لەروناکییەوە پۆ تاریکی .! 11-12

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا

بەشی -١١-


هەر لەم ماوەیەدا، چاومان رۆشنبویەوە بە دیداری ژمارەیەك لەھاورێیان کەپێشتر پێشمەرگە بوون، لەلایەن حیزبەوە نێردرابوون بۆ کۆلیجی سەربازی لە یەمەنی دیموکراتی(یەمەنی باشوور)ی ئەوکاتە.

یەکێك لەو ھاوڕێیانە شەھید مولازم سیروان بوو(سەردار عوبێت سەعاتچی)٫لە ساڵی ١٩٧٩وە پێشمەرگە بوو، پێشتریش لە رێکخستنەکانی حزبدا کاری ئەکرد، لەشاری کەرکوک. ھەردووکمان پێکەوە لەلقی شەھید بەکر تەلانی بووین، پێش ناردنی بۆ کۆلیجی سەربازی، ئەو سەرپەل بوو، منیش راوێژکاری سیاسی هەمان پەل بووم، زۆر دەگونجاین بەیەکەوە، ئەو زۆر حەزی لە چالاکی بوو، هەرچی بگوتایە من نەم دەگووت نا، ھەردووکمان توندبوین، بەرامبەر زیادە ڕۆیی تیپی ٢١کەرکوك ی یەکێتی، لە خۆ سەپاندنی دەسەلات لە ناوچەکە، چەند جارێك گرژی و ناخۆشی لە نێوانماندا ڕویدا، تەنانەت یەك دوو جار گەیشتە چەك راکێشان لەیەکتری، بۆ نمونە جارێک ئێمە چوین بۆ گوندی گۆپتەپە، دیار بوو پێش ئەوەی ئێمە بگەینە دێ، یەکێتی لێ بوو، لێپرسراوەکەیان نازمی حمەی سلێمان بوو، نازم کاتی خۆی ئامرھێزی رزگاری بوو، لە ناو پارتیدا، نازم و کومەڵێك پێشمەرگە دانیشتبوون، لەسەر یەک دوو تەختە لە بەردەم دوکانێكدا، کاتێک گەیشتنه بەردمیان سڵاومان کرد، شەھید سیروان لە نزیك ئەوانەوە وەستا لەوکاتەدا، لەگەڵ ھاوڕێیەکدا قسەی دەکرد، نازم گوتی لێرە مەوەستن ئێمە ئیشمان ھەیە لێرە، زۆر بەبێرێزی پێکردنەوە، شەھید سیروان بەھێمنی گووتی کارمان بە ئێوە چییە، من خۆم پێنەگیرا گوتم، ئێرە شوێنێکی گشتییە، ھەموو کەسێك بۆی هەیە لێرە بوەستێت، ئەگەر ئێوە کارێکی تایبەتتان ھەیە، دەتوانن برونە ماڵێك، لەگەل ئەم قسانەم پشتم کردە دیوارێك و تەکتریوفەکەم دامەزراند، گووتم ئەگەرگەواد ھەیە با بەمن بڵی لاچۆ لێرە.

شەھید سیروان زۆر بەخێرای خۆی دەگونجاند لەگەل خەڵکی گوندەکان، بچوایەتە هەر ماڵیك، دوای چەند خولەکێکی کەم، وەك ئەندامی مالەکەی لێدەھات، پێش ئەوەی بچێت بۆ هەرگوندێک زانیاری تەواوی لەسەر گوندەکە کۆدەکردەوە، وەک کێشەکانی زەوی و زار، کێ دژمنایەتی ھەیە و لەسەرچی، کێ مەلای گوندە، خەڵکەکە گۆێڕایەڵی کێیە، ژن و ژن خوازی چۆنە، کێ رقی لە کێیە، وردو درشتی شتەکانی دەپرسی ، توانایەکی باشی کۆکردنەوە زانیاری وەهەروەها لەبیری نەدەچوەوە، ھەموو سیفەتەکانی سەرکردەی تێدابوو، لە شێوەو هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە، لە گەڵ ئەوانەشدا کەسێکی شەرمن بوو، جارێک لە گوندی گڵسە بووین، پێشمەرگەکان دابەش ببوون بەسەر ماڵەکاندا بۆ نان خواردن، بەتەنها من و ھاوڕێیەکی دیکە مابووینەوە وەک حەرەس هەتا دوو ھاوڕێی دیکە لێدەبنەوەو دوایی ئەمانگۆڕن، لەوکاتەدا دوو چەکدار لەوبەری زێوە چاوەڕێی کەڵەکیان دەکرد، بۆ پەڕینەوە بۆ بەرەکەی ئێمە، شەھید سیروان لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەك ھاتن گوتیان، برۆن نان بخۆن، من گوتم ناڕۆم چاوەڕێ ئەکەم ئەو دوو چەکدارە بپەڕنەوە، ئەگەر یەکێتی بن ئەوا چەکیان دەکەم لە تۆڵەی عەلی رەش وکارزان، هەتا ئەوان ئازاد نەکەن ئێمەش ئەمان ئازاد ناکەین( شەھید علی رەش وکارزان٫ دوو پێشمەرگەی خەڵکی گوندی قەرەناو بوون، بەڕوخسەت چۆبونەوە بۆ گوندەکەی خۆیان، یەکێتی چەکیان کردبوون)٫ شەھید سیروان گوتی تۆ برۆ نانەکەت بخۆ، کەی ھاتنە ئەمبەر خۆم چەکیان دەکەم، من رۆیشتم بۆ نانخواردن، کەهاتمەوە سەیر دەکەم شەھید سیروان دەستی لە ناو دەستی یەکێک لە دوو چەکدارەکەدایە و پیاسە ئەکەن بەیەکەوە، چۆمە پێشەوە و داوای یارمەتیم لێکردو گوتم کەمێك کارم پێتە، ھاتە ئەولاوەو گوتم ئەمەچییە؟ گوتی ھاوڕێ پۆلا داوای لێبوردن دەکەم، ئاخرنەمتوانی چەکیان بکەم، چونکە ھاوڕێی خۆێندنم بوو.

ئێستا ملازم سیروان گەراوەتەو بە زانستی سەربازیەوە، من زۆر دڵخۆش بووم بەگەڕانەوەی وەهەروەها چاوەڕێی سودوەرگرتم لەو زانیاریە سەربازیانەی کە ئێستا ئەو هەیەتی ،بەڵام بە گفتوگۆ کردن لەگەڵیدا وا دەرئەکەوت ئەوباوڕە بەھێزەی جارانی نەمابێت، بە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆسنتی، کە مرۆڤاکان تیایدا یەکسان و بەختەوەر بژین، ئەم لەقبوونەی بروباوەڕەکەی لەو سەردانەیەوەی بووە بۆ یەکێتی سوڤیەت بۆ بەشداریکردن لە ڤیستڤاڵی لاوانی جیهان لەمۆسکۆ، پێش گەرانەوی بۆ کوردستان، لەوێ بارودۆخی سیستەم و کومەڵگاکەی بینیبوو کە زۆر جیاواز بوو لەو چاوەڕوانیەی کەئەو هەیبووە پێشتر لە یەکێتی سۆڤیەت و سیستەمی ئشتراکی، لەڕاستدا نەك بەتەنها ئەو زۆربەمان وێنایەکی جوان و بێگەرد دروستکرابوو لامان، لەلایەن حزب ئەو کادرانەی ئەیاناردن بۆ خوێندنی حزبی یان ئەکادیمی، وایان ئەزانی بەمە خزمەتی مارکسییەت دەکەن، لەجیاتی ئەوەی ھەوڵبدەن بەزۆر بێسەلمێنن ئۆتۆمبیلی موسکۆڤیچ باشە، باشتر بوو ھەوڵدەن ھاوریان پەروەردەبکەن بە مارکسییەت و ڕەوشتی مروڤایەتی.

سوڤیەت یاخود ھەر دەوڵەتێکی تری سوشیالیستی سەرکەوتووبێت یان نا، لە ناوەرۆکی خەباتی ئێمە ناگۆڕێت، ئەوێش نەھێشتنی چەوساندەوەیە.

بەداخە دوای جەند چالاکییەكمان بەیەکەوە، ئەو سەنگەری گواستەوە ناو یەکێتی، لە ھێرشکردن بۆ سەر ربیەکی رژێم شەھید بوو . شەھید سیروان ئەکرا ببێتە چیڤارای کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەم حزبانەی کوردستان چەند جیڤارایان لە ناوبرد، پێش ئەوەی دوژمن لە ناویان بات.

بەشی-١٢-


ھێزێکی پێشمەرگەکانی دەشتی ھەولێر، بەڕێگاوە بوون بۆ ناوچەکەیان، لای ئێمە لایاندا، لەگەڵ هێزەکە شەھید مولازم بروا(جەمال عزیز)ی برامیان لەگەڵ بوو، ئێمە چەند ساڵێک بوو یەکتریمان نەدیبوو، من بۆخۆم ساڵی ١٩٧٩، ئەمویست لەڕەواندزەوەو لەڕێگای برادەرێکمەوە کەناوی نیازبوو، بڕۆم ببم بەپێشمەرگە، شەھید بروا کەزانی من سورم لەسەر چونەدەرەم، گوتی من خۆم لە رێگای (قەلادزێ)وە ئەتنێرم، من پەلەم بوو، ئەو شانە حزبییەی من کارم تێدا دەکرد، ھەموویان لەلایەن دەزگای ئاسایشی ڕژێمەوە، بانگکرابوون و واژویان پێکرابوو کەچیترکاری حزبی نەکەن، ئەگینا سزا دەدرێن، چەند کەسێکیان ھات و پێیان ڕاگەیاندم، کەگوایە لە منیشیان پرسیوە، ھەرچەندە بانگ کردن لەوکاتەدا لەلایەن ئاسایشی ڕژێمەوە، مەترسییەکی ئەوتووی نەبوو، ئاخر هێشتا بەرەی حزب لەگەڵ بەعسدا یەکلایی نەبوبیەوە، بەڵام من ئەوەیشم پێ قوبوڵ نەبوو، شەھید بروا منی برد بۆ قەلادزێ، بۆ ماڵی ھاوڕێ مەحمودی حاجی فەقێ خدر، ئەو لەگەڵ کوڕەکەی کەناوی دارا بوو ھاوڕێ بوون، دوای مانەوەم لەوێ نزیکەی دوو ھەفتە، ماموستایەك بە ماتۆڕ منی برد بۆ گوندێك، ئەو لەوێ مامۆستای نەھێشتنی نەخێندەواری(محوالامیە)بوو، لەوێشەوە لەگەڵ کاروانچی بۆبێوران، دوایی بۆلای ھاوڕێیان لە تۆژەڵە.

لەوکاتەی من چاوم بەدنیا هەڵهێناوەو بیرم کردۆتەوە، هەرچەندە زۆر پێشتریش، ھەموو خیزانەکەمان لە کاری حزبیدا بوون، دایکم ھەموو جارێک دەیگوت، ئەم دونیایە ھەرگیز چاک نابێت، ئێمەیش دەمانگوت بۆ وادەڵێت؟ وەڵامی دیکم ئەمە بوو، ئەیبینن گەلاوێژی خوشکتان کەئیستا خاوەنی ماڵ ومنداڵە، ئەو هێشتا منداڵ بوو ھاوڕێیانی باوکت دەستیان ئەکێشا بەپشتی گەلاوێژداو ئەیانگوت، سەردەمی تۆ دونیا خوشدەبێت، ئەوەتا دونیا خراپتربووە و باش نەبووە.

دوای من بەساڵێک شەھید بڕوای برام بووبە پێشمەرگە، دواجار کەیەکمان بینی، لەبەر ئەوەی من لەسەرکردەیەکم دابوو، بەند بووم لەسجنی حزب.

ئێستا جارێکی دیکە بە یەکتری شادبووینەوە، ئەمە دواجار بوو یەکتری ببینین.

یەکێك لەو مولازمانەی کە ئێستا لە بەتالێونە، ملازم گۆرانە، گەنجێکی دەم بەخەندەی ڕۆح سوکی ھەست ناسکی دەنگ خۆش بوو، زۆربەی شەوەکان گۆرانی بۆ دەوتین، خۆشی خستبووە ناو بارەگاوە، ئەو بەو دەنگە خۆش و هەستە هونەریە جوانەیەوە ئەی بردین بۆ دونیایی سروشت و ئەوەین، دەبوایه ئەم ھاوڕێیەیان بناردبایه بۆ خوێندن لەبواری ھونەردا، نەك بواری سەربازی.

سەرکردەکان وکادرە دەستڕۆیشتوەکانی حزبی شیوعی، تاك و تەرایان لیدەرچێت، مناڵ وهەتا خزم و ناسیاوەکانیشیان، ئەنارد بۆ یەکێتی سوڤیەت و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات، بێگومان بەزەمالەی حیزبی بۆ خوێندنی زانکۆ بەتایبەتی (ئەندازیاری، پزیشکی)، یەك سەرکردە نییە مناڵی ناردبێت بۆ خوێندن لەبواری سەربازیدا، هەندێک سەرکردە کوڕەکانیان پێشمەرگە بوون و شەهید بوون، ئەوانە کوڕەکانیان خۆیان گیانی شوشگێری و تێکوشانیان تێدابوو نەک بە پشتگیری باوکەکانیان، وەك شەھید سەربازی مەلا ئەحمەد بانی خێڵانی، وەهەروەها شەھید بوتانی کوڕی کەریم ئەحمەد، بەڵگەش لەسەر ئەم بۆچونە، سەیرکە ئەمرۆ کورو کچی سەرکردەو کادرە ھەلپەرستەکان هەرھەموویان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن، ھەندێك لەو سەرکردانە خۆیشیان بە ناچاری لە کوردسان بوون، چاوڕێی دەرفەتێکیان دەکرد بڕۆنە دەرەوە (ئەوروپا).

هەر وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو بابەتەی پێشتر باسم لێوەکرد، ساڵی ۱۹٨۰، یەکێتی بۆنەیەکی ھەبوو لەخڕەی ناوزەنگ، من وەك پێشمەرگەیەک لەگەڵ فاتح ڕەسول ڕۆیشتم بۆ ئەوێ، گەیشتینە شوێنی کۆبونەوە جەماوەریەکە، مام جەلال پێشوازی لە فاتح رەسول کردو لەتەنیشت خۆیەوە داینیشاند، منیش لە پشتەوەیانەوەیان بووم، کۆبونەوەکە لەدەرەوە بوو لە تەختاییەکدا، دوای ئەوەی مام جەلال وتارەکەی خوێندەوە کە رستەیەکیم هەتا ئێستا لەبیرماوە، ئەویش ئەوە بوو(ئەم رژێمە شێرە! بەڵام شێرە بەفرینەیە ھەر ئەوندەی ھەتاوی شوڕشی لێ دەرکەوێ، لە شوێنی خۆیدا دەتوێتەوە)٫ دوای تەوابوونی ووتارەکە ھاتەوە دانیشت، فاتح ڕەسول دەستی برد بۆ گیرفانی بەرباخڵی و جەوازێکی عێراقی دەرهێنا، دایە دەستی مام جەلال وگوتی، دەتوانم بەمە دەرچم لەئێرانەوە؟ مام جەلال سەیری کردوو گوتی بەڵێ دەتوانی و زۆر باشە.

چەند سەرکردەیەك نەبێت کە

بڕوای تەواوەتیان ھەبوو بە شورشی چەکداری، ھەموو ووزەو توانایەکیان بۆ تەرخان کردبوو، بۆنمونە تۆما توماس، ئەگینا ئەوانەی دیکە ئەو بروایەیان پێنەبوو، کەشەری عێراق-ئێران ھەڵگیرسا، ئەو دەنگانە کەم نەبوون لە سەرکردایەتی حزب کە دەیانگووت، نیشتیمان لەمەترسیدایە لە لایەن دوژمنانی دەرەوە، وا پێویست دەکات ئێمە بەرگری لە خاکی نیشتمان بکەین، نەك دژایەتی سوپای عێراق بکەین(نڤریه الدفاع عن الوگن)٫ ئەتوانم بڵێم کە یەکێك لە خاڵە هەرە لاوازەکانی ئێمە ئەمەبوو، سەرکردە مەیدانیەکانمان خاوەن بڕیار نەبوون، رێگەیان پێنەئدرا، بۆ ھەر کارێکی گەورە تەنانەت زۆر جار بچوكیش، ئەبوایە بڕیار لە سەرەوە بدریت، ئەمەش لەگەڵ کاری سەربازیدا نەدەگونجا رێگربوو، وە لەھەمان کاتدا، بیانویەکی باش بوو، بۆ ئەوانەی کە نەیانئەویست کاربکرێت، بەپاساوی ئەوەی کە ئەبێت بڕیار لە سەروو خۆمانەوە وەرگرین.

ئەگێرنەوە دەڵێن، کاتی خۆی ھاوڕێیان ژنیان بۆ ھاوڕێیەك ھێناوە، دوای چەند ھەفتەیەك ھاوڕێیان کوبونەوەیان ئەبێت لە ماڵی ھاوڕێی زاوا، دوای کۆبونەوەکە بوکێ لەدەرفەتێکدا بەیەکێك لە ھاوڕێکانی ھاوسەرەکەی دەڵێت، ئەگەر ھاوڕێکەتان توانای ژنهێنانی نەبوو بۆ ژنتان بۆ ھێنا، هەڵبەتە مەبەستی کاری (ناوجێگا)بووە، ئەویش دەڵێ چۆن؟ بوکێ بۆی باسدەکات کەلەو رۆژەوەی ژن و مێردن نە ھاتووە بەلایدا، دوای ئەوە ھاوڕێکە بە زاوا دەڵێت بۆ تۆ تا ئێستا بەئەرکی خۆت ھەلنەستاویت وەک تازە زاوایەک، ھیچ گرفتێکت ھەیە؟ ئەویش دەڵێت نەخێر، بەڵام من چاوڕێی بڕیاری حزب دەکەم، ھاوڕێکە تێئدەگات کە ئەم ھاوڕێیە مێشکی ووشکە (دۆگمایە)٫ ئەڵێت ئەوە حزب بریاری داوە، ھەرکە ھاوڕێیان دەڕۆنە دەرەوە، زاوا بەبوکێ دەڵێت دەی خێراکە با برۆینە ژورەوە، بوکێش دەپرسێت بۆخێرە؟ دەڵێت بڕیاری حزبم پێیە، لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەیان، بۆکێ دەڵێت ئەی بەقوربانی حزب بم، تائێستا ئەم بریارە لە کوێ بوو.

لە روناکییەو بۆ تاریکی.! 9-10



PM:02:07:10/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 3836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی