چۆڵکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و ئەگەرەکانی بەردەم کورد

‌بەهێز حوسێن

چۆڵکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەبەغدا ..
ئەگەرەکانی بەردەم کورد

ئێرانییەکان هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە مووشەک بارانکردنی خوارووی هەولێر و بنکەی ( عەین ئەسەد ) لە ئەنبار خۆیان ۆ ئەم هەنگاوەی ئەمریکا ئامادەکردووە کە بریتییە لە گواستنەوەی پێگەی دیبلۆماتی و سەربازی ئەمریکا لە بەغدا بەرەو باکوور و خۆرئاوای عێراق .

 ناشبێت  چاوەڕێنەکرێت بە یەکجاریی ئەمریکا باڵوێزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات ، لە لای واشنتۆن ئێستای عێراق جیاوازتر نییە لە ئێرانی سەردەمی شۆڕشی ئیسلامی  و ئەفغانستانی سەردەمی تاڵیبان و سوریای سەردەمی ئەسەد و سودانی سایەی عومەر بەشیر .

ئەمریکای سەردەمی ترامپیش پاراستنی گیانی ئەمریکییەکانی لە گیانی عێراقییەکان لا پیرۆزتر و گرنگترە ، ئەمریکاش بڕیاری نەداوە تا کۆتایی شەڕی لەبەر ڕۆیشتن (نزیف ) لە وڵاتێک بکات و لە مەودایەکی کورتدا ئەنجام بەدەست نەهێنێت .

ئەگەر بڕیارە ئەمریکا سەرباز و باڵوێزخانەی خۆی لە بەغدا چۆڵبکات و بیانگوازێتەوە بۆ کوردستان و لێرە  پارێزراو بن ، ئەوا ئەم تێفکرینە هەڵەیە و لەم هەرێمەی ئێمەشدا دەستی ئێرانییەکان هەر پێیان دەگات .

بۆ کورد دۆخەکە هەستیار دەبێت ، چونکە نە ئەمریکا دۆستایەتی تاسەری کردووین . نە ئێرانییەکانیش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەستیان لە کورد پاراستووە.

ئەگەر کوردستان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی توندی تاران و واشنتۆن ، ئەوا کورد زەرەرمەندی گەورەدەبێت ، نابێت خۆشباوەڕبین بەوەی ئەمریکا لە ئێستادا  پێگەی دیبلۆماتی و سەربازی خۆی لە عێراق دەگوازێتەوە بۆ هەرێم ، چونکە کاتەکە ئاسایی نییە و لە ژێر فشاری ئێرانییەکاندا ئەمرکا ناچار بووە بەم گواستنەوەیە .

بڕیاری ئێران کردنە دەرەوەی ئەمریکایە لەعێراق و ئەمریکاش دەیەوێت (ئێرانییەکان ) لە عێراق لەناوبەرێت ، ئەبێت ئومێدی ئەوە بخوازین کە لەم ململانێیەدا کوردستان نەبێتە گۆڕەپانی بەریەککەووتن. و هەرێم لە ئاسمانەوە   بکەوێتە بەر ڕەحمەتی مووشەکەنانی ئێران و لەسەر زەمینیش پەلاماری چەکداریی میلیشیاکان بۆسەر پێگەکانی ئەمریکا .


AM:11:18:30/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 3968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی