ئەلفبێی کۆنگرە تەوافوقە
بەهێز حوسێن
بێگومان زیندوێتی یەکێتی و کاریگەرییە گەورەکانی لەسەر ڕووداوەکان، زۆرترین چاو و فۆکەسی لەسەر خۆی چڕکردۆتەوە، هەربۆیە پرسی بەستنی کۆنگرەکەشی بۆتە پرسێکی نیشتمانی و باسوخواستی میدیا و شەقام .
بەستنی کۆنگرەی هەر حیزبێک پرسێکی ناوخۆیی حیزبەکە خۆیەتی، بەڵام تەواو باوەڕم وایە کە لەسەر ئاستی میللی و حکومیش پێوەری ڕاستگۆیی حیزبەکە و پابەندبوونی دیموکراسی و قانوونیی لێ دەخوێنرێتەوە .
دەمەوێت ئەوە بڵێم کە یەکێتی دەیەوێت ڕاستگۆبێت لە پابەندبوونی بە بنەمای دیموکراسی و کاریی ڕێکخراوەیی و قانوونی حیزبەکان و بڕیاریداوە کۆنگرە بکات، بەڵام ئەو تەشویشەی لەسەر پرسی کۆنگرە هێنراوەتە ئاراوە جگە لە ململانێی شەخسی هیچی تر نییە.
کۆنگرە هەروایە کە هەرچۆن بە فرە بۆچوون و بەرژەوەندی جیا تێی بچیت لەوسەرەوە بە یەکانگیریی کۆمەڵ لێی دێیتە دەرەوە، واتە تا بەستنی کۆنگرە چەند پەرتەوازەیی هەبێت، لە ئەنجامدا بە تەوافوقی حیزبی ( راسپاردە و بڕیارەکانی کۆنگرە) هەر بە یەکێتیی فیکری و کاری حیزبی و ئامانجی دیاریکراو کۆتایی دێت.
بۆیە پێموایە مادام ئەنجامی کۆنگرە هێنانەدی تەوافوقی کاری ڕێکراوەیی و حیزبییە ئەوا هیچ عەیبەیەک نابێت و حەرامیش نییە کە بە تەوافوقی پێش وەختە کۆنگرە بکرێت، گرنگ ئەنجامی کۆنگرەیە نەک تەکنیکی بەستنی کۆنگرە.
PM:04:23:04/08/2019
ئهم بابهته 9984
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی