لە روناکییەو بۆ تاریکی.! 9-10

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا



بەشی -٩-

لە بارەگای بەتالیۆنی ٣١ئازار، مرۆڤ ھەستی بەژیانی ھاوڕێیەتی دەکرد، کەمترین کێشە لێرە هەبوو، ژیانی پێشمەرگایەتی وەک کۆمەڵگەیەکی بچوک و تایبەت دەهاتە پێش چاو، ئاخر بوونی ئەو چەند خێزانە لەناو هێزی پێشمەرگەدا، سیمای خێزان و خۆشەویستی بوو، بێجگە لەوەی پەیوەندیە کومەڵایەتیەکانی بەهێزتر دەکرد، مرۆڤ هەستی بە ژیان وئاسودەیی دەکرد، گریان ویاری و ڕاکەڕاکی منداڵان ئایندەی لا گەش و ڕووناکتر دەکردیت، بەخێوکردنی جوچگ و مریشک و قوقەقوی کەڵەشێرو قاسپە قاسپی کەو، هەستی سیمفۆنیایەکی ئارام بەخش بوو بۆجەستەو ڕۆح، ئەتوانم بڵێم بەتەنها بوونی ئایشە کرۆوك، بێجگە لەبەخشینی بەردەوامی ئەوهەستە نیشتیمان پەروەری و خۆڕاگریەی کە لەخۆی و ڕۆڵەکانیدا هەبوو، لێرە سوزێکی دایکانەی پڕ هەست و ئەوین بوو بۆ پێشمەرگەکان.
ساڵی ۱۹٨٥، حزب کۆنگرەی چوارەهەمی خۆی بەست، ئەوەبوو لەساڵی ۱۹۷۹وە تابەستنی کۆنگرە، ڕەخنەو تێبینی زۆر کەڵەکە بوو بوو، لەسەر سیاسەتی حیزب و سەرکردەکانی، بەڵام ئەنجامەکانی کۆنگرە بەپێی خواستی دڵسۆزانی حیزب نەبوو، هەرچەندە پێشتر هەر باس و ڕەخنەیەک هەبوایە، دەوترا ئەوە لە دەسەڵاتی کۆنگرەدایە، بەداخەوە گۆڕانکاری ئەوتۆیش ڕوینەدا.
راستە لە کۆنگرە ھەڵسەنگاندن بۆ بەرە شکستخواردوەکەی حزب لەگەڵ بەعسدا کرا، وەهەروەها دان بە ھەڵەکاندا نرا، بەڵام کەس لەسەر ئەوھەڵانە لێپرسینەوەی لەگەڵدانەکرا، بەڵکو ھەمان ئەو سەرکردانەی پێشوو لەدەسەڵاتدا مانەوە، بەسکرتێری حیزبەوە، بەهیچ شێوەیەک نەچوون بەلای کارەساتەکەی پشتئاشاندا، قسە کردن لەسەر ئەو ڕووداوە دواخرا، هەتا ئەمڕۆش وەک خۆی ماوەتەوە.
راستییەك ھەیە ئەویش ئەویە، لە شەستەکانەوە کۆمەڵێک سەرکردە خۆیان سەپاندوە بەسەر ئەو حیزبەدا، بەھۆکار و ڕێگای جۆراوجۆر، بەبێ گوێگرتن لە بنکە شوشگێرەیەکەی حزب، بەواتایکی دیکە، ئەندامانی حزب بۆچون و هۆشیاری و ھەڵوێستیان وەهەروەها ھەڵسەنگاندنیان لەپێش سەرکردەکانەوە بووە، تەنانەت خەباتی چەکداری لەلایەن دوو سێ ھاوڕێی سەرکردایەتی و ئەندامانی حیربەوە، سەپێندرابوو بەسەر حزبدا، ئەگینا سەرکردایەتی حیزب هەرچاوی لە دەرگای بەعس بوو.
هەرلەم کاتەدا کومەڵێك پێشمەرگەو کادری ئاڵای شورش هاتنە لای ئێمە، یەکێک لەوانە حاجی مەموو بوو، پێمان ڕاگەیەندرا، ھەرچی لە توانادا هەبێت پێشکەشیان بکەین، بێگومان یەکێتی ھەموو ھەوڵێکیان ئەدا بۆ لەناو بردیان، بەمەترسییەکی گەورەیان دائەنان، ئاخر لەوکاتەدا مەلابەختیار دەستبەسەربوو، ھەرچی سوکایەتی ھەیە پێیان کرد، ھەتا تۆبەیان پێنەکرد ئازادیان نەکرد.
ئەمە یەکەم جار نەبوو حزب یارمەتی کەسانێکی شورشگیر بدات، لە ساڵی١٩٧٩ کاتێک پارتی لەڕاژان گونگرەی بەست، سامی عبدوالرحمانی دورخستەوە، دوابەدوای ئەوە ئەم پارتی گەلی دروستکرد، لە بادینان پارتی کەوتە راونانیان، حیزب یارمەتی دان بەپێی توانا، لە کاتێکدا ئێمە پێوستێمان بەیارمەتی بوو.
ھەروەھا لە ساڵی ١٩٨١کاتێك یەکێتی دوو پێشمەرگەی پاسۆكی شەھید کرد، بەناوی (بێستون و فارس)٫ لە تۆلەی ئەوان مەفرەزەێکی پاسۆك بەسەرپەرشتی عبدوئیلا( مولازم شوان) پێنچ پێشمەرگەی یەکێتیان شەهید کردو دووان بریندار، لە گۆندی گەرەدێی شارباژێڕ، لە ناویاندا ماموستا جەمال، ئەوانیش هەروەها پەنایان بردە بەر حزب.
من لێرە کەوێکم هەبوو، هەربەباڕی بەخێوم کردبوو، ھاوڕێیان بیزار بوون لێی، زۆر شەڕانی بوو، بەدەنوکی خوارەوی شەرواڵی زۆربەیانی کون کون کردبوو، ڕەوشتی زۆر لەکەو جیاواز بوو، ماشی نەئەخوارد، لەکاتێکدا کەکەو زۆر حەزی لەماشە، برنجی دەخوارد، کەکەو نایخوات، لەقەفەزدا نەبوو، بەئازادی ئەهات و ئەچوو، لەسەر دارئەنیشتەوە بەڵام بەقاسپە قاسپەکەی کەو بوو.

بەشی -١٠-

ئیروان گوندێکی چۆڵکراو بوو، هەر لەبەرئەوە، خانوو دروستکردن لەوێ ئاسان بوو.
زۆربەی خانوەکان دوای ڕاگواستنی دانیشتوانە ڕەسەنەکەی و ڕوخابو، هێشتا بناغەکانیان مابویەوە، بێجگە لەوەی هەندێک لە دیواری خانوەکان، هێشتا بەبەرزی مابونەوە.
بۆ دروستکردنی ژورێك، سودمان دەبینی لەبناغەی خانوە داڕماوەکان و دیوارو ئەوبەردانەی لەپاشماوەی داڕوخاندنەکەوە بەجێ مابوو، تەنها ئەوەندەت پێویست بوو شوێنکە پاک بکەیتەوە، دوابەدوای ئەوە، هەر لەسەر پاشماوەی بناغەکەو ئەودیوارانەی هێشتا بەپێوە بوون، بەیەک بەرزی دیوارەکان هەڵچنیت، پاشان دارەڕێیکەی بە چلو (گەڵای دار بە لقەکەیەوە)دایپۆشیت٫ دوایی گڵ ڕێژی بکەیت.
ئەم ئاسانکاریانە وای لە من و ڕێزان کرد، بێگومان بەیارمەتی چەند ھاوڕێیەك، بەتایبەتی (مام رەسولەسور)ی لقی بتوێن، ژوورێك بۆخۆمان دروست بکەین، وەهەروەها ئەبو حەیات وڤیان ژورێكیان لەتەنیشت ژورەکەی ئێمەوە دروستکرد.
ئەمە رووداوێکی گەورە وگرنگ بوو، لە ژیانی من و ڕێزاندا، ئاخر بۆ یەکەم جارە ژورێکمان ھەبێت، تایبەت بێت بەخۆمان، ھەرچەندە ئەگەرجێگە نەبوایە، ھاوڕێیان لە ژورەکەی ئێمە دەمانەوە بۆ نوستن.
ھەرکاتمان ھەبوایە، دوو ئێسترو نان وشەکر وچاو خۆی پیازمان دەبرد و ئەپەرینەوە لەزێی گەورە، بەرەو پشتی شاخەکانی مێرگە سوور، شەوێک یان دوو شەو دەماینەوە، لەوێ ڕاوی بزنە کێویمان دەکرد، دوایی بە نێچیرکانمانەوە ئەھاتینەوە بۆ بارەگا، هەموومان تێرگۆشت دەبووین، هەروەها دەرویشتین بۆ سەرزێ، لەگەڵ ئەوەی مەلەمان دەکرد، ڕاوە ماسیشمان دەکرد، هەرلەوێ بەشی خۆمانمان دەخوارد، ئەوەیشی دەمایەوە، دەمانهێنایەوە بۆ بنکە.
رۆژێک بەرێکەوتین بۆ سەر زێ، بۆ مەلە کردن و ڕاوەماسی رێگاکە لەنیو کاتژمێرێک کەمتر دەبوو، لە نیوەی رێگا بوین چەند فڕوکەیەکی رژێم ئەو ناوەیان بۆردومانکرد، لای بارەگایشی گرتەوە، ئاگرێکی زۆر کەوتەوە، ناچار بووین بگەڕێینەوە بۆ بنکە، بۆئەوەی ئاگاداری زیانەکان بین، خۆشبەختانە زیانی گیانیمان نەبوو، تەنها ئاگرەکە نەبێت، ئێمەش دەستمانکرد بەئاگر کوژاندنەوە، دوای ئەوەی لێبوینەوە، بۆنێکی زۆری دوکەڵ و ئارەقمان لێدەهات، هەرلەبەر ئەوە بەباشمان زانی، بچینەوە سەرزێ بۆ خۆشتن وجل شتن، بەڵام کاتێك نزیكی زێ بوینەوە، کەناری زێ یەكپارچە سپی بوو بەماسی، زانیمان کە دوو موشەك لەزێی داوە، بەوهۆیەوە ماسیەکان سەر ئاو کەوتوون، ئیتر پێویستیمان بەوە نەبوو خۆمان ڕاوبکەین. ئەم ڕوداوە ڕوداوێکی دیکەی وەبیر ھێنامەوە، لە ساڵ ١٩٨٠ بارەگایەکی ھاوینەیمان ھەبوو لە باسکەڕێوی، رێگای کانی زەردی رۆژھەڵاتی کوردستان، هاوڕێیان کەپرێکیان هەبوو لەسەرەوە بوو، بەڵام کانیەکە لەخوارەوە بوو، ئەبوایە لە خوارەوە ئاویان سەربخستایە بۆ سەرەوە بۆ لای کەپرەکەیان، ڕوژێک فڕوکەکانی رژێم ھاتن وئەو ناوەیان بۆردومانکرد، دوو موشەکیان ئارەستەی کەپرەکەکرد، یەکێکیان بە بەنجا مەتر دای لەنزیکی کانی ئاوەکە، بەمە کانیکە نەما، ئەوتریان دابووی لەسەروی کەپرەکە ، دوای تەوابونی بۆردومانەکە، ھاورێیان خەمی ئەوەیان بوو کەکانیەکە نەماوە، نەمانی ئاو بەومانایە دێت، کە بگوازنەوە بۆ شونێک ئاوی لیبێت، زۆری پێناچێت ھاوڕێیەك ھاوار دەکات، ئاو لەسەرەوە ھات، کە سەیرئەکەن لە شوینی موشەکەکەی سەرەوە کانییەك هەڵقوڵاوە، دوای ئەوە سوندەیەکی ئاو ڕادەکێشنە ناو کەپرەکەیان.
یەکێک لەڕووداوە ناخۆشەکان کەلە ئێروان ڕویدا ئەمە بوو :- زۆربەمان دەزانین کاتی خۆی یەکێتی کەدامەزرا، پێکھاتبوو لەکۆمەڵەو بزوتنەوەی سوشیالست وخەتی پان یان گشتی، لە ساڵی ١٩٧٩ زۆربەی ھەرە زۆری بزوتنەوی سوشیالست یەکێتییان بەجێھێشت، چەند کەسێکیان مانەوە لەناو یەکێتیدا، یەکێک لەوانە دکتور علی و هاوسەرەکەی مریەم خان بوو. لەدواییدا بزوتنەوە کونگرەیان بەست، خۆیان راگەیاند وەك حزبی سوشیالست، ڕەسول مامەند بوو بە سکرتێر، لەساڵی١٩٨٥ ناکۆکی کەوتە نێوان حزبی سوشیالست، باڵێکیان لێ جیابوەوە، بەناوی حزبی سوشیالیست اتجاھی شورشگێری، حزب پەیوەندی خۆشبوو لەگەڵ ھەردوو باڵەکە، بالی ئتجاھی شورشگێری لە بارەگاکانی ئێمە بوون، لە ناوچەی کافیە، قادر عەزیز و دوکتور رەشید لە ناوە دیارەکانی ئەم ئتجاھە بوون، رۆژێك دوو پێشمەرگەی سوشیالت بە ھەناسەبڕکێ، ھاتنە بنکەو گوتیان، جەماعەتی دکتور رەشید تەقەیان لە قادر مستەفا کرد٫( قادر مستەفا)ناوێکی دیار بوو لە هەولێر لە دوای (سید کاکە)وە٫ ئەو مروڤێکی ئازاو خۆشەویست بوو لەناو خەڵك و پێشمەرگەدا، ئێمەش مەفرەزەیەکمان پێکھێنا وڕۆیشتین بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەلام کەسی ڵێنەمابوو، بۆ رۆژی دوایی یەکێك لەو دوو ماڵەی لە گوندی سێدان بوون، ھاتن و گوتیان تەرمێکمان دۆزیوەتەوە، کاتێك کەئێمە چوین و تەماشامان کرد، تەرمی قادر مستەفابوو، کارەساتەکە وا روویدابوو :- دکتور رەشیدو ھێزەکەی ھاتبوون بۆ سەردانی ئێمە، لەوکاتەدا قادر مستەفا لە دیوی ئێرانەو ھاتبوو بۆ دانانی بنکە لەو دیوی زێ، ئەویش نیازی ھەبوو سەردانمان بکات وپێمان بڵێت ئەوان لەوێن، لەکاتێکدا خەریکی پەڕێنەوە دەبن بە کەڵەك، جەماعەتی ئیتجاە لەوبەرەوە، ئەبینن کۆمەڵێک چەکدار ئەپەڕنەوە، دوای ئەوەی دەزانن قادر مستفایە، کەمینیان بۆ دائەنێن، دوای ئەوەی ئەپەڕنەوە، داوای خۆ بەدەستدانەوەی لێدەکەن، قادر مستەفا بەرەو ڕوویان دەروات، ئاخر ئەو لەو بڕوایەدا نیە، ھاوڕێکانی دوێنێی تەقەی لێبکەن، بەڵام بەداخەو باوەڕەکەی لەجێی خۆیدا نابێت، تەقەی لێدەکەن و شەھیدی دەکەن، تەرمەکەیشی بە دڕك و داڵ دادەپۆشن.

بةشى 7 و 8



PM:03:05:03/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 3640 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی