فاروقی مەلا مستەفا… پیاوێک لە دانایی

‌دڵشاد مستەفا

هەندێک لە هاوڕێکانم کە لە کۆمپانیا و دەزگاکانی کاک فاروقدا کاریان دەکرد زۆر جار باسی جیاوازییەکانی ئەم پیاوەیان دەکرد . هەندێک لە سیاسەتمەدارە کوردەکانیش لە نزیکەوە گوێبیست بووم بە تێکۆشەر و سەرمایەدارێکی نیشتمانی ناویان دەبرد . هەڵبەتە نەیارەکانیشی بەشی خۆیان تانوت و قسە هەبوو.  بۆ من کە تا رادەیەک بە وردی مێژووی حیزبی شیوعی عێراقم لە زۆر سەرچاوەوە خوێندۆتەوە بە حوکمی ئەوەی هاوڕێ نزیکەکانم پێش ڕاپەڕین ئەندامی ئەو حیزبە بوون ، منیش نزیکایەتییەکم بۆ دروست بوو . لەو لاپەڕانەدا زۆرجار ناوی کاک فاروقم بینیوە ، لە بایۆگرافی سیاسییە کوردەکانیشدا بە هەمان شێوە ، بەڵام هیچ کات ڕێک نەکەوتووە لە نزیکەوە گوێ لەخۆی بگرم یان مەمەڵەیەکی نزیکی لەگەڵ بکەم.

چلەی پرۆفیسۆری نەمر عزالدین مستەفا رەسول دەرفەتێک بوو بۆ ناسینی ئەم پیاوە لە نزیکەوە، هەڵبەتە هاوڕێکانم کاک ( عەبدوللا حەسەن و کاک ئەحمەد مەحموود ) پێشنیاری ئەوەیان کردبوو کە من مەراسیمی چلەکە بەرم بەڕێوە بە حوکمی ئەوەی ئەزموونی پێشترم لەو بوارەدا هەبووەو تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.

ئەوەی لەم دەرفەتە کورتەدا دەمەوێت دەربارەی ئەو پیاوە بیدرکێنم، دڵبەندیمە بەڕەفتار و خاکەڕایی و دانایی و زرنگی، سانا نییە لەنێو سەدان ڕستەدا، هەڵەی زمان و هەڵەی مێژوو و هەڵەی گوزارشتی فیکری لەیەکەم بەرکەوتندا بدۆزیتەوە.

ئاسان نییە بتوانیت لەگەڵ سەرقاڵییە زۆرەکانی خۆتدا، مەراقی کار و شار، هێشتا ساتێکت هەبێت بۆ دڵدانەوەی ئەو تیمەی کارت لەگەڵ دەکەن و جار جارە بە یادێکی شیرین، سەربوردەیەک لە نێو مێژووەوە خەندە بخەیتە سەرلێوی هەمووان.

هاوڕێیان ئەو پیاوە سەیر سەرنجت بۆ لای خۆی دەبات، گەنجینەیەکە لە دانایی، هۆشیار و خوێندەوار. هێشتا لەگەڵ تێزەکانی بیری پێشکەوتنخوازی مامەڵە دەکات و وەک پێوانەیەک بۆ هەڵسەنگاندن کاری پێدەکات. لامسەلایی ڕا دەرنابڕێت، توانای کەس پشتگوێ ناخات، لە بڕیارە قورسەکانیشدا سەرپشکت دەکات.

بۆیە بەشێک لەو سەرکەوتنانەی لە بواری ئابوریشدا بەدی هێناون  دەگەڕێتەوە بۆ سەلیقە و ئەزموون، بۆ قاڵبوون لەنێو تاڵییەکانی ژیاندا، لە خۆڵەمێشی سیاسەتەوە جارێکی دی هەستاوەتەوە و دنیایەکی بونیاد ناوە لەڕاژەی شارەکەی کە بۆ ئەو هەرمێکەی دڵە و بۆ کوردستان کە وەک فردەوس تاماشای دەکات . لە سەرەتای کتێبی بیرەوەرییەکانیشدا کە یەکێکە لەدەستکەوتەکانی ناسینی کاک فاروق، زۆر کەسایەتی باسیان لە ئازایەتی و وریایی و دڵسۆزی و هەژار دۆستی و بەخشەندەیی ئەم پیاوە کردوە، رەنگە گەر دەرفەتی ناسینی خۆیم لە نزیک نەبوایە، وام لەقەڵەم بدایە کە ئەو دۆستانە (لەگەڵ ئەوەی کەسایەتی گرنگن و پێویستان بە پیاهەڵدانی نا دروست نییە) بڕێک زیادەرۆییان لە خۆشویستنیدا کردوە، وەلێ کە لە نزیکەوە بەر ئەو کاراکتەرە کەوتم، شاهێدەی دەدەم کە هێشتا زۆر شتی ترماوە دەبێت دەربارەی بوترێت..


AM:08:33:21/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 4204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی