لەروناکییەوە پۆ تاریکی .! بەشی ١٧- 20

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا

لەروناکییەوە پۆ تاریکی .!

بەشی ١٧- 20

یەکێک لەو هاوڕێیانەی کەحزب ئاگاداری کردمەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی بە منەوە هەبێت یادگارجەلال بوو.
ئێمە پێشتر یەکتریمان دەناسی، ئاخر یادگار ماوەیەك پێشمەرگەبوو، ھاوڕێیەکی ھێمن و لەسەرخۆ، وەهەروەها ئامادەبوو، بۆ ھەموو کارێك. پێوستە ئەوە بڵێم کە زۆربەی ھاوڕییان نەك تەنھا خودی خۆیان، بەڵکو کەسوکاریشیان لە خزمەتی حزبدا بوون.

پێش ماوەیەك ھاوڕێیەك گیرا بە ناوی عادل، زیاتر لە دوو مانگ هیچی نەدرکاندبوو، بەڵام لە دوای ئەشگەنجەدانێکی زۆر، ناوی چەند هاوڕێیەکی دابوو، بە بۆچونی ئەو ئێستا ئەو هاوڕێیانە فریای خۆیان کەوتون و لەشاردا نەماون، لەئەنجامدا لە ١٩٨٧/٤/٢٤ ئەم هاوڕێیانە گیران، ، حاتم، حیدەر، سەربەستی حەمەی عەلی دەلەت وھوشیار حەمە عەلی دەولەت، ئەم دووانە برابوون، ھوشیار و جوتیاری برایان، پێشمەرگەی حزب بوون پێشتر، ناسراوبوون لای ئێمە.
سەربەست پەیوەندی بەمنەوە ھەبوو، ھاوڕێیەکی چاونەترس، کارو چالاکی زۆری هەبوو، لە فلکەی سجنەوە تا ھەوارەبەرزە، بەخەتێکی خۆش نوسی جوان دیوارەکانی بە دروشمەکانی حزب رازاندبویەوە، هەروەها پوستەری شەھیدان لەھەموو جێگایەك ھەڵواسرا بوو. سەربەست داھێنان و بیرۆکەی تازەگەری جوانی ھەبوو.

کەمال پێی راگەیاندم شانەیەك ھەیە پەیوەندیان بەتووە دەبێت، لەرێگای سەلاح عەزیز (سەلاحی کەمانجە)وە، ھەرچەندە ئەم ھاوڕێیانە ڕەخنەیان ھەبوو بەرامبەر بەمن، ئاخر بەقەولی ئەوان من زیاتر بایەخ بەبواری سەربازی ئەدەم، رەخنەکەشیان لە جێگای خۆیدا بوو، ئەوان ھونەرمەند بوون، منیش پێشمەرگە.

من لەوکەسانە بووم ئارەزوی کوبونەوەو کوبونەوەکاریم نەبوو، زیاتر ئارەزووی کاری پراکتیکم (عملی) ھەبوو، هەر لەبەر ئەوە بوو ئێمە چالاکیمان بەبەردەوامی ھەبوو، چ لەسزادانی ناپاك و پیاوەکانی رژێم، یاخود چالاکی سەربازی، لەگەڵ ئەوانەشدا چالاکی راگەیاندنمان هەبوو.

لێرەدا من دەمەوێت باسی سیان لەو چالاکیانە بکەم، لەبەر ئەوەی چالاکی ئاسایی نەبوون لەوکاتەدا.

یەکەمیان: دوای نەمانی مولازم موحسن لەسلێمانی کە زۆر ناوبانگی دەرکردبوو بەبێناموسی وە هەروەها ترسێکی زۆری لەناوشاردا دروست کردبوو، مولازمێکی دیکە پەیدابوو بەناو مولازم عەلی، ئەمیش دەیویست ڕۆڵی مولازم موحسن ببینێت، لێدانی ئەو ھێزەی مولازم عەلی، بەرۆژی رووناك لەئەسحابە سپی ولە نێوەندی شار، دەنگدانەوەیەکی گەورەی ھەبوو لەوکاتەدا، وەهەروەها سنورێکی بۆ مولازم عەلی دانا.

چالاکی دووەم: جۆرە ئنزباتێکی عسکەری تایبەتیان لەکەرکوکەوە هێنابوو بۆ سلێمانی، پێیان دەگوترا(قوات الرشید)٫ ئەمانە ئازارێکی زۆری خەڵکیان ئەدا، بەیانیان لەجادەی قەناتەوە، دوودوو ئنزباتیان دائەگرت، تا لای مزگەوتی گەورە، لەلای مەحکەمەی کونەوە، تەقەیان لێکرا، یەکێك لە ھاوڕییان دەستی گرت بەپشتی سەیارە ئیڤاکەیانەوە ، نارنجۆکێکی خستە ناویانەوە، ھەروەک ئەوەی سەرکەوێتە ناو ئیڤاکە .

چالاکی سێهەم: چالاکێیەکی دیکە کەمن بە مێژوی دادەنێم،لە ناو جەرگەی شاری کەرکوکدا لە ئەحمەد ئاغا لە سەرو بازاری قۆریە کوشتنی ئەفسەرێکی بلە گەورە. چالاکیی راگەیاندن، ئەتوانین بڵێین داھینان بوو، ، لەوشوێنانە خەڵکێکی زۆری لێ کۆدەبویەوە، لافیتە دائەنرا، بۆنمونە ئەگەر شانۆگەریەك پێشکەش بکرایە، دوای توابوونی، واتە ئەوکاتەی خەڵکەكە دەڕۆیشتنە دەرەوە، لافتەیان دەبینی دژی رژێم، یاخود وتاریان دەخۆنێدنەوە لە بڵندگۆی مزگەوتەکان، ڕاستەوخۆ دوای نوێژ یان لەرێگای کاسێتی تومارکراوەوە.

چالاکی دابەشکردن و بلاوکراوەی نوسراو دژی ڕژێم، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، پێم خۆشە ئەم چالاکییە کەمێك بەوردی باسی لێوە بکەم، دوای کیمیابارانکردنی ھەلەبجە، وابەپێویست زانرا چالاکییەك ئەنجام بدەین، حزب بەیانێکی دەرکرد، ئێمەش لەئیزگەکەوە وەرمانگرت، بەتابعە لەسەر قاغەزی ستێنسل چاپمانکرد، بەرۆنیۆ دەستکردەکەی خۆمان ھەزار دانەمان راکێشا، لەگەڵ ھاوڕێیان پلانێـکمان دانا، ئەویش ئەوە بوو، بەرۆژ لە بازار بەدەستی بیدەین بە ھاوڵاتیان، فەلاح لەکەرکوک بێت ئەو بیداتە دەستی خەڵکەکە لەبەر ئەوەی ئە نەناسراوە لە شار، وەچەند کەسێکمان پاسەوانی بکەین، ئەگەر لەوکاتەدا پیاوەکانی ڕژێم بێن بۆ دەستگیر فەلاح، ئەوا هەر لەوێدادا دەست بەجێ بیانکوژین.

بەیانییەکی زوو، بە بڵاوکراوەکانەوە چووم بۆ ماڵی رەحمان، بۆ ئەوەی لەوێوە برۆین بۆ بازار دابەشیکەین، لەوکاتەدا بیرۆکەی ئەوەم بۆ ھات، کە ئەگەر بێتوو دانەدانە بەیاننامەکە بکەینە ناو زەرفی نامەنوسینەوە باشتر دەبێت، کاتێك ئەیدەینە دەستی یەکێك نازانێ چییە، بەبی ترس وەریدەگریت، وەهەروەها کاتەکەی ئیمەش زیاتر دەبێت، بۆ ئاشکرانەبوونمان، دوو ھاوڕێمان نارد بۆ کڕینی زەرفی نامەناردن، یەك یەك بەیاننامان کردە ناو زەرفەوە ودامان دەخست، لە شەقامی مەولەوییەوە، فەلاح دەستی کرد بە دابەشکردنی تا ناو قەیسەری نەقیب، ئێمەش پاسەوانیمان دەکرد، کارەکەمان ئەنجام دا بەبێ ئەوەی توشی ھیچ پیاوێکی رژێم ببین، بەڵام لەوڕۆژەدا وە لەدوای دابەشکردنی بەیانامەکان بە تەواوی بارو دۆخی بازار شلەژا، دوای ئێمە ھەموو دەستگا ئەمنییەکانی رژێم رژانە ناو شارەوە، نەیان دەزان چی بکەن!!!

وای بەباش دەزانم کە بەخوێنەر بڵێم، من ئەم بیرەوەریانە لە مێشکمدا ھەڵم گرتوون، مێشکی مرۆڤیش بەبەردەوامی ھەموو شتێك ناپارێزیت، بۆیە دەیان کەس ھەیە ڕۆڵ و کاریگەری زۆریان ھەبووە لەسەر ڕووداوەکان، بەداخەوە ئەوانە بوونە سەربازێکی شورشگێری وون. ئەبێت ئەوش بڵێم ئەم دیمەنی خەباتەی کە من ھەوڵدەدەم بینەخشێنم، تەنھا سوچێکە لە تابلۆیەکی کاری حزبی شیوعی لەوکاتەدا، ئاخر ئێمە تەنھا رێکخراوی حزب نەبووین لە شاراکەدا، بەلام تەنھا ریکخراو بووین کە مەفرەزی پێشمەرگەمان ھەبوو.
بۆئەوی ئەم تابلۆیە ھەموو دیمەنەکانی بەجوانی تێدا دەرکەوێت، دەبێت کەسانی تریش بینەخشێنن، ئەبێت ئەوش بڵێم، ئێمە بەکۆمەڵ ئەرک و کارەکانمان بەئەنجام دەگەیاند، واتە ھیچ ھاوڕێیەك ڕۆڵی لەوی دیکە کەمترنەبوو، نابێت ئەوەشـمان لە بیرچێت، کەکەسوکارەکانمان باجی گەورەی خەباتی ئێمەیان داوە، وا ئێستا ئێمە بەم ڕۆمانسییە شوڕشگێریە باسی لێوەدەکەین.
بوونی ئەم مەفرەزانە لەناو شاردا، دوژمنی ھەراسان کردبوو، قورسایی وسامی پێشمەرگەی گەورەتر کردبوو، وەهەروەها لەقوربانی پشمەرگەی کەمتر کردبویەوە، لەجیاتی ئەوەی ھێزیک بەچەند پشمەرگەیەکەوە، لەوبارە ئەمنیە خراپەدا بەشەو بێنە ناوشارەوە، زۆر جار بکەونە کەمینەوە، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەك، ئەوە ئێمە لەتوانماندایە باشترو کەمترین قوربانی، ئەو چالاکیەکە بەئەنجام بگەیەنین. دێتەوە یادم سالێ ١٩٨٢، مەفرەزەیەکی شارباژێر ھاتینە ناوشاری سلێمانی، سێ دەوڵەمەندی شارمان دەستگیرکردوو بردمانن لەگەڵ خۆمان، لەبەرئەوی داوای یارمەتی پارەیان لێکرابوو، ئەوانیش نەیاندا بوو، ئەوکاتە بەداخەوە وابوو، پێشمەرگەی ھەموو لایەنەکان بەزۆر دەیانناردە سەر دەوڵەمەندەکان، هەتا پارەبدەن بەشوڕش، من کەئێستا بیری لێدەکەمەوە بە کارێکی باشی دانانێم، کەئێمە لەوکاتەدا ئەنجاممان داوە، ئاخر دەبێت مرۆڤ بەخۆبەخشی کۆمەکت بکات، نەوەك بەزۆرە ملێ.
ھەندێك خۆی ئارەزووی هەبوو کۆمەکت بکات، بەڵام متمانەی نەبوو، ئاخۆ ئەوکەسەی ئەو پارەکەی دەداتی سەر بەرژێم نییە؟؟
خەڵکانێک هەبوون بەوجۆرە دەستگیر کرابوون، دەستگا ئەمنییەکان، نامەیان بەناوی شۆڕشەوە بۆ ئەناردن، بەڵام لەکاتی پارەدانەکە دەستگیریان دەکردن.
(دەلیلی)ی مەفرەزکە ھێرەشەچاو شین بوو، دوای چەند ساڵێك دەرکەوت کە سەربە ئێستخباراتەو کوژرا.
من لەگەڵ یەکێک لەو دەوڵەمەندانەدا بووم، کە ئێمە دەست بەسەرمانکردبوون، دوای ئەوەی لەشاردەرچووین، دەبوایه بەسەر شاخی گۆیژەدا سەرکەوین، لەبەر ئەوەی کابرا بەتەمەن بوو وەماندوو دەبوو، دەبوایە ماوە ماوە پشوبدات، کاتێک گەیشتینە ئەوشوێنەی کە پێی دەڵێن چالەبەفرەکان، ئاخر پێش ئەوەی کارگەی سەهۆڵ دابمەزرێنرێت، لەوجێگایە چالیان ھەڵکەندوە وە زستانان بەفریان تێدا پەستاندوە و کایان بەسەردا کردووە، بۆئەوەی لەهاویندا بەکاریبهێن، هاوینان بەکەر ووڵاخ، گواستویانەتەوە بۆناوشار بۆ فرۆشتن، کابرای دەوڵەمەند ڕووی دەمی کردە من ووتی، بۆ ڕۆڵە لە تۆ وایە، من لەوەتەی ھەم ھەر دەوڵەمەند بووم، ئەم چاڵە بەفرانە دبینیت؟ وەختی خۆی من و باوکم ئەھاتین بەکرێ، لەم چالە بەفرانە بەفرمان ئەگوستەوە بۆشار، ئەم پارەییەی ھەمە، هەمووی بەڕەنجی شان پەیامکردووە.
بۆبەرە بەیان گەیشتینە بنکە، ھەرئەو رۆژە کەسوکاریان ھاتن و پارەکەیان بۆداو ئازادکران.
١٩٨٧/٤/٢٨ گەلاوێژی خوشکم ھات بۆ ماڵی ئایشەخان، چاوەکانی سورببویەوەو ڕەنگ و ڕووی بەتەواوی گۆرابوو، دیار بوو زۆر گریابوو، بەدەنگێکی لەرزۆکی پڕ لەخەم گووتی، ھاوڕێیان ئەم نامەیەیان ناردووە لەگوندی دێلێژەوە، کاتێك نامەکەم خۆێندەوە، باوەشێکم کرد بە گەلاوێژی خۆشکمدا، دەگەڕام بەدوایی ووشەیەکدا کە بەگەلاوێژی بڵێم، بەڵام هیچم بۆ نەدەهات لەوکاتەدا، لەنامەکەدا، ھەواڵی شەھید بوونی مولازم بروای برامانی تیدابوو، کەمال لەهەمان ماڵ بوو، لەقاتی سەرەوە، من چووم بۆ سەرەوەو نامەکەم پێشان دا، ئەویش باوەشی پیاکردم و ھەوڵی ئەدا دڵنەواییم بداتەوە، ھەرچەندە من بەرۆکەش خۆم زۆر بەھێزپێشان ئەدا.
لەگەڵ گەلاوێژدا چووم بۆ ماڵی باوکم، ھەرچۆنێك بوو بەباوکمم گووت، باوکم فرمێسك بەچاوەکانیدا ھاتە خوارەوە، ئەمە بۆیەکەم جاربوو لەژیانمدا باوکم بەم شێوەیە ببینم، بەڵام کەسمان نەمان توانی بە دایکم بڵێین، لە دوای ٣٠ ساڵ پێمان گووت کورەکەت شەھید بووە.
ماوەیەکی زۆرە من لە شارم، بەڵام ڕێزانی ھاوسەرم لە شاخە، واپێوستی دەکرد یان من برۆمەوە بۆ شاخ، یاخود ئەو بێتەوە ناوشار، ھاوڕێیان وایان بە باش زانی، کە ئەو بێتەوە ناوشار، ئێمە جارێکی دیکە لە شار بە یەك شادبوینەوە.
رژێمی بەعس بۆ چاوترساندنی خەڵك و سەپاندنی دەسەڵات، لەرێگای بەکارھێنانی شێوازی فاشی بەرامبەر گەل و بۆ ڕێگا گرتنی ھاوکاری، وەهەروەها کەمکردنەوەی سوزی جەماور بۆ شۆرش و پێشمەرگە، دوای ھەر چالاکیەك، رەش بگیری ئەنجام ئەدا، یان لە شوێنی چالاکییەکە، کۆمەڵێك دوکان و خانوی دەڕوخاند، یاخود کۆمەڵیک کەسی گۆلە باران دەکرد.
یەکێك لە کارەکانی ڕژێم بۆ تۆقاندنی میللەت، قەدغەکردنی ھاتووچۆ(منع التجول) بوو لە شارەکاندا، لەئەنجامی ئەوەدا،هەرکەسێکیان دەستگیر بکردایە، گولە بارانیان دەکرد.
خەلکی سلێمانی لە ڕووی دەروونییەوە، بە(منع التجول) زۆر نائارام دەبوو، ئاخر ھەر لە مناڵییەوە گوێیان لەمەنع التجولەکەی١٩٦٣/٦/٩ بووە، کە چۆن دوابەدوای ئەوە، خەڵکێکی زۆری شاریان لەحامییەی سلێمانی گولەباران کردووە.
رژێم ھەردوو سێ ساڵ جارێك، قەدەغەی ھاتووچۆی دەکرد بۆ ڕەشبگیری، ئێمەش حسابی خۆمان کردبوو بۆ ئەوە، لە زۆربەی ماڵەکاندا، لەو ژورانەی کاشی بوو، شوێنمان بۆ کاتی خۆشاردنەوە دروست دەکرد، بە لابردنی دوو کاشی وھەڵکەندنی چالێك بە قوڵی مەترێک و بیست سانتمتر، چواچێوەیەکمان بە چمەنتۆ بە قەبارەی ڕۆخی دوو کاشی دروست دەکرد، کاشیەکانمان لەسەر دائەنایەوە، قاب شورێك یان سەلاجەیەك ، یان مێزێك، یاخود ھەر شتێك بگونجایە لەگەڵ ژۆرەکەدا، لەسەر کاشییەکە دامان دەنا، شتی قەدغەمان تێدا ئەشاردەوە وەهەروەها لەکاتی قەدغەکردنی ھاتووچۆدا خۆمان تێدا دەشاردەوە. جارێک درەنگانێکی شەو زانیمان بەیانی ھاتوو چۆقەدەغە دەکرێت، هەر شەوەکەی ئەو ھاوڕێیانەمان کۆکردەوە کە قاچاغ بوون و جێگایان نەبوو بۆ خۆشاردنەوە، چوین بۆ بارەگای حزبە دیموکراتە کوردستانیە کارتونییەکەی ئەوکاتە، لە رێگای رەحمانەوە، بۆ بەیانیەکەی زوو ھێزە ئەمنیەکانی رژێم رژانە ناو شارەوە، بە بڵندگۆی سەر سەیارەکان و کوپتەرەکان، قەدغەکردنی ھاتۆچۆیان راگەیاند.

بارەگاکە پڕبوو لە خەلكی شار ، من بە کلاشینکۆفێکەوە لە بەردەم دەرگاکەی وەستابووم، ھەر وەك ئەوە بێت کە یەکێک بم لەوان، نزیك نوێژی نیوەرۆ، چەند چەکدارێکی رژێم ویستیان بێنە ژورەوە، پێم گووتن، ھاتنە ژورەوە قەدەغەیە، ئەوان جەیشی شەعبی بون، گوتیان تەنها نوژئەکەین ، من هەر سوربووم لە سەر ئەوەی کەنابێت، گووتم ئەمرمان پێ نییە، رێگا بەکەس بدەین بێتە ژورەوە.


ساڵی ١٩٨٧ ساڵێکی پر لە چالاکی گەورە و سەرکەوتن بوو بۆ ھێزەی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام لەمانگی دووی ساڵی ١٩٨٨وە، ھێرشی (ئەنفال)، بۆ لە ناوبردنی کوردو وێرانکردنی خاکی کوردستان، دەستی پێکرد، بەهێرشکردن و داگیرکردنی سەرگەڵو وبەرگەڵو، گوندەکانی دۆڵی جافایەتی و داگیرکردنیان، هەروەها هێرشی سەربازی بۆ ناوچەی قەرەداغ، بەرەو ناوچەکانی گەرمیان، کەزیانێکی ئێجگار گەورەی گەیاند، ھێرشی ئەنفال بەرەو زێی بچوك دەستی پێکرد، رێدار ، ئاغجەلەر ، تەق تەق، دەشتی کۆیە، بەرەو شەقلاوەو رەواندز، کۆتاییەکەی لەمانگی نۆدا بۆ ناوچەی بادینان.
ئەو گوندنشینانەی رزگاریان بوو لەهێرشی ئەنفال، لە موجەمەعە زۆرەملێکان، وەبەشێکیان لە شارەکاندا بوون لای خزم و ناسیاویان.
لەم بارۆ دۆخەدا، حزب وای پێ باش بوو، ئەو کادرو ئەندامانەی لە توانایاندا ھەیە، برۆنەوە ناو شارەکانەوە، بەڵام کەمال (سھیل الزھاوی)لەھەوڵی ئەودا بوو کە من بڕۆمەوە بۆ شاخ، ئاخر لەراستیدا من خۆم زۆر وابەستەی بیرۆکراتیەتی حزبی نەدەکرد، ئەوان وایان پێباش بوو، لەم ماڵ بۆ ئەوماڵ خۆم بشارمەو، بەڵام من بەپێچەوانەوە، لەم شەقام بۆ ئەو شەقام، لەم شار بۆ ئەو شار، لەجوڵەی بەردەوامدا بووم، من بڕوام وابوو کە من لێرەم بۆ کارکردن، نەك بۆ خۆشاردنەوەو نامە نوسیین، زۆر جار دوای ئەنجامدانی چالاکیەکە، کەمال دەیزانی، چونکە دڵنیابووم، ئەگەر ئەو پێشوەخت ئاگادار بوایە، ڕازی نەئەبوو بە ئەنجامدانی چالاکیەکە.
وادیارە دوای راپورت و راپورتکاریەکی زۆر، پێی راگەیاندم کە، هاوڕێیان بڕیاریان داوە کە من بڕۆمەوە شاخ، هەرچەندە من بۆخۆم هەمیشە پێیەکم لە شاخ و یەکێکم لەشار بوو.
لەم کاتەدا باروودۆخەکە زۆر جیاواز تر بوو. لەپێشتر، لەگەڵ حاجی ژن(دایکی شەھید عبدولرەحمان) ڕێکەوتم کە، یارمەتیم بدات برۆم بۆ گوندی چناران بناری شاخی کۆسرەت، ئاخر ئێمە هێشتا بنکەیەکمان مابوو لەوێ.
حاجی ژن خەڵکی قەڵادزێ بوو، هەرچەندە ئەو بەتەمەن بوو لەوکاتەدا، بەڵام زۆر ووریاو بەجوڵەبوو، هەمیشە ئامادەیی بۆ هەموو کارێك هەبوو، کە پێی بسپێردرایە، لەھاتوچۆی بەردەوامدابوو، وەهەروەها ناسیاوی زۆری هەبوو.
ئەوکاتەی کە من بووم بە پێشمەرگە، حزب لە توژەڵە و دەورپشتی یەك نانەواخانەی ناوەندی ھەبوو بۆ ھەموو بارەگاکان، شەھید عبدول رەحمانی کوری حاجی ژن لەوێ نانەوا بوو، منیش لەو نانەواخانەیەوە نانم دەبرد بۆ پەلەکەمان(فصیل المدفعیە)٫پەیوەندییەکی زۆرخۆشمان هەبوو بەیەکەوە، جگە لەوەی ماموستا محەمەدی کورەگەورەی حاجی ژن لەگوندی(مەرگە)مامۆستا بوو، هەرکاتێک برۆشتینایە بۆمەرگە سەردانیم دەکرد.
لەسلێمانیەوە لەگەڵ حاجی ژن بەڕێکەووتین بەرەو مەمەندئاوا، شت و مەکەکانی کەپێم بوو، هەرهەمووی قەدەغەبوو، لە بەریدو نەخشەی سەربازی، حاجی ژن لەژێر جلەکانیدا هەمووی شاردەوە، کەگەیشتینە مەمەندئاوا، منی برد بۆماڵێکی ناسیاویان، [ حەسن مێوژەیی ] ئەوان پێشوازیەکی باشیان لێکردم، ڕایسپاردن کە چیم بۆ بکەن، دوای ئەوە خۆی ماڵئاوایی لێکردم.
کە تاریکی شەوداھات، چوینە سەر دەریاچەی دووکان، بەلەمیان ئامادەکردبوو، سواری بەلەم بووین بەرەو بناری چیای کۆسرەت، لەو کاتەدا بەلەم بەکارهێنان قەدەغەبوو، ئاخر کۆپتەری رژێم بەڕۆژ بەسەر دەریاچەکەدا ھاتووچۆی دەکرد، تێبینی بەلەمێکی بکردایە بۆردوومانی دەکرد، لەبەرئەوە خەڵکەکە بەرۆژ بەلەمەکانیان ژێر ئاودەخست، یاخوود بەھەر شێوەیەکی دیکە دەیان شاردەوە، بەشەو دەریان دەھێناو بەکاریان دەھێنا، ئەوان منیان گەیاندە ئەوبەر، لەخوار بنکەی حزب لەگوندی چناران، خۆیان گەرانەوە.
من کەئێستا بە ئەم چەند دێرە باس لەو کاتە دەکەم، زۆر سەرسامم بە، چاونەترسی وئازایەتی ئەو خەلکە، لەو بارودۆخە سەخەتەدا، ئەو ئامادەبوونەیان، لەگەڵ ئەوەی سەرو ماڵیان لەمەترسیدا بوو، لەبەرئەوەیە کە زۆر لام ناخۆشە کە دەڵێن، مللەتی ئێمە ھیچی تیا بەستە نییە، ئەبێت بڵێین ئەوە سەرکردەکانی ئێمەن ھیچیان تیابەستە نییە.
بەرەبەیان گەیشتمە بنکەی چنارە، چەند ھاوڕێیەکی لێ بوو(عارف٫ ئاوات٫ مام رەسول )٫ من بۆخۆم شارەزای بناری کوسرەت بووم، ئاخر لە ساڵی١٩٨٢، بارەگای لقی ئێمە (لقی شەھید بکر تەلانی)٫وە هەروەها لقی بتوێن لێرە بووین، هەر ئەوکاتە شەھید شەماڵی یەکیتی لێرەبوو، بەپێوستی دەزانم لێرە ئەوە بڵێم شەھید شەماڵ، مرۆڤیکی زۆر ڕەوشت بەرز بوو، ئارەزوی دوستایەتی بەھێز بوو، ڕێزی زۆری لە شەھید عەلی حاجی دەگرت، هەردووکیان بوون بەقوربانی شەڕی ناوخۆ(شەڕی دووژمن خەنیکردن).
دوای چەند رۆژێك لە مانەوەم لێرە، بەرەو دوڵی سماقلی بەڕێکەووتم.

من وھاوڕێیەك کە بە داخەوە ناوکەی نایەتەوە یادم، لەسەر چیای کۆسرەت بووین، بەدیوی شارۆچکەی خەلەکاندا، چاوەڕێی خۆرئاوابونمان دەکرد، بۆئەوەی شۆڕبینەوە بەرەو خوارەوە، تا لەجادەی (خەلەکان-دووکان) بپەڕێینەوە، بەسەرسامییەوە دەمانڕوانیە دیمەنی سروشت و جوانی(چیاو دۆڵ و تەختایی) لەیەک کاتدا، لای دەستی ڕاست چیای باواجی، بەرامبەری ھەیبە سوڵتان، لەلای چەپ شاخی سارا، لەو کات و شوێنەدا، ڕوداوێکم هاتەوە یاد، بۆ هاوڕێکەمم گێڕایەوە، کە جارێکیان هەرچی مەڕوبزنی خەلەکان بوو بەسەر ئەم شاخەدا سەرمانخست و بردمان بۆ بنکەی گوندی چناران، هاوڕێیانی لق پێیان ڕاگەیاندم کەمەفەرەزەیەک بەرم و بچم مەرو بزنی جاشەکان بهێنم، کەبەشەو لەوبەری خەلەکان دەمانەوە، کەشەو داهات ئێمەش ڕۆیشتین، بینیمان کەبەشێک لەڕانەکە لەبناری کۆسرەت بوو، بەشەکەی دیکەی لەوبەر بوو، شوانەکان ئاگریان کردبویەوە، لەپێشا چووین بۆ ئەمبەرو بەشوانەکانمان گووت، مەڕو بزنی خۆتان و جاشەکان جیابکەنەوە، بەڵام ئەوان نەیان وێرا وابکەن، ئاخر ناهەقیان نەبوو، لەترسی جاشەکان، یەکێک لەشوانەکان بەدزییەوە گوتی هەمووی بەرن، لەدواییدا هی خەڵکەکە بدەنەوە، ئێمەش وامانکرد، هەموو ئەوانەی ئەوبەرمان ھێنا، لەگەڵ ئەمانەی ئەمبەر، نزیکەی ھەزار سەرەمەڕوبزن بوون، هەموویانمان برد، بۆ ڕۆژی دوایی خەڵکەکەی خەلەکان ھاتن، هەریەکە مەڕو بزنی خۆی بردەوە، ئەوانەی جاشەکان بۆ ئێمە مایەوە.
دوای ئەوەی شوڕبوینەوە، دوو ڕەشماڵ لەسەر ڕێگاکەمان بوو، نزیکی جادەی پەرینەوە لە دوڵێکدا، ھاوڕێکەم گوتی پێش پەرینەوەمان لائەدەین و نانی ئێوارە لەلای ئەو دوو رەشماڵە دەخۆین، هەرکە ئەو باسی نانخواردنی کرد، من گوتم لەوەتەی پێشمەرگەم باسی خواردنی قورام بۆ دەکەن، کەچی بۆ یەك جاریش نەمخواردووە، کەخواردنەکە دانرا هاوڕێکەم گووتی خۆشی لەخۆت، ئەوە ئەم ئێوارەیە خواردنەکە قوڕاوە، بەراستی گوناحە ئەو خواردنە خۆشە( نەرمە گۆشتی مەر،ماستی ترش،جاترە)٫ ناوی قوڕاو بێت.
کاتێک گەیشتینە دوڵی سماقوڵی، ئەوهێزانمان بینی کەلەناوچەی سلێمانییەوە کشابونەوە، ھەندێک لە کادرەکانی ڕێکخستنی سلێمانیان لەگەڵدا بوو، یەکێك لەوانە یادی بەخێر مام بارام بوو، ئەو بەریدەی بەمن بوو، نامەیەکی تیدابوو بۆمام بارام، لەڕاستیدا ئەبوایه لەگەڵ بەریدەکە تەسلیمی مەڵبەندی بکەم، دوایی ئەوان بیدەنە دەستی مام بارام، بەڵام من بروام بەو جۆرە لەرۆتین و بیرکراتییە نەبوو، بە تایبەتی من ناوەرۆکی نامەکەم دەزانی، کە بەشێکی پەیوندی بە گرتنی ماموستا خالیدەوە ھەبوو.
شەھید ماموستا خالید(صلاح الدین حسن)٫کادرێکی پێشکەووتوی ریکخستنی سلێمانی حزب بوو، لە کاتی ئەنفالکرنی ناوچەکە لە ھەوڵی گەڕانەوەی بۆ ناوشار، بۆ خۆشاردنەوەوکارکردنی نهێنی، دەستگیر کرابوو، من بۆ خۆم یەکەم جارلە هاوینی ۱۹٨۰لە نیزیکەوە ئاشنای شەھید ماموستاخالید بووم، لەسەر شاخی مامەند، ماوەیەك پێکەوە بووین، ئەوکاتە ھەواڵی ئەوە ھەبوو، کەسوپای عێراق بەنیارە، ھێرش بکاتە سەر ئەوناوچەیە.
شەھید خالید مرۆڤێکی ڕوخۆش وبەهەمیشەیی بزەی لەسەر لێوبوو، لەگەڵ ئەوە لەسەرخۆ وهێوابەخش بوو، نەی دەزانی تووڕە بوون چییە.
کاتێك مام بارام نامەکەی خوێندەوە، تاساوخەمێکی گەورە دایگرت، پرسیار لەسەر پرسیاری ئاراستە دەکردم، منیش وەڵامێکی ئەووتۆم نەبوو بۆ زۆربە پرسیارەکانی.
لە ریگام بەرەو دوڵی بالیسان، سەرکەوتم بەسەر چییای ئاوەگردا، ئاخر ئێمە بنکەیەکمان لەوێ ھەبوو.
هاوڕێ( موحسن یاسین)٫ داوای لێکردم ماتورێ(جەنەرێتەر)ی، شەحنی پاتری جیھازی بێ سhttp://westganews.net/drejaWtar.aspx?NusarID=650&Jmara=5501یمەکەیان کاری نەدەکرد، چاکی بکەمەوە بۆیان، لەوێ مامەوە تا چاکمکرد، دوای ئەوە بەڕێکەوتم بەرەو دوڵی بالیسان.

كلیك بكه‌ بۆ به‌شه‌كانی‌ پێشووتر 



PM:05:56:03/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 5496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی