بەرچنەی خوێنی كورد بكەن ..!

‌بەهێز حوسێن


ناكرێـت كورد هەر خوێنی بڕێژرێ‌ و خۆی خوێن ببەخشێ‌ و  مەرگەساتەكانیشی هەر بەردەوامبن ، ناكرێت ئەوەتەی هەیە جوگرافیای كوردستان هەر شەڕگەبێت و هێڵی پێشەوەی بەرگری بێت ، ناكرێت بەشی شێریی ئاوارەیی لە جیهاندا هەر بەر كورد بكەوێت ، بەڵكو ئیتر كاتی ئەوەیە سەركردایەتی سیاسی كورد ژیرانە بەرچنەی ئەو هەموو خوێن و قوربانیانە بكەن كە سەدان ساڵە كوردی پێ‌ بەشمەینەت بووە .

ئێزدییەكان پاش 72 قڕكردن و فرمان ، توانین لۆبیی گەورە دروست بكەن و دونیا بخەنە بەر پەرسیارێتی پاراستنیان وەك كەمینەیەكی ئاینیی و ئایندە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن ، كوردیش وەك یەكێك لە گەورەترین پێكهاتەكانی جیهان بە گشتی و ناچەكە بەتایبەتی پێویستە بیر لەوە بكاتەوە كە جیهان بخەنە ژێرباری ئەوەی ئەم نەتەوەیە لە قڕكردن و جینۆساید بپارێزن .
لە ئێستادا پێویستە سەركردایەتی سیاسی كورد قسە و هەڵوێست و هەوڵ و گوتاریان یەكبخەن و هەموو وەك یەك تیم بەتایبەتی لەڕووی دیبلۆماسی و لۆبیكردنەوە بكەونە گەڕ .

لە ئێستادا هاوسۆزییەكی بەرفراوان هەیە لەسەر ئاستی جیهان بەرامبەر بە كورد ، نابێـت لێبگەڕێین ئەم هاوسۆزییانە هەر لە ویژدانی پانتاییەكی زۆری سیاسی و ئەكتەر و هونەرمەند و وەرزشەوان و چالاكەكانی بواری مافی مرۆڤ و ناوەندەكانی میدیا و ...هتد بمێننەوە و  وشك هەڵگەڕێ، ، بەڵكو پێویستە كورد گەرماوگەرم  كار لەسەر ئەو هاوسۆزیانە بكات و رای گشتی وڵاتانی لەسەر بجوڵێنێـت و بیكاتە بڕیاری سیاسی بۆ پاراستی كورد .

پێویستە هەموو ئەو مەرگەساتانەی بەسەر كوردا هاتوون لە بازنەی یادەوەریی پڕ شین و شەپۆڕ و برین كولانەوە بهێنینە دەرەوە و كاری هەموو چالاكوانانی كورد و سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵێ‌ مەدەنی و میدیایە لەهەر جێیەكی ئەم جیهانە بۆیان دەكرێـ بیهێننەوە مەیدان و رای گشتی بۆ كۆبكەنەوە ، پێویستە هەموو پێكەوە و بە پێی پلانێ: كار بۆ ئەم ئامانجە بكرێت .

هەنگاوی یەكەم ئەنجامدان و سەرخستنی كۆبوونەوەی لوتكەی كوردانە كە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی بانگەوازی بۆ كردووە ، چونكە لەو كۆبوونەوەیەدا دەتوانرێـت یەكگوتاریی و یەكهەڵوێستی و پلانداڕێژی بكرێت بۆ كاری داهاتوو ، كە ئەمەش كرا ئەوا كەس لەدەرەوەی ئیجماعی كورد نابێت و بەیەكگرتوویی دەتوانرێت بەرچنەی خوێنی ڕژاوی كورد بكرێت .


PM:12:51:15/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی