یەکێتی پارێزگاری کەرکوک بەدەستدەهێنێت؟

‌بەهێز حوسێن

پارتی هیچ لەو کاندیدانەی یەکیتی قبووڵ نیە کە یەکێتی ناویان دێنێت بۆ پارێزگاری کەرکوک ، یەکێتیش ناتوانێت بەبێ دەنگدانی پارتییەکانی ناو لیستی برایەتی کەسێکی خۆی بکاتە پاریزگاری ئەوشارە .

چەند ڕۆژێکیشە لەگەڵ ناوهێنانی فەرەیدوون عەبدولقادر وەک کاندیدی ناوەند بۆ جێگەی نەجمەدین کەریم بە توندی کەرکوکییەکان ڕەتی دەکەنەوە و شەقامی کەرکوک( کەرکوکییەکی یەکێتیان دەوێت) ببێتە پارێزگار .


کەواتە لەچەند سەرێکەوە یەکێتی گیری خواردووە و ناتوانیت ئەم گرفتە تێپەڕێنێت و دڵی خەڵکی کەرکوکیش بێنێتەوە ، پێشنیارم ئەوەیە کە یەکێتی قوباد تاڵەبانی کاندید بکات بۆ پارێزگاری کەرکوک، ئەمە دەرچەیەکی زۆر باشە، قوباد هەم کەرکوکییە و هەم یەکێتی و پارتی ناتوانێت ڤیتۆی بکات و خەڵکی کەرکوکیش زۆریان خۆشدەوێت .

بەڕای من دەبێت یەکێتی بەزووترین کات ئەم هەنگاوە بگرێتە بەر تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن ڕەنگە لە بەهاری ۲۰۲۰ هەڵبژاردنەکە بکرێت.


لەوەشدا گرفت نابینم کە قوباد لە یەککاتدا جێگری سەرۆکی حکومەتبێت لە هەرێم و لە کەرکوکیش پارێزگار ، دەقێکی قانوونی ڕونیش لە عێراق لەم پرسەدا ئەگەر هەشبێت و ڕێگربێت ، ئەوا بەڕای من کاک قوباد بۆ ڕزگارکرنی خەڵکی ئەو شارە و هێشتنەوەی بە قەڵای سەوزی یەکێتی، پۆستی پارێزگاری کەرکوک هەڵببژێرێت .


PM:05:25:24/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 11568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی