ریفراندۆم وەک هەنگاوێکی چارەنوسساز بۆ جیابوونەوەی چارەساز!

‌كاروخ خۆشناو

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن خەڵک و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیارێکی بوێرانەی مێژوویی و چارەنوسساز بوو بەئاراستەی جیابوونەوەی چارەساز، کە بەھۆیەوە رۆح کرایەوە بەر جەستەی هەر چوار پارچەی کوردستان.

به‌دیوێكی تردا یەکێک لە رەهەندە سیاسیەکانی ریفراندۆم، ناردنی پەیامی ویستی سەربەخۆیی خەڵکی کوردستان بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان و ناوەندە نێودەوڵەتیەکان.

لە رێکەوتی (2017/9/25) بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ئیراده‌ی پۆڵایینی خەڵکی کوردستان سەرکەوت بەسەر هەموو فشار و بەربەستەکان، ئیراده‌یه‌ك پڕاو پڕ لە هەستی نیشتیمانپەروەری و بارگاوی بە باوەڕی پتەوی کوردایەتی، بۆ گەیشتن بە دوا مەنزڵی سەربەخۆیی، ئەم هەنگاوەش سەلماندی بۆ یار و نەیار کەوا کورد نەتەوەیەکە ژێردەستەیی قبوڵ نیە و باوەڕی پتەوی بە رەوایەتی دۆزەکەی هەیە.

ئەگەر بەخێرایی ئاوڕێک لە مێژووی ئەو (193) وڵاتە بدەینەوە کە بەفەرمی ئەندامن لە نەتەوەیەکگرتووەکان، بۆمان رووندەبێتەوە کە ھیچیان بە پێرفێکتی لە دایک نەبوون، بەڵکو لە رێگای خەباتی سەربەخۆییاندا بە کۆمەڵێک ئاستەنگ و هەوراز و نشێودا تێپەڕیوون، تاکو لە کۆتاییدا گەیشتوون بە خەونی سەربەخۆیی.

ریفراندۆمیش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ دروستکردنی یەکدەنگی لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی رێژەی (%92.7) بە دەنگی بەڵێ پێشوازیان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد، ئەم ھەنگاوەش وەرچەرخانێکی مێژوویی دروستکرد بەرامبەر هەموو داگیرکەرانی کوردستان.

ریفراندۆم دوای نزیکەی سەد ساڵ هات لە لکاندنی باشوری کوردستان "بێ ویستی خەڵکەکەی" بە وڵاتی عێراق، ئەمەش ناڕازیبوون و شۆڕش و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانی لێکەوتەوە، تا گەیشتە راپەڕین و دواتریش پڕۆسەی ئازادی عێراق و چەسپاندنی قەوارەی (هەرێمی کوردستانە) لە دەستوری عێراقی نوێ، بەڵام بەداخەوە ئەم دەستوورە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەهۆی بوونی رێژەیەکی بەرچاو لە عەقڵیەتی شۆڤێنی لە ناوەندی بڕیار لە بەغدا، ئەمەش وای کرد کەوا زۆربەی مادەکانی دەستوور (ئەوانەی پەیوەستن بە مافی کورد) پەراوێز بخرێن، بۆیە ریفراندۆم تاکە میکانیزمێکی ئاشتیانە بوو بۆ دەرچوون لە دۆخی چەقبەستوویی ئەو کاتی عێڕاق.

دەتوانین بڵێین بەهۆی ڕیفراندۆمەوە کوردستانیان مێژوویەکی پڕ لە سەروەریان تۆمارکرد بۆ نەوەکانی ئێستا و داهاتوو، بە مانایەکی تر ڕیفراندۆم هەنگاوێکی چارەنوسساز بوو لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی خەونی سەربەخۆیی کوردستان، کە تێدا زۆرینەی ڕەهای ھاونیشتیمانیانی کوردستان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە بەشداریان تێدا کرد، بۆیە ڕیفراندۆم شانازیەکی گەورەیە بۆ ھەموو گەلی کوردستان.

لەکۆتاییدا دەڵێم؛
هەر کاروانێ
بۆ پڕشنگی خۆر بڕوانێ
کەم بن یان زۆر
دەگەن بە خۆر...


AM:10:26:25/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی