كورد و شەڕی دەریای سپی ناوەڕاست

‌بەهێز حوسێن

زۆرن ئەوانەی گرەو لەسەر ئەوە دەكەن كە توركیا شەڕ لە دەریای سپی ناوەڕاست دەدۆڕێنێت چونكە یۆنان پاڵپشتی ئەورویای هەیە و میسریش پاڵپشتی دەوڵ‌تانی عەرەب، منیش لەگەڵ ئەو بەشەی ئەو بۆچوونەدام كە توركیا چەند لایەنێكی شەڕەكە دەدۆڕێنێـت بەڵام بەشە ستراتیژییەكەی ئەو شەڕە دەباتەوە.

هەر لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆگان و داڕشتنی ستراتیژی بەهێزكردنەوەی دەوڵەتی توركیا ئەردۆگانییەكان مەبەستی سەرەكییان سڕینەوەی دووەم پێكهاتەی نەتەوەیی كۆماری توركیایە كە كوردە و بەدەستهێنانەوەی بەشێك لە جوگرافیای لەدەستدراوی دەوڵەتی عوسمانییە كە لەمەشیاندا هەر مەبەستیان نیشتیمانی كوردستانە.

بەشتبەستن بە تیڕوانینەكانی ئەحمەد داودئۆگڵۆی وەزیری پێشووی دەرەوەی توركیا (ستراتیژی قووڵ) بە راكێشانی ژێی كەوانەكە بۆ دواوە، هەوڵی خوڵقاندنی كێشەگەلێك دەدەن وەك تاكتیك و دواتر سازش لەسەر كردنیان (سفركردنەوەی كێشەكان) لە پێناو پرسە ستراتیژییەكان.

توركیا كە لە ساڵی 2023 چاوی لە دەستبەسەراگرتنی بەشێكی گەورەی باشوور و ڕۆژئاوای كوردستانە ، هەموو ئەم مانۆڕأنە لە دەریای سپی ناوەڕاستدا دەكات تا دواتر بۆ گەیشتن بە چارەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵە‌تی چاوپۆشی لێبكات بەرامبەر بە سەركوتی كورد و داگیركردنی رووبەرێكی زیاتری خاكی كوردستان.

بێگومان توركیا ئەوەی لە و كوردستانە دەستی دەكەوێـت كە بە نیازە بیخاتە بندەستی خۆی زۆر لەوە زیاترە كە لە هەندێك كێڵگەی نەوت لە لیبیا  ئاوە هەرێمایەتییە هاوبەشەكانی نێوان خۆی و یۆنان دەستی دەكەوێـت ، بەڵام ئەم مانۆڕانە دەكات لەبەرخاتری پیلانی دووەمی تا لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی بكرێتـ یان لانی كەم چاوپۆشی لێبكرێت.

توركیا هەموو شتێك دەكات بۆ ئەوەی كورد سەركوت بكات و كوردستان بنێتە ژێر ركێفی خۆی، لە نموونەی هاوكاری داعش لە گرتنی موسڵ و ئەنبار و شەنگال و توندكردنەوەی هەڕەشەكانی بۆ سەر حكومەتی بەشار ئەسەد و دوایی سیاردكردنەوەی هەڵوێستەكانی بە مەبەستی داگیركردنی  عەفرین و گرێ سپی و كارتی قەواڵەی مووشەكیی S400 بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی روسیا و توركیا لە باكوری سوریا و چۆڵكردنی رەقە لە تیرۆرستان و گواستنەوەیان بۆ لیبیا لە بەرامبەر بێدەنگی كۆمەڵگەی نێ,دەوڵەتی بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنەكانی بەرامبەر بە پەكەكە و دواخستنی گلدانەوەی ئاوی دیجلە لە پڕۆژەی گاپ بەرامبەر بە بێدەنگكردنی عێراق لە بەزاندنی خاكی عێراق بە قوڵایی 50 كیلۆمەتر و ..هتد.، كە هەموو ئەمانەی كردوونی تەنها و تەنها بۆ سەركوتی كورد و داگیركردنی كوردستان بووە.

بۆیە كەس دڵ بەوە خۆش نەكات كە میسر و فەرەنسا و یۆنان شەڕ دژی توركیا دەكەن و ئەردۆگان لاواز دەبێـت و كورد چانسی هاتنەوەپێشی زۆرتر دەبێـت، بە پێچەوانەوە من وای دەبینم هەرچەند توركیا لە هەرشوێنێك و بەرامبەر  هەركێیەك دارێك هەڵبگرێـت، ئەوا ئەنجامەكەی شكانەوەی دارەكە دەبێـت لەسەر كورددا.


PM:01:07:16/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 4532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی