مێگەل یان سەرشکان

‌ئارام سەعید

لەم قەیران و کێشانەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا چەندین پرۆژەی سیاسی و چارەسەر دەبیستین، هەریەک لە حزب و سیاسیەکان گوتارێکی سیاسی دەدەن و رۆشنبیرەکانیان شیکاری بۆ دەکەن، لە رێگەیەوە دەیانەویت بڵێن پێوست بە پرۆژەی سیاسی بەدیل ناکات، پێشنیار و پرۆژەی چارەسەریان هەیە و لەپشت هەر پرۆژەیەکەوە سەرۆکێک هەیە، هەریەک لە ئەندامان دەڵیت تەنها سەرۆکەکەی من دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات!


بەشێکی زۆر لەو گوتاردەرانە دەیانەویت بڵێن ئێمە وەک مەڕ دوای شوانەکە کەوتوین و ئێوەش وەرن بەدواماندا، وەک ئێمە بێدەنگی لێ بکەن و ژیانی خۆتان بە ئاسودەیی بەرنە سەر،چیتر دەست لە راوبۆچونیی ئازادانەی خۆتان هەڵگرن، ئەگەر نا ئەوا هەموو ئامرازێک بەکاردێنن بۆ ئەوەی بچنە ناو مێگەلەکەوە ، برسیکردن،دادگا، گرتن بە تۆمەتی سیخوڕیی.

ئەمە ئەو ستراتیژەیە لە رێگەی گوتارەکانیانەوە بڵێن ئەو هەموو ترس و دڵە راوکێیە تەنها ئێمە دەتوانین لای بەرین، چەندین دوژمنی ناوخۆیی و دەرەکی نیشان دەدەن ، ترسی لەدەستدانی هەرێم و قەوارەکە، نەمانی موچە، ترسی هاتنی حەشدی شەعبی، ترسی پەرتبونی هەرێم، ترسی داعش....هتد . ئەمە پێی دەڵێن دەسەڵات بەرێوەبردن لەرێگەی گوتاری سیاسیەوە....

لێدان و هەڕەشە و زیندانیکردنی ئازادیخوازان دەکەوێتە ئەو چوارچێوەیەوە، یان بێدەنگ دەبن یان لەسەرتان دەدرێت!  سەری هەموتان دەشکێنن! ....کەواتە مرۆڤ دەکەوێتە بەردەم چەند هەڵبژاردەیەک یان دەبێت وەک کۆیلەیەک بژی و بمرێت، بێ ویژدان ژیان بەریتە سەر، یان وەک مرۆڤێکی خاوەن ویژدان بژیی تا ئەوکاتەی دەنگی زۆرینە دەبێتە دەنگی ئازادی....


PM:01:06:28/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1084 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی