پارتی خۆی خستە گێژاو

‌بەهێز حوسێن


نازانم كێن ئەو راوێژكارانەی  بەدەردەكەی ریفراندۆم  پارتییان ئاراستەكردووە تا لەبارەی كابینەی نۆیەمی حكومەت ئاوا بیخەنە گێژاوەوە..!؟

ئاخر خۆ كوڕ و كوڕەزاكانی بارزانی زۆر باش دەیانزانی یەكێتی بەوان قووتناچێ‌ و كە بكەوێتە ململانێ لەگەڵیان بەتایبەتی ئەوكاتەی ململانێكان لەسەر شكاندنی ئیرادەبێـت ئەوا یەكێتی لێیان دەبێتە هەژدیهاكی حەوت سەر ..!
پارتی كە وەك بڵێی سەرلەنوێ‌ یەكێتی تاقیبكاتەوە ئەمجارەش چەند هەنگاوێكی تاكتیكی نا كە ئەوەتا خۆی خستۆتە گێژاوێكەوە ئەو سەری لێدیار نییە و یەكێتیش بەكاوە خۆ و زۆر بە ئەعسابێكی ساردەوە هەر ڕۆژەو كارتێكیان بۆ فڕێدەدات و وای بەسەر هێناون كە لەنێو ماڵی پارتیدا فرە جەمسەریی و چەند هەڵوێستی و ناكۆكی سەرهەڵبدات .

پارتی كە هەنگاوێك دەگرێتەبەر بۆ گۆشەگیر كردنی یەكێتی ، یەكێتی بە هەنگاوێكی تر پارتی دەخاتەوە گۆشەیەكی تەسكی تری وا كە خۆی بۆ قوتار و رزگار ناكرێت ، ئەوەتا بێ‌ یەكێتی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دیاریكرد تا یەكێتی ناچار كات بێتەوە و پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان وەك تەكلیف لێوەربگرێتەوە ، بەڵام یەكێتی  ئێستا داوای سەرۆكی هەرێم دەكات ، خۆ ئەگەر پارتی هەڵەی ئەوەش بكات سەرۆكی هەرێم بۆخۆی بەرێت ئەوا دەبێت زۆر باش چاوەڕێی ئەوە بكات یەكێتی بە پۆستی سەرۆكی حكومەت كەمتر ڕازی نەبێت .
ئەوەش نەكات ئەوا پارتی باش دەزانێـت حكومەتی پێ بەڕێوەناچێت و عوزر لەقاعەت خراپتردەبێت .

گۆڕان بەڵایەكی تر بۆ پارتی

پارتی هەموو ئومێدێكی لەسەر گۆڕأن هەڵچنیوە كە پارسەنگی یەكێتی بۆ بكاتەوە لە دەڤەری سلێمانی ، بەڵام لەیەكەم تاقیكردنەوەیدا شكستیخوارد و بە رێكەوتنی لەگەڵ پارتی گۆڕان كەوتۆتە بەر نەفرەتی شەقام و تادێت شەعبیەتی كەمتر دەبێتەوە و ئەوەتا تا ئەم ڕۆ یەك تۆزقاڵیش باری قورسی شانی پارتی سوكنەكردووە ، خۆ ئەگەر پارتی وا بیر بكاتەوە گۆڕان لە دەڤەری سلێمانی بەكاردەهێنێت تاوەك بۆمبێكی كاتگیركراو ( تەوقیتكراو ) دژ بە یەكێتی لە ناوچەی دەسەڵاتی سەوز بەكاری بهێنێت ، ئەوا نابێـت بەدووری بزانێت یەكێتی وەك ئەوەی پارتی لە 2016 بەرامبەر بە گۆڕان كردی ئاوا  بكات و بیانكاتە ئەو دیو دێگەڵە و بەمەش گۆڕان ببێتە بارگرانییەكی زیاتر بەسەر پارتییەوە و مانەوەشیان لەدەڤەری زەرد ببێتە بەڵا بۆ پارتی.

پارتی لەمەشیاندا ئەزموونی هەیە كە بە هەر نرخێك بێـت یەكێتی ناوچەی هەژموون و نفووزی خۆی دەپارێزێت و ئەوەندە مەجال ناهێڵێتەوە لەبەرژەوەندی ئەوانیتر دەڤەری سلێمانی بكرێتە سووتەمەنی و قوربانی .

سەمفۆنیای یەكێتیانە

گرەوكردنی پارتی لەسەر یەتكردنی یەكێتی و بڕیار و هەڵوێستە سیاسسەكانی ، گرەوكردنی بوو لەسەر ئەسپێكی لاقشكاوی كوێر ، چونكە بە پێچەوانەوە یەكێتی زۆر بەرپرسیارانە بەرامبەر بە رۆحی شەهیدەكانی و بنەكە جەماوەرییە خۆڕاگر و بەوەفاكەی بەجۆرێك یەكڕیز و یەكدەنگ و هەڵوێستن كە زۆرجار ترسی ئەوەدێتە ئاراوە نەبن بەچاوی ناحەز و نەیارەكانیانەوە .

بەم یەكدەستییەی سەركردایەتی یەكێتی جامبازەكانی پارتی تووشی ئەوپەڕی نائومێدی بوون لە پەرتكردنی سەركردایەتی و نوقڵانە لێدانی ئەوەی یەكێتی بڕیاریان بۆ ساغ نابێتەوە ، ئەوەتا ئێستا هەر سەركردایەتییەكی یەكێتی قسە دەكات ئەلێی هەڤاڵەكەی تری لە سەركردایەتی قسە دەكات و سەمفۆنیایەكی پڕ ئاوازی یەكێتیانەی پڕ لەهەڵوێست و بڕیاری نیشتمانییانەیان لێدەبیسترێت ، ئەمەش گرنتی سەركەوتنی خواستەكانی یەكێتی دەكات و هۆكاری ئەوەیە بێ‌ دوو دڵی بنكە و جەماوەری یەكێتی خەرمانە لەدەوری سەركردایەتییەكەیان بدەن .



PM:03:50:20/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 28944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی