مام جەلال و میدیای ئازاد

‌ئارام سەعید

لە 2003 دا یەکێک لەروداوە مەزنەکان رووخانی سەدام بوو، ئەوەش ئەحمەد هەردی شاعیری وەک هەموو کورد تەواو دڵخۆش کردبوو کەساڵانێکی زۆر لەدەستی ئەو رژێمە دەربەدەر بوو، هەربۆیە بڕیاڕی دا بێتەوە کوردستان و لەمالەکەی خۆی لە سلێمانی ژیان بەسەر بەرێت، مام جەلال کە زانی ئەحمەد هەردی هاتۆتەوە سەردانێکی کرد بۆ ماڵەوە بۆ بەسەرکردنەوە وبەخێرهاتنەوە، لەو سەردانەدا بریاریدا ئێوارە خوانێک لەسەر شەرەفی ئەحمەد هەردی بە ئامادەیی ژمارەیەک لەئەدیب و نوسەران سازبکات.

پاش جەند رۆژێک ئیوارە خوانەکە لەباخی هوتێل سەرچناری گەشتیاری سازکرا، جگە لەژمارەیەک نوسەر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و خوالێخۆشبووان کاک شێرکۆ بێکەس و  مستەفا ساڵح کەریم لەوێ بوون.

ئێوارەیەکی هاوینی سەرچنار ، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری مام جەلال  ئامادەبوو، مام جەلال هەم خوالێخۆشبوو ئەحمەد هەردی خۆش دەویست و سەرسام بوو بەشیعرەکانی هاوکات دەشیزانی کە ژیانی شاخ و رۆژانی خەباتی چۆن بردۆتە سەر، مام جەلال لەو سیاسیانە بوو کەمەجلیسی رۆشنبیران و رۆژنامەنوسانی زۆر پێخۆش بوو، لەو مەجلیسانەدا زۆر پشتگیری و بەرگری لەڕاوبۆچەنەکانیان دەکرد، نەک بەتەنها بۆ رۆشنبیرانی کورد بەڵکو لەبەغداد و سوریا و فەلەستین ولوبنانیەکانیشی دەناسی و چەندین داوەتی لەو شێوەیەی کردوە کە بەندە لە بەشێکیان ئامادەبووم.

لەو ئێوارەیەدا چەند کەسێک داوەت کرابوون کە جگە ئاسۆس هەردی و رێبین هەردی ژمارەیەک رۆشنبیر و رۆژنامەنوس ئامادەبوون، کەهەندێکیان لە راگەیاندنی یەکێتی بوون، ئەوانەی لەیەکێتی بیرم بێت د.کمال فوئاد و مەلا بەختیار وفەرید ئەسەسەرد و سەعدی دزەیی بوون.

لەو سەردەمەدا رۆژنامەی "هاوڵاتی" زۆر کاریگەربوو، بەشی زۆری رۆژنامەنوسان و نوخبەی رۆشنبیر پشتگیریان دەکرد و تەنانەت هەندێ لە سیاسی و بزنزمانەکانیش هاوڵاتیان پێ باش بوو وەک میدیاکی ئازاد،  ئەوکات ئاسۆس هەردی سەرنوسەری هاوڵاتی بوو کەرۆژنامەیەکی سەربەخۆو رەخنەگر بوو،  مەکتەبی سیاسی بەدەرفەتیان زانی گفتوگۆیەک لەسەر رەخنەکانی هاوڵاتی بکەن و رووی دەمیان لە ئاسۆس هەردی بوو، د.کەمال فوئاد ووتی: کاک ئاسۆس ئێوە لە هاوڵاتی رووی رەخنەکانتان زۆربەی سلێمانیەو کەمتر رەخنە لە هەولێر دەگرن، دیارە مەبەستی ئەوەبوو زیاتر رەخنە لە یەکێتی دەگرن! ئاسۆس هەردی فریای هێندە کەوت بڵێ ئەوانیش وامان پێدەڵێن واتە پارتیش بەپێچەوانەوە پێی وایە رەخنەکان زۆربەی لە پارتین.

مام جەلال کە گوێی لەو قسەیەبوو وەک بڵێی دەرفەتێکی زێرینی دەستکەوتوە بۆ بەرگری لە رۆژنامەنوسانی ئازاد، قسەی بە ئاسۆس بڕی  بە د.کەمالی ووت: دوکتۆر تۆ کاتێک ئەتنوسی ئاسۆس لەدایک نەبوە، پاشان ئەگەر ئەوان جەریدەیەکی هەفتانەیان هەبێت ئێمە زۆر رۆژنامەو گۆڤارو تەلەفزیۆنمان هەیە! ئەگەر رەخنەکانیان هەڵەیە ئەوا جوابی بدەنەوە و راستی بکەنەوە، ئەگەر رەخنەکانیش لەجێگەی خۆیەتی ئەبێت دەستخۆشیان لێ بکەن چونکە یەکێتی لەسەر بنەمای رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن هەیە چەند ساڵە.

پاشان ووتی: جا ئەگەر ئەوان بە دڵی تۆ بنووسن، ئەی کەواتە رۆژنامەی ئازاد-ی چی؟
دوکتۆر کەمال فوئاد ویستی قسەکانی دوبارە بکاتەوە بەڵام تاڵەبانی قسەکەی پێ بڕی‌و رووی کردە ئاسۆس ‌و لێی پرسی: کاک ئاسۆس تۆ تفەنگت پێیە؟ وتی: نەخێر. دۆشکەت پێیە؟ وتی: نەخێر. چیت پێیە؟ قەڵەمت پێ نیە؟ ئاسۆس وتی:  بەڵێ.

مام جەلال جارێکی تر رووی کردەوە کەمال فوئاد و وتی: ئەگەر راستی نووسیوەو رەخنەکانی لەجێی خۆیدان، ئەوا دەستی خۆش بێت. ئەگەر ناڕاستی نووسیوە، فەرموو وەڵامی بدەرەوە. خۆ تفەنگی پێوە نەناوی!

ئەوکات بەرپرسە سیاسیەکانی تر زۆر پڕ بوون لەهاوڵاتی هەمویان دەیانویست قسە بکەن و رەخنەکانیان باس بکەن بەڵام ئەو وەڵامانەی مام جەلال کارێکی کرد نەیانتوانی بەردەوام بن، ئیتر لەبەینی خۆیان و لەژێر لێوەوە قسەیان دەکرد، ئاسۆس هەردی ئەوەی بیرماوە کەیەکێک لەو سیاسیانە کەبەرامبەر ئاسۆس دانیشتوە بە نزمی وتویەتی:  جا باشە مام جەلال ئەمان گوێیان لەم قسانەی تۆ نەبوە هەر خەریکی رەخنەن لێمان ئیتر دوای ئەم قسانە تەواو هەراسانمان ئەکەن!

لەکۆتاییدا، مام جەلال ئەوکات بڕوای وابوو کە بەرگری بکات لە رۆژنامەنوسان و ئازادی رەخنەگرتن، چونکە مام جەلال وەک سیاسیەکی کاریگەر خۆی هەموو قۆناغەکانی بەسەختی و توانای خۆی تێپەڕاندبوو، لەسەرەتاکانی ژیانیەوە سەرنوسەر بووە و پارێزەر بوە و هەرزوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بوەو ئەزمونێکی دوورو درێژی سیاسی هەبوو، دەیزانی لەو مەجلیسانەدا چۆن وەڵام و موداخەلە بکات، هیوادارم ئەو بڕاوبۆچونانەی ئەو بچەسپێت و چیتر بەرپرسە سیاسیەکان وەڵامی نوسین و قەڵەم بە چەک و توندوتیژی نەدەنەوە.      
 
لەو ئێوارە خوانەدا خوالێخۆشبوو ئازاد سدیق و ئالان رەئوف، بەندە وەک رۆژنامەنوسانی کوردسات لەوێ بووین، بەداخەوە رەنگە هەندێکم لەبیرنەمابێت کەئەو ئێوارەیە لەوێ بوون.


PM:12:03:29/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 3296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی