لەرز لەهەڵبژاردنی پێشوەختە

‌سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

سارد و سڕی حزبە كوردی و عیراقییەكان لەپێشوازیكردنی بڕیاری هەڵیژاردنی پێشوختە لە 6ی حوزەیرانی 2021دا، نیشانەی بەدەنگەوەنەچوونی ئەو لایەنانەیە بەرەو ئەو بڕیارە.
 
لایەنە كوردییەكان جگە لەوەی هیچ لێدوان و بەیاننامەیەكی فەرمی پێشوازیكردنیان لەهەڵبژادنی پێشوەختە دەرنەكردووە، لێرە و لەوێش لەڕێگای چەند پەرلەمانتار و سەركردەیەك، لێدوانی دژ بەو بڕیارە دەدەن، بەرێگا و شێوازی جیاواز، بەهانەی نا(یاسایی) و (نادەستووری)، هەندێكیشیان ناڕاستەوخۆ دژایەتی ئەو بڕیارە دەكەن، بەمەرجداركردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بە (لەباربوونی هۆكار تەكنیكی و یاسایی و سیاسی و ئەمنی و لەباربوونی دۆخی ناوخۆ و دەرەوەی عیراق).

ڕاستیەكەش ئەوەیە سەرجەمیان لەرزیان لێ نیشتووە لەوادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، نەك تەنها لە ترسی لەدەستدانی ئەو تەكنیكەی پانزدە ساڵە پەیڕەوی دەكەن لەدانانی پەرلەمانتارەكانیان، بەڵكو لەبەرئەوەی چیتر دەسەڵاتی لایەنە سیاسییەكان لە ناو پەرلەمانی عیراقدا و هەڵسوڕاندنی ئەو دامەزراوەیە، لەدوای 2021 وەك پێش ئەوە نابێت، بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە.

ئەوەی پێویستە لەبارەی لەرز لێهاتنی لایەنی سیاسییەكانی كورد و عیراق بزانرێت ئەوەیە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتووی عیراق دوا جەنگی نێوان كۆمەڵانی خەڵكە بەرامبەر دەسەڵاتی چەسپیوی پانزدە ساڵەی ڕابردووی عیراق بەكوردستانیشەوە، ئەم جەنگە، بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانەوە، دوو بەرەی تیادایە:

بەرەی یەكەم: حزب و لایەنە سیاسی و فەرمانڕەواكانی عیراقە كە تائێستا سەرجەم كایەكانی هەڵسوڕاندنی حوكمڕانی و دەسەڵات و سامان و داهاتیان بەدەستەوەیە.
بەرەی دووەم: بەرەی فەرمانبەر و مامۆستا و كاسب و خاوەنكار و خاوەن مافە زەوتكراوەكان، لەكۆمەڵە جیاجیاكانە، كە لەئێستادا بەهێزترین یاسای هەڵبژاردنی نوێیان لەبەردەستدایە و دەتوانن بەئاسانی نەخشەی سیاسی كوردستان و عیراق بگۆڕن و نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناحزبییان بنێرنە پەرلەمانی عیراق.

با سەرجەم خاوەن ماف و خاوەن مووچە و زیانلێكەوتوانی ئەم هەرێمە، لەسەر ئاستی پارێزگاكان و بازنە جیاجیاكان خۆیان ساز دەدەن بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق تا چیتر چارەنوسیان نەدەنە دەست هیچ كەس و لایەنێك. با زیانلێكەوتوانی كورد پشتگیری لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق بكەن و مشتومڕی دیاریكردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی بێلایەنی خۆیان دەست پێبكەن . 


PM:08:53:02/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 3524 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی