ئەو پیاوەی بە دوو كورسییەوە دەبێتە سەرۆك كۆماری عیراق

‌فەرهەنگ فەرەیدون

رۆژی 19\9\2018، لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان، چاوی میدیاكان چوونە سەر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوای ئەوەی بڕیاریاندا بەرهەم ساڵح، كاندید بكەن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.

"گەڕانەوەی بەرهەم  ساڵح بۆ ناو یەكێتی"

بەرهەم ساڵح، لەدوای هەڵبژاردنی 12\5\ 2018ی پەرلەمانی عیراقەوە، دوور لەچاوی میدیاكان مانۆڕێكی دەستپێكرد بۆ لای حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی پشتیوانی بكەن ببێتە كاندیدی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.

لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا لیژنەیەك دروستكرا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵی كە پێكهاتبوون لە كۆسرەت رەسوڵ، پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، رۆژی 17\9\2018، لە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی دوایین كۆبوونەوەی نێوان لیژنەكە و بەرهەم ساڵح بەرێوەچوو، هەریەكە لە پاڤڵ تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ، پشتیوانی بەرهەم ساڵحیان كرد، ئەگەر لە دەرەوەی یەكێتیش خۆی كانیدید بكات، بەڵام لاهوری شێخ جەنگی بە بەرهەم ساڵحی وتووە بۆ ئەوەی ببێتە كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبێت بگەڕێتەوە ناو یەكێتی وتوشیەتی"ئەگەر بگەڕێیتەوە ناو یەكێتی لە ئەنجومەنی سەركردایەتی چانسی ئەوەت دەبێت ببیتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، بەڵام ئەگەر نەگەڕێیتەوە ئەو چانسە لەدەست دەدەیت و لەناو سەركردایەتی یەكێتی كاندیدی خۆمان دیاری دەكەین".

 دواتر بەرهەم ساڵح، لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری كۆبووەوە و پێی راگەیاندون، دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی و كۆتایی كۆبوونەوەكەش بە باوەش و ماچكردنی بەرهەم ساڵح و سەركردەكانی هاوپەیمانی كۆتایی هات.

رۆژی 19\9\2018 بەرهەم ساڵح، نامەیەكی بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناردوو رایگەیاند " خۆیی و هەڤاڵەكانی بۆ لەمەودوا لەناو ریزەكانی یەكێتی درێژە بەكاری سیاسی دەدەن"، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحی پەسەند كرد و مەلا بەختیاریش كە خۆی دانابوو ببێتە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بەمە نیگەران بووە و دوای دەنگەدەنگی لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی زاوای كۆبوونەوەكەی جێهێشتووە، پاشان بەرهەم ساڵح، بەزۆرینەی دەنگ بووە كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.

هەر هەمان رۆژ پارتی دیموكراتی كوردستان دژایەتی خۆی بۆ كاندیدەكەی یەكێتی دەربڕی و بەفەرمی رایگەیاند"كاندیدیان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار".

"نێچیرڤان بارزانی بە بێ‌ پشتیوانی لە بەغداوە گەڕایەوە"

دوانیوەڕۆی رۆژی 22\9\2018 نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەپەلە خۆی گەیاندە بەغدا، بۆ ئەوەی هێزە عیراقییەكان رازیبكات بە پشتكردنە بەرهەم ساڵح و پشتیوانی كردنی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق.

نێچیرڤان بارزانی بەهۆی ئەوەی پشتیوانی ریفراندۆمی نەكرد، هێزە عیراقییەكان گوێی لێدەگرن و كەمترین هەستیاری سیاسیان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام ئەمجارە نەیتوانی سەركەوتووبێت و پشتیوانی بەغدای بەدەست نەهێنا، هەر بۆیە رۆژی 23\9\2018، گەڕایەوە هەولێر و بەناوی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیەوە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوەو  داوای لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كرد كۆببنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، هەر هەمان رۆژیش فوئاد حسێنیان وەك كاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە دیاری كرد.


دوێنێ‌ دواین كۆبوونەوەی نێوان یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر ئەنجامدرا، وەفدەكەی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرپەرشتی دەكرد بە ئاشكرا بە جێگری سەرۆكی پارتییان وتووە كاندیدەكەیان ناكشێننەوە و دڵنیاشن كە دەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتووی عیراق.

"ئەمریكییەكان داوایان لە مەسعود بارزانی كردووە ببێتە سەرۆك كۆمار"


رۆژی 24\9\2018 وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە بەرهەم ساڵح، لاهوری شێخ جەنگی و خالید شوانی، بەمەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ بەرهەم ساڵح، سەردانی بەغدایان كرد، ئەوان لەماوەیەكی كەمدا توانیان پشتیوانی لایەنە عیراقییەكان و ئەمریكاش بەدەست بهێنن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

هۆكاری سەرەكی سەركەوتنەكەیشیان بۆ خودی لاهوری شێخ جەنگی دەگەڕێتەوە، چونكە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەمریكییەكان هەیە، هیچكات ئەو پەیوەندییەی بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆی بەكار نەهێناوە و فێڵی لێنەكردوون، لەوەش گرنگتر لاهوری شێخ جەنگی، سەرقاڵی بزنز و سەفەقاتی بازرگانی نییە نە لە بەغدا و نە لە هەرێمی كوردستان، تەنانەت لە كۆمپانیا گەورەكانی كوردستان هیچكامیان هی ئەو نییە، ئەمەش وایكرد دەسكەوتی زیاتر بێت لەنێچیرڤان بارزانی لە بەغدا.

هەرچەندە لە میدیاكانەوە باسی لێنەكرا، بەڵام گرنگترین كۆبوونەوەی وەفدی یەكێتی لە بەغدا لەگەڵ ئەمریكییەكان بوو، لە كۆبوونەوەكەدا وەفدی یەكێتی و خودی بەرهەم ساڵح لەسەر داوای ئەمریكییەكان رازیبوون بەوەی دەستبەرداری بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار ببن، ئەگەر مەسعود بارزانی ببێتە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.

هەر دوای كۆبوونەوەكە ئەمریكییەكان پەیوەنیدیان بە بارزانییەوە كردووە، پێیان راگەیاندووە پشتیوانی دەكەن ئەگەر بیەوێت ببێتە سەرۆك كۆمار، بەڵام هەرزوو بارزانی پێشنیارەكەی رەتكردۆتەوە و بۆیە بە ئاشكرا ئەمریكییەكان پێیان وتووە"عیراقی ئایندە دەبێت عیراقێكی بەهێزبێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی كاندیدێكی بەهێز دەكەین بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، لە ئێستاشدا جگە لە بەرهەم كەس بە شیاوتر نازانین بۆ ئەو پۆستە".

‎"شەڕی ئامۆزاكان دەچێتە بەغدا"

‎پارتی مەبەستی نییە پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق وەربگرێت، چونكە نەكەسی لەبنەماڵەی بارزانی نەلەمەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كاندید نەكردووە، بەڵكو د.فوئاد حسێن كاندید كردووە ئەویش لە فوئاد مەعسوم  بەهێزتر نییە بۆ ئەو پۆستە، هەر بۆیە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی داوای مامی و مەكتەبی سیاسی حزبەكەی و  ئەمریكییەكانی رەتكردەوە بۆ ئەوەی ببێتە كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار.


PM:09:00:26/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 5499 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی