مشک و پشیلەی ئەمریکا و گروپە تووندڕەوەکان

‌شوان عەباس بەدری


بە پێی هەواڵێکی فۆکس نیوز ئەنجامی پشکنینەکان دەریئەخات کە ئەبوبەکر بەغدادی کوژراوە جا گەر بە ووردی لەم یاریە مشک و پشیله ئاسایەی نێوان ئەمریکا و گروپ و دەوڵەتە تووندڕە و دیکتاتۆریەکان بڕوانین ئەوا خود بە خود پرسیارێک دێتە ئاراوە کە بۆچی تەنها و تەنها لە کاتی قەیرانەکانەکاندا ئەمریکا یان خود باشترە بڵێم سەرۆکەکانی ئەمریکا بۆ دەرباز بوونیان لە قەیران و گووشارەکان پەنا ئەبەنە بەر کووشتن و لەناو بردنی کەسە یەکەمەکانی ئەو گروپانە و بۆمبارانی ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆریانە.

بۆ نمونە لە ساڵی 1979 لە کاتی فەوزای گەلانی ئێراندا کۆمەڵی دیپلۆماتی ئەمریکی دەستگیرکران و لە پێش هەڵبژاردەکانی ئەمەریکا بە ماوەیەک ئازاد کران و بەم جۆرە لیڤڵی ڕیگان بەرز بووەوە و لە هەڵبژاردەنەکانا سەرکەوت و دواییش دەرکەوت کە ئەمە تەنها سیناریۆیەکی نێوان ئاخوندەکانی ئێران و ستافەکەی دۆناڵد ڕێگان بووە، هەروەها لە ساڵی 1998 و دوای ئاشکرابوونی پەیوەندی نێوان کلینتۆن و مۆنیکا، ئیدارەی کلینتۆن بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر سەرۆک و مەشغوڵ کردنی ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و جیهانییەکان بە بابەتێکی دیکەوە پرۆسەی ڕێوی بیابانی لە عیراق ئەنجامدا، لە سەردەمی جۆرج بۆشی کوڕیشدا دوای ئەو هەموو فشارەی کە لە ئەنجامی داگیرکردنی عیراقەوە هاتە ئاراوە لە ناکاو زەرقاوی لە ناو براو بۆ ماوەیەک دۆخی ناوخۆ و فشارەکان بۆ سەر ئیدارەی بۆشی کوڕ کەمبووەوە.

هەروەها لە سەردەمی باراک ئۆباماشدا پاش فشارێکی زۆر وبە بێ هێز وەسف کردنی ئیدارەکەی بۆ خۆ قووتارکردن لە پاکستان ئوسامە بن لادن لە ناو برا، ئەم یاریەی لەناو بردنی تیرۆریستان و دوژمنە وەهمیەکان درێژەی کێشا تا ئەمرۆ کە هەواڵی کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی بڵاو بووەوە، ئەم کووشتنەش خۆی لە خۆیدا هەوڵێکی دیکەی ئیدارەیەکی کۆماری ئەمریکیەکانە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەموو فشارەی کە لەسەر گروپەکەی ناو کۆشکی سپیدا هەیە بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترامپ، بە قەوڵی مارکس: کاتێ کاپیتاڵیسم دەگاتە تروپکی خۆی ئەوا بە بێ دوژمنی وەهمی و خوڵقاندنی تەنگەژە ناتوانێ بژی، ئاشکرایە دوای بەردانی پشتی کوردەکانی ڕۆژئاوا و ئەو ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و جیهانیەی لێ کەوتەوە و کێشەکانی دیکەی ناو ئیدارەکەی ترامپ ئەوا ئەم ڕێگەیە هەروەک پرۆسەکانی دیکەی سەرۆکەکانی ئەمریکا کارێکی ئیلزامی بوو بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان و دەستکەوتێکی سیاسی لە بەرامبەر نەیارەکانیدا لەناو کۆنگرێس و پارتە ڕکابەرەکەی بەرامبەری و هەندێک کەسایەتی ناسراوی ناو کۆمارییەکان، بە تایبەتیش وەک باسم کرد کشانەوەی لە سوریا و بەردانی پشتی کوردەکانی ڕۆژئاوا لە ئاستی ناوخۆی ئەمریکا و جیهان بەو جۆرە دەرنەچوو کە چاوەڕێی دەکرد و هەرایەکی گەورەی نایەوە بە بارە نیگەتیڤیەکەیدا هەم بۆ سەر ئیدارەکەی دۆناڵد ترامپ و هەم بۆ خودی دامەزراوەکانی ئەمریکادا!.

مێژووی ئەمریکا پڕە لەم جۆرە یاریانە و شتێکی سەرسورهێنەر نییە و با چاوەڕێ بکەین لە ئیدارەی داهاتوی ووڵاتی ئەمریکادا ئەمجارەیان لە ئەنجامی فشار چ کەسانێک لەناو دەبرێن و چ ووڵاتانێک بۆمباران دەکرێن.


PM:04:34:27/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 4216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی