خنکاندنی ڕێکخراوەکان

‌ئارام سەعید

پەیامێک بۆ حکومەت و ئەنجومەنی دادوەری و پارلەمان

ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGO) ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕن لە پێشخستنی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ کۆمەڵگا. بەداخەوە لە کوردستاندا حکومەتی هەرێم لەرێگەی پەیرەوکردنی سیاسەتێکی خراپەوە کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەخنکێنن، کە سەربەخۆییەکەیان تێکدەدەن و چالاکیەکانیان بەرتەسک دەکەنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکەن. ئامانجی ئەم نووسینە ئەوەیە ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبنەوە لە کوردستان و داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین کە هەنگاوی پێویست بنێن بۆ پشتیوانی لە کارەکانیان.

  سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی کە لە چوارچێوەی یاساییدا بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەدەست هاتوون، زۆرێک لە ڕێکخراوەکان ڕووبەڕووی چەندین بەربەست دەبنەوە لەڕێنماییەکانی حکومەت کە پشتی بەیاساکە نەبەستوە و ڕێگری لە کارەکانیان دەکەن و کاریگەرییەکانیان سنووردار دەکەن.

یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکان بریتییە لە زیادەڕەوی لە بیرۆکراسی و ڕێنمایی ناپێویست کە لەلایەن فەرمانگە حکومییەکان و هێزە ئەمنییەکانەوە سەپێنراون. لەتازەترین پێشهاتدا لە شاری هەولێر ڕێکخراوە ناحکومییەکان پێویستە لیستی بەشداربووان بۆ هەر وۆرک شۆپ و ڕاهێنانێک کە ڕێکیان دەخەن بنێرن بۆ دەسەڵاتداران ، و پێش ئەنجامدانی هەر چالاکیەک ڕەزامەندی وەربگرن. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە نەک هەر بارگرانی و دواکەوتنی زیاتر دروست دەکەن بەڵکو مافی ڕێکخراوە ناحکومییەکانیش پێشێل دەکەن بۆ ئەوەی بە ئازادی و سەربەخۆ کاربکەن.

جگە لەوەش بەشێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەلایەن حزب و دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە دروستکراون و ئەمەش دەریدەخات لەسەر سەربەخۆ نین . ئەم پرسە نیگەرانییەکان لەبارەی شەفافیەت و لێپرسینەوەی ئەو ڕێکخراوانە و توانای نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی پێکهێنەرەکانیان دەشێوێنێت.بە کۆنتڕۆڵکردنی میدیاکان ڕازی نەبوون، وا دیارە دەسەڵات ئێستا هەوڵی خنکاندنی دەنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش دەدات. جێبەجێنەکردنی یاساکانی پاراستنی کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەلایەن حکومەتەوە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر توانای کارکردن و بەشداریکردنیان هەیە بۆ کۆمەڵگا، خنکاندنی ڕێکخراوەکان نەک تەنها زیان بە کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەگەیەنێت، بەڵکو زیان بە ماف و ئازادییەکانی ئەو کەسانەش دەگەیەنێت کە خزمەتیان دەکەن.

 حکومەت یاسای ڕێکخراوە ناحکومییەکان جێبەجێ ناکات، کار بەکۆمەڵێک رینمایی دەکات کە بەدەرن لەیاساکە ئەمەش بووەتە هۆی  سنووردارکردنی کارو هەراسانکردن و تۆقاندنی زۆر. جگە لەوەش سیاسەتەکانی حکومەت لەجێبەجێ نەکردنی یاسای مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە توانای ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ خەڵکدا بەشیوەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە.بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، ڕێکخراوە ناحکومییەکان ناتوانن کارەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر ئەنجام بدەن یان لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت بکەن. ئەمە بە تایبەتی لە سەردەمی زانیاری هەڵە و زانیاری ناڕاستدا گرنگە، چونکە کاتێک کە زانیاری ڕوون و دروست لەبەردەست نەبێت ریگە خۆش دەبێت لەبەردەم زانیاری چەواشە.

ڕۆڵی میدیا لە بەرەوپێشبردنی شەفافیەت و لێپرسینەوە ناتوانرێت نکوڵی لێبکرێت. لەمبارەیەوە دامەزراوە میدیاییە سەربەخۆکان ڕووبەڕووی تەحەدای هاوشێوەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبنەوە، کە دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و ترس و هەرەشەودەستێوەردانی سیاسی ڕێگری لە کارەکانیان دەکات.ئەوەش جێگەی نیگەرانییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە میدیا دەیگێڕێت لە داڕشتنی ڕای گشتی و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەی لە دەسەڵاتدان.

سەرەڕای ئەم تەحەددایانە، بەشێک لەڕێکخراوە ناحکومییەکان لە کوردستان بەردەوام و خۆڕاگر بوون لە بەدواداچوونی ئەرکەکانیان. ئەوان ماندوو نەناسانە کاریان کردووە بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگا و هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و داکۆکیکردن لە گۆڕانکاری. هاوکات لەگەڵ دەسەڵاتداران بە پەرلەمان و حکومەتەوە پەیوەندییان هەبووە بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانیان بخەنەڕوو و داوای گرتنەبەری رێشوێنەکان بکەن.

بەڵام هەوڵەکانیان بەس نەبوون بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگە سیستماتیکیانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بۆیە داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین کە بەپەلە هەنگاو بنێن بۆ پاڵپشتیکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە کوردستان. بە تایبەتی داوا لە ئەنجومەنی دادوەری دەکەین دڵنیابێت لە جێبەجێکردنی دروستی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە مافی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەپارێزن و لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە پێشێلی دەکەن.

هەروەها داوا لە پەرلەمان و بەتایبەت لیژنەی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین چاودێری جێبەجێکردنی یاسای ڕێکخراوە ناحکومیەکان بکەن و پاڵپشتی کارەکانی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بکەن. لە کۆتاییدا داوا لە حکومەت و بەتایبەت سەرۆک وەزیران دەکەین کە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان بکات ئەوانەی کاریگەرن و سەربەخۆن و چارەسەری نیگەرانییەکانیان بکات چونکە خنکاندنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە کوردستان نیگەرانییەکی قورسە کە پێویستی بە هەڵویست وکاری بەپەلەی دەسەڵات هەیە.

لەکۆتاییدا، دەرئەنجامەکانی بێهەڵویستی ئەو لایەنانە ترسناکن، بەو پێیەی نەک تەنها کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان تێکدەدات بەڵکو پەیکەری دیموکراسی کۆمەڵگا لاواز دەکات و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر.


PM:11:03:17/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 1048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی