ژن...پەرلەمان...ئۆپۆزسیۆن

‌فەرهەنگ فەرەیدون

لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان، بەڕێز د.کازم فاروق، کە سەرۆکایەتی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەکات، لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە بۆ دووەم جار نەیهێشت قسەکانی خۆی بکات، دواتر فەیسبوک چییەکانی نەوەی نوێ هێرشیان بۆ سەر سەرۆکی پەرلەمان دەستپێکرد، کەوا دەردەکەوێت کاریگەری نەرێنی هەبوبێت لەسەریان.

ژن
مامۆسایەکی زانکۆ، زوو زوو لەوانەکانیا بیری دەخستینەوە قەت لەگەڵ"ژن، مامۆستای ئاینی و ڕۆژنامەنوس" نەکەوینە کێشەوە، چونکە براوە نابین!!!

ڕەنگە د. کازم کەس نەبوبێت ئەو ئامۆژگارییەی بکات، بەڵام خۆ دەزانێت د.ڕێواس پێش ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان بێت ژنە، ژنان خودا وادروستی کردوون، نەرموو نیانن لەگەڵ ئەوانی ڕێزیان دەگرن، ڕێزی ئەو پیاوانە دەگرن، کە ڕێزی ژنێتیان دەگرن، بەڵام ویستت دژایەتیان بکەی، ئەوان وازت لێناهێنن تا  مریشکەڕەشە لەگەڵت دەڕۆن، بەقودرەتی ژن بوونیشیان هەر ئەوان براوە دەبن.

پەرلەمان
زۆرم پێخۆشە سەرۆکایەتی و ئەندامەکانی پەرلەمان، لەناو هۆڵی پەرلەمان شەڕ بکەن، دەنگ هەڵبڕن، جار جایش گاڵتەو گەپ بکەن، پەرلەمانی سەربازگە نییە، تا بە شێوازێکی سەربازی مامەڵە تێدا بکرێت.

بەڵام دەبێت هەموو پەرلەمانتارەکان بەڕاستی کاری پەرلەمانی بکەن، نەک مزایەدەی سیاسی پێشم وایە وەڵامەکەی ئەمڕۆی د.کازم فاروق، بۆ سەرۆکی پەرلەمان جگە لە مزایەدە هیچی تر نییە و ناکرێت سەرۆکی فراکسیۆن بەو شێوازە مامەڵە باکات.

ئۆپۆزسیۆن
نەوەی نوێ دەبێت لەوە تێبگات ئۆپۆزسیۆن بوون بەهاوارکردن نییە، ئەگەر دەشیانەوێت وەک سەردەمی ئۆپۆزسیۆن بوونی گۆڕان بن، ئەوا لە هەڵەدان، چونکە نە کاک شاسوار کاک نەوشیروانە، نە کاک کازمیش عەبدوڵای مەلانورییە.

دەبێت لەمەودوا نەوەی نوێ لە سۆشیال میدیا بێتە دەرەوە، چەند پارەیان لەسپۆنسەرکردنی فەیسبوک خەرج کردووە، بەقەدەر ئەو پارەیە بەسودیان نەشکایەوە کە وەک ئۆپۆزسیۆن ڕاستەقینە پیادەڕەوی بەردەم باخی گشتیان نۆژەنکردەوە، ئەگەر بەردەوامبن لەسەر کاری لەم شێوەیە هاوڵاتیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و میدیاکان دەبنە بڵندگۆی کارە باشەکانیان.


AM:08:51:31/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 4192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی