كێشەی ملیار و 250 ملیۆن دۆلارەكەی هەرێم چییە؟

‌بەهێز حوسێن

ئەو كێشەیەی هاتۆتە بەرباس لە هەرێم و داواكاری گشتیش بەدواداچوونی بۆ دەكات، رەنگدانەوەی ململانێی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمە.

لەبەر ئەوەی حكومەتی هەرێم پێگەی دەوڵەتی نییە و هێشتاش لەگەڵ دەسەڵاتی فیدراڵی لە عێراق رێكنەكەوتووە، بۆیە هەر لەسەرەتاوە لە پرسی فرۆشتنی نەوتدا گرفتی ئەوەی هەبوو كە داهاتی نەوت چۆن وەربگرێت و چۆن چۆنین بهێنرێتەوە بۆ هەرێم.

ئەگەر هەموو لایەكتان بیرتان بێت نێچیرڤان لەگەڵ ئەردۆگانی سەرۆكی توركیا و هاڵك بانك رێكەوتن كە پارەكە بەناوی شەخسەوە لە توركیا دابنرێـت و هەر شەخسیش بتوانێت بیجوڵێنێـت، ئەوەبوو  هەر یەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی ئەوكات و رێباز حەملان وەزیری پێشووی دارایی بۆ ناساندنی ئیمزا و پەنجەمۆریان چوونە توركیا و حیساب بانكییەكی هاوبەشیان بۆ پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم لە هاڵك بانك كردەوە.

لەوكاتەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێـت ئەو چواركەسە نەبێت كەسی تر ناتوانێـت دەستكاری پارەی نەوتی هەرێم بكات، بۆیە ئێستا مەسرور بارزانی كە سەرۆكی ئەم كابینەیەی حكومەتە دەیەوێـت دەسەڵاتی ئەوەی هەبێـت خۆی تەسەڕوف بەو یارەیەوە بكات و كۆتایی بەهەژموونی نێچیرڤان بارزانی بهێنێـت.

تەنانەت كاتێكیش كە باس لە دەستكاریكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وروژێنرا بۆ ئەوەبوو كە مەسرور بارزانی بڵێت من دەسەڵاتم بەسەر پارەی داهاتی نەوتدا نییە بۆیە ناتوانم مووچە وەك خۆی بدەم.

لە كوردستاندا هەزاران مەلەفی گەندەڵی گەورە هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی مەسرور بارزانی زیاتر و زیاتر لە دەسەڵاتی نێچرڤان بارزانی كەم بكاتەوە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمدا سەرۆكی حكومەت خۆی داوا لە داواكاری گشتی بكات كە لێكۆڵینەوە لە چارەنووسی 250 ملیۆن دۆلار بكات كە 10-5-2018 لە روسیا نێچیرڤان بارزانی وەك شیرینی لە كۆمپانیای روزنەفت وەریگرتووە، لە كاتێكدا ملیارەها دۆلاری تر وەك شیرینی گرێبەستەكانی نەوت لە لایەن هەرێمەوە وەرگیراوە، بەڵام چونكە ئەمەیان تەنها نێچیرڤان بارزانی ئەو شیربنییەی وەرگرتووە، بۆیە بوه‌تە جێی فۆكەسی مەسرور بارزانی.

ئەو ملیار دۆلارەی هەرێمیش كە لە یەكێك لە بانكەكانی لوبناندا بە تەوفیر دانراوە هەمان كێشەیە، بەجۆرێك وروژێنراوە و نەتوانراوە چارەسەر بكرێـت كە ئێستا حكومەتی فیدراڵی عیراق هاتۆتە سەر خەت و لە هەوڵی ئەوەدایە فائیدەی سەدان ملیۆن دۆلاری ئەو پارەیە بداتەوە بە بانكەكەی لوبنان و لە بەرامبەردا بەتەنها ملیار دۆلارەكە بگەڕێننەوە بۆ بەغدا، كە لە ئێستادا ئەگەر ئەو پارەیە بهێنرێتەوە هەرێم ئەوا بێمنەت لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا و بە بێ‌ هاتنی پارەی مووچە ش لەبەغدا مووچەی دوو مانگی تەواوی مووچەخۆرانی لێبدرێت.

ئێمە دەزانین كە گرفتی ئابووری لەم سەردەمەی كۆرۆنادا هاتۆتە پێش و ماوەیەكیش نرخی نەوت زۆر دابەزیی، بەڵام ئەگەر ناكۆكییە ناوخۆییەكانی حزب و بنەماڵە بهێڵێت ئەوا یەكگجار ئەو بار قورسییە نییە لەسەر حكومەت كە یەكسەر دەست بۆ كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەرێت.

ئەوەی ئێستا هەیە و لە داهاتووشدا رەنگدانەوەی خراپی دەبێـت لەسەر حوكمڕانێتی و باری ئابووری كوردستان ململانێی نێوان نێچیرڤان و مەسرورە لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵاتی تەواوی دارایی و ئەمنی و سەربازی و حزبی، كە دواجار خەڵكی كوردستان زەرەری لێدەكات.



PM:01:52:07/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 2084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی