ئایا بافڵ تاڵەبانی لە سیاسەتەکانی باوکی تێگەیشتووە؟
شوان حەمە
بافڵ تاڵەبانی لە پێشوازی مەسعود پزیشکیاندا دەڵێت: ئێمە هەمان سیاسەتی مام جەلال پەیڕەو دەکەین.
باشە! با بزانین مامە جەلال چۆن سیاسەتی دەکرد!؟
١. دوای ڕوخانی ڕژێمی شای ئێران و گەڕانەوەی خومەینی لە پاریسەوە بۆ تاران و فەتوای کوشتنی کوردان، حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات بڕیاری بەرەنگاربوونەوە و پارێزگاریکردن لە خاکیان دا. هەر ئەو کاتە، بە بڕیاری مام جەلال، یەکێتی هەموو توانا سەربازییەکانی خۆی خستە ناو شەڕەکە و و شان بە شانی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات، پێکەوە ڕووبەڕووی سوپای پاسدارانی ئێرانی بوونەوە.
٢. لە سەردانێکی مام جەلال بۆ تاران، ئێرانییەکان بڕیاریان دا دوو هەزار کڵاشینکۆفی لیبی بدەن بە یەکێتی.
هێشتا یەکێتی نایلۆنی لە کڵاشینکۆفەکان نەکردبووەوە، ئیتڵاعاتی ئێران، د. قاسملۆیان تیرۆر کرد، هەر ئەو کات مام جەلال ڕایگەیاند: «ئێران لە تیرۆری قاسملو بەرپرسە». تا دواتر خامانائی لە لێدوانێکدا گوتی: جەلال تاڵەبانی فاحیشەیەکی سیاسییە!
٣. کاتێک ئێرانییەکان فشاریان بۆ تاڵەبانی هێنا، تا هێزێکی سوپای پاسدار لە سنوور بپەڕێتەوە و بە سلێمانیدا تێپەڕبێت، تا لە کۆیە هێرش بکاتە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات، مام جەلال بیستو چوار کاتژمێر پێش هێرشکە، دیموکراتەکانی ئاگادار کردەوە و پێی گوتن: چەند پاسەوانێک بهێڵنەوە سەرجەم و بارەگاکان چۆڵ بکەن، سوپای پاسداران دێت و هێرش دەکاتە سەرتان.
کورت و کرمانج، تاڵەبانی باوک، لە قۆناغێکدا داکۆکیکار و لایەنگری خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات بوو، لە قۆناغێکی تردا، هەوڵی دەدا دارەکە لە ناوەڕاستدا بگرێت.
ئێستا بافڵ لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە، تا ڕاستی قسەکانی خۆی بسەلمێنێت! گەر بافڵ باوەڕی بە لێدوانەکانی خۆی و سیاسەتەکانی مام جەلال هەیە، نابێت ڕێگە بدات ئێرانییەکان و شیعە عێراقییە هاوپەیمانەکانی، لەوە زیاتر زۆر بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێنن، بەڵکو پێویستە بپارێزرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت و ڕێگەیان پێ بدرێت درێژە بە خەباتی سیاسی خۆیان بدەن.
PM:12:11:13/09/2024
ئهم بابهته 1332
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی