك بنكە‌كانمان لە‌ ناوزە‌نگ و زە‌ڵێ بوو، لە‌ یە‌ك دوو مە‌فرە‌زە‌ی چە‌ك ھێنان، لە‌ ناوچە‌ی بادینان پێكە‌وە‌ بوین، ئەو پێشمە‌رگە‌یەكی قسە‌ خۆشی ناوچە‌‌ی ھە‌ولێر بوو، لە‌ ئاسایشی ھە‌ولێرە‌وە ناردبوویان بۆ ئێرە‌، ماوە‌یەكە لە ئاسایشی گشتیە و نە‌یان ناردبوو بە‌ دوایدا، زۆر بێدە‌نگ بوو، دەیگوت من بە‌ لێبوردن ھاتومە‌تە‌وە، لە‌وە زیاتر ھیچی نە‌دە‌گوت، تا ڕۆژێک بانگیان كرد، ئاخر لێرە زیاتر بە‌ رۆژ زیندانی دە‌بە‌ن بۆ لێكۆڵینە‌وە‌، دوای ماوە‌یەكی كە‌م ھێنایانە‌وە، ڕە‌نگی گورابوو، لێم پرسی: چی بووە؟ گووتی یەکێکم بینی تە‌نھا یە‌ك زلە‌ی لێدام و گووتی، دە‌تبە‌نە‌وە بۆ ھە‌ولێر، گوتی ھاورێ پۆلا من تازە‌ تیاچووم، دوژمنە‌كانم خراپیان بۆ تێچانووم.
دوای ماوە‌یەكی كە‌م بردیانە‌وە‌ بۆھە‌ولێر و هەر لە‌وێ لە‌ناویان برد.
لێرە‌ خواردنم لە‌ ئنفرادییە‌كە‌ی سلێمانی باشترە‌، جگە‌ لە‌ خواردنی زیندان، ئە‌م كوردە‌ قاچاخچیانەی كە‌ جێگای متمانە‌نین، لە‌گە‌ڵ من زۆر باشن، ھە‌رچییەكیان بۆ دێت بێبەشم ناکەن، لە‌ ڕووی درونی و جە‌ستە‌یەوە باشم.
لێرە‌ ھە‌فتە‌ی یە‌ك جار ئە‌منێك دێت، ئە‌وانەی ریشیان زۆر هاتووە، بۆیان دەتاشێت، ریشی منیشیان تاشی، ئە‌مە‌ یە‌كە‌م جارە‌ لە‌وڕۆژەوەی لە‌ زینداندام، ریشم بتاشن.
رۆژی دوو كاتژمێر، هەموو دە‌رگاکانی قە‌فە‌زە‌کە دەکەنەوە، بە‌ ئارە‌زووی خۆمان ھاتوو چۆمان دە‌كرد، لە‌ ڕێرە‌وە‌كە‌وە بۆ سە‌رئاو.
بە‌ كورتییە‌كە‌ی دەتوانم بڵێم، لێرە جیاوازیی و گۆڕانکارییەکی گەورە بوو بۆ من.


لە‌ڕووناكییە‌وە بۆ تاریكی.!
بە‌شی -٣٦-
ئەوە نیزیكەی دە‌ رۆژە‌، كە‌س لە‌من ناپرسێتە‌وە‌، نازانم ھۆكارە‌كە‌ی چییە‌؟
لەدڵی خۆمدا دەڵێم، ڕەنگە بە‌ كە‌سانی دیکەوە خە‌ریك بن و بواریان نە‌بێت، یان ئەو ئە‌فسە‌رەی لێكۆڵنە‌وە‌ لەگەڵ مندا دەکات، لە‌ مۆڵە‌ت بێت، یاخود بێ ئومید بوون، لە‌وەی من شتێك بڵێم، یان شتێكـم پێبێت.
ئەمەیان وادە‌رنە‌چوو، دەرگایان کردە‌وە‌ و منیان برد، ھە‌مان  دە‌موچاوە‌كانی پێشتر لەچاوەڕوانیمدا بوون، وادیاربوو رائید ریاچ لە‌وە تێگە‌شتبوو، کە من لە‌و جۆرە کەسانە نیم، بە‌ دبلوماسییە‌ت و چاو جگە‌رە‌، هەڵم خەڵەتێنن و زانیاریم پێبدرکێنن، ئاخر ئەوان پێشتر ئەو ڕێگایەیان تاقی کردۆتەوە ، لەوانەیه تاڕەدەیەک سەرکەوتوو بووبن، چۆن لەپێشا پێت دەڵێن، دانیشە و قسەی خۆشت لەگەڵ دەکەن، دوایی چایەک و جگەرەیەکیشت دەدەنێ، لەوبڕوایەدام ئەم شێوازەی مامەڵەکردنە، پێشتر کاریگەری ھە‌بووبێت لە‌گە‌ڵ کەسانێکی دیکە، بە‌ تایبە‌تی یەکێک جگە‌رە کێش بووبێت، ئاخرجگە‌رە كێش مە‌ینە‌تی زیاتری هەیه.
ڕاستەوخۆ ھە‌ڵیانواسیم، دوای ئەوە دەستیان کرد بەلێدانم بە کێبڵ، پاشان کارەبا، هەمان دەستپێک و هەمان ئەنجام بوو.
بۆ شە‌وی دوایی، هەمان سیناریوێی ئەشکەنجەدان دووبارە‌ بویەوە، ھە‌وڵیان ئە‌دا، بە ھە‌ر نرخێک بێت، سە‌رە داوێكیان دە‌ست بكە‌وێت، منیش سە‌ری ھە‌موو داوە‌كانم قرتاندبوو.
بۆ شەوی سێهە‌م، جارێكی دیکە بردیانم بەرەو ژوری لێکۆڵینەوەو ئەشکەنجەدان، بە‌ڵام ئە‌مجارە‌ ئە‌شكە‌نجە‌ نەبوو، رائید ریاچ گوتی، واباشە‌ قسە‌ بکەیت، ئە‌گینا ئە‌تنێرم بۆ ئاسایشی گشتی(امن العامه).
گوتم ئەگەر ھیچ شتێك نە‌زانم چی بڵێم؟
گوتی باشە‌، بزانە‌ لە‌ ئاسایشی گشتی چیت لێدە‌كە‌ن.
بردیانمەوە بۆ ژورە‌كە‌م، هاوزیندانیەکانم لەژورە ئینفرادیەکان گوتیان، چی بوو، ئەمڕۆ زوو گە‌راندیانیتە‌وە‌؟
گوتم ھە‌رە‌شە‌ی ئاسایشی گشتی(ئە‌منی عامە‌)یان لێكردم.
مامۆستا ئە‌حمە‌د کەسێکی خۆڕاگر بوو، پێش من بەماوەیەکی زۆر لەسەر ڕێکخستنەکانی یەکێتی، دەستگیر کرابوو، ئەو شارە‌زایی ھە‌بوو، گوتی بڕوابكە‌، ڕەوانەکردنت بۆ ئاسایشی گشتی لەقازانجی تۆیە، لە‌وێ نیوە‌ی ئێرە‌ت پێناكە‌ن. بێگومان ئە‌م قسەیەی مامۆستا ئە‌حمە‌د، ئارامییە‌كی زۆری پێ بە‌خشیم، هەرچەندە ھە‌ڕە‌شە‌كە‌ی رائید ریاچ بۆ من بۆ ئەوەبوو، بارم قورستر بكات و تریس و دڵە ڕاوکێم لادروست بکات، بەڵام قسە‌كانی مامۆستا ئە‌حمە‌د باری سوك کردم و لەهەمان کاتدا، ئاسودە‌ بووم.
بۆ بە‌یانیە‌كە‌ی هاتن و بردیانم ، سواری لاندگرۆزە‌رێكی پشت داخراوی(مقە‌پە‌ت)ی سپییان كردم، ئە‌فسە‌رێك وە‌ریگرتم بە ناوی ملازم محمد، خە‌ڵكی رومادی بوو، زۆر ھێمن بوو.
ئۆتۆمبیلەکە کەوتە ڕێ، یە‌ك كونی تێدا نییە‌ سە‌یری دە‌رە‌وە‌ بكە‌یت، ھاوینە‌ و ھە‌تادێت گە‌رم دەبێت، تینومەو ھە‌ناسە‌م سواربووە و هەموو گیانم ئارەقە.
لە‌لای دە‌رگای راستی ئۆتۆمبیلەکەوە نوسینێکی بە هەڵکەندراوی لەسەرە، بە ناوی(جلیل عزیز پ.ش)، جە‌لیل عە‌زیز پێشمە‌رگە‌ی شیوعی.
من ھاوڕێ جە‌لیلم باش دە‌ناسی، ئەو تە‌مە‌نی زۆر كە‌م بوو کاتێک کە هات ببێت بە‌ پێشمە‌رگە‌، چە‌ند جارێك ھاوڕێیان ناردیانە‌وە‌ لە‌بە‌ر كە‌می تە‌مە‌نی، بە‌ڵام ئە‌و ھە‌ر سور بوو لەسەر ئەوەی، ببێت بە‌ پێشمە‌رگە‌، ئە‌ركە‌كانی پێشمە‌رگایەتی لە‌ ئێمە‌ باشتر ئە‌نجام دە‌دا.
لە‌ ١٩٨٧/٩/٨دا، جە‌لیل و دڵزاری سید توفیق لەگەڵ رسول، كە‌ ماوەیەکی زۆر کەم بوو پێشمەرگە بوو، توشی شە‌رێكی نابە‌رابە‌ر دە‌بن، لە‌لای گوندی كە‌ڵتە‌كە‌ی شارە‌زوور، سوپای ڕژێم بە‌ چە‌ند زریپۆشێکەوە دێنە ئەو ناوچە‌یە‌و دەست ئەکەن بە ئوپەراسیونێك ‌، دوای ئە‌وەی ئە‌م سێ ھاوڕێیە‌ دە‌كە‌ونە‌ شە‌رێكی دە‌ستە‌وئێخە‌ لەگەڵ دوژمن، ھاوڕێ دڵزار و رە‌سول شە‌ھید دەبن، ھاوڕێ جە‌لیل دوای ئە‌وە‌ی ژمایەک لە‌ دوژمن دە‌كوژێت، فیشە‌كی چە‌كە‌كە‌ی تەواو دەبێت، بەڵام بەداخەوە فریاناكە‌وێت یە‌دە‌گە‌كە‌ی بگۆرێت، خۆیان ھە‌ڵە‌ئەدە‌نە‌ سە‌ری و بە‌دیلی دە‌یگرن، لەوێدا ڕاستەوخۆ دە‌یانە‌وێت بیکوژن، بە‌ڵام نە‌قیبێكیان لەگەڵدایە ناێھێڵێت، دە‌ڵێت ئیشمان پێیدە‌بێت.
ھاورێیان وادە‌زانن، جە‌لیلیش لە‌گە‌ڵ ھاوڕێكانی دڵزار و رە‌سول شە‌ھید بووە‌.
ھاوڕێ مە‌ریوانی ملا حە‌سەن، لە‌و ماویە‌ی کە من لەناو شار بووم، دەستگیردەکرێت لە‌ سە‌ر شناسنامه «ھویە»ماوە‌یە‌كی كە‌م لە‌ ئە‌منی سلێمانی دە‌ست بە‌سە‌ر دە‌بێت، هەتا دە‌ینێرن بۆ لای پولیس، ھە‌رچە‌ندە من ترسی ئە‌وە‌م ھە‌بوو کە بزانن ناسنامە‌كە‌ی تە‌زویرە‌، ئاخر من خۆم بۆم دروست كردبوو، بە‌ڵام باش بوو پێیان نە‌زانی.
کاتێک کە مە‌ریوان ئازاد كرا، ھە‌واڵی جە‌لیلی بۆ ھێنام، گوتی كورێكی چاو نە‌ترسی  بینیوە‌  ناوی جە‌لیلە، پێشمە‌رگە‌ بووە‌، منیش ھە‌واڵە‌كە‌م نارد بۆ ھاوڕێیان.
ھاوڕێ جە‌لیل لە‌ ١٩٨٨/٨/٢٩دا، سزای لە‌ سێدارە‌دانی بۆ دەركرا لە‌ لایە‌ن محكە‌مەی سە‌ورە‌وە، خۆشبە‌ختانە‌ پێش جێبە‌جیكردنی سزاکەی، بە‌ر لێبوردنی گشتی کەووت، لە١٩٨٨/٩/٦دا، ئازاد كرا.
لە‌ شوێنێك ئۆتۆمبیلەکە وەستاوە نازانم كوێیە،‌ بەڵام بەئەقڵی خۆم(دوز خورماتووە)٫ دوای چە‌ند خولەکێک، تەنها بەئەندازەی ئە‌وندە‌ی یەک دۆلکە ئاو بێننە ناوە‌وە‌، دەرگاکە کرایەوە، بەخێرایی دەرگاکەیان داخستەوە، فریا نەکەووتم هیچ شتێک ببینم، خۆیشم نازانم چۆن دۆلکە ئاوەکەم هەمووی خواردەوە، لەجیاتی ئەوەی تینوێتیم بشکێت، زیاتر هەستم بە توینێتی دەکرد، ئەم جارە دەرگاکە کرایەوە بۆ بردنەوەی دۆلکەکە، گوێم لێبوو خەڵکەکە بەکوردی قسەیان دەکرد، ئێستا دڵنیابووم کە ئێرە توزخورماتووە.
ئۆتۆمبیلەکە كە‌وتە‌وە ڕێ، ھە‌تا دێت گەرمتر دە‌بێت، گوێم لە‌ ھوڕنی زۆرە، جاربە‌ جار ئۆتۆمبیلەکە دە‌وستێت، وادیارە‌ گە‌یشتینە‌ بە‌غداد.
دوای ماوە‌یەك ئۆتۆمبیلەکە وەستا، دە‌رگایان كردە‌وە‌ و منیان داگرت، پیشاوم لە‌ گە‌رمادا، ھە‌ناسە‌ ئە‌دە‌م و نایدە‌م، وادیارە‌ ئێرە‌ ئاسایشی گشتیی(امن العامه)یە.

لە روناکییەو بۆ تاریکی.! 30-34



PM:12:45:22/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1724 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی