شکستی لامەرکەزیەت (سلێمانی)

‌ئارام سەعید

لەدوای روخانی سەدامەوە و لەسایەی دەسەڵاتی پۆڵ بریمەری حاکمی مەدەنی عێراق یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان دەرکرا، هەربەپێی ئەو یاسایەش لەهەرێمی کوردستانیش 2005هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاکان کرا. لەمبارەیەوە حکومەتی ئەمریکا بودجەیەکی گەورەی دابینکرد بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی دەسەلاتی لامەرکەزی و پێدانی زۆربەی دەسەلاتەکان بە ئەنجومەنەکانی پاریزگاکان.

رێکخراوی ( Research triangle institute RTI) ی ئەمریکی کە بەکوردیەکەی دەکاتە پەیمانگای سیقۆڵی بۆ لێکۆڵینەوە ئەرکی جیبەجیکردنی بەرنامەکەی پی سپیردرا و لەمبارەیەوە لەهەر هەژدە پاریزگاکەی عێراق تیمی پیکهینا بەناوی پرۆژەی حوکمڕانیی ناوخۆیی(LGP Local Governance Project)، کە بودجەکەی لەلایەن ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپیدانی نێودەولەتی (USAID) دابینکرابوو.بەندە لەو تیمەی سلێمانی بووم و راستەوخۆ لەگەل پاریزگار و ئەنجومەنی پارێزگای سلیمانی کارمان دەکرد وەک راویژکاری حوکمرانیی ناوخۆیی ریکخراوەکە بۆ ئەنجومەنی پاریزگا.

لەبەرئەوەی لەهەر هەژدە پاریزگاکە ئۆفیس هەبوو جگە لە ئۆفیسی هەرێمیی لەهەوڵیر و فوراتی ناوەراست و باشور لە بەسرە، ئۆفیسی سەرەکی لە بەغدا بوو، بەردەوام ئاگاداری چالاکی و راپۆرتی یەکتر بوین، واتە ئەگەر لەبەسرە چالاکیەک بکرایە ئیمە زانیاری تەوامان پێدەگەیشت.

کارەکانمان زۆر بواری گرتەوە لە ڕاهێنان و بەرەوپێشبردنی ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆکی ئەنجومەنەکان و هاوکاریکردنیان بۆ دانانی لیژنە تایبەتەکان و دانانی پلانی ستراتیژی و سازکردنی کۆنفرانس لەسەر ئاستی هەموو پاریزگاکان و شیکردنەوەی یاساکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئەندامانی ئەنجومەن و سەرۆکی ئەنجومەن و پاریزگار و جیگری پاریزگار کە هەمویان بەهەلبژاردن دانرابون حەماسیکی باشیان هەبوو بۆ کارکردن، هەولی زۆریان ئەداو پێشبرکێ لەنیوان لایەنەکاندا هەبوو بەوەی کێ پرۆژەی باش پێشکەش بکات، گفتوگۆکان کەم گرژیان تێدا دروست دەبوو.
لێرەوە دەنگێک دروست بوو لەناو نوخبەی سیاسیدا کە ئەمریکا پشتگیری فیدراڵیەتی پاریزگاکان دەکات و ئەم پرۆژەیە دژی کیانی هەرێمی کوردستانە، کە دیارە ئەمەش زەقکردنەوەو باسکردنی بۆ ئەوە بوو کە ریگە بگرن لە دەسەڵاتی لامەرکەزی و وردە وردە بەرەو مەرکەزیەت کوردستان بەرنەوە، کە رەنگە ئەمریکا مەبەستیکی هەبوبیت بۆ لامەرکەزیەت، بەلام خۆ ئەگەر دەسەڵاتی كوردی بەنیازی دەوڵەتی کوردیش بیت ئەوا نمونەی لامەرکەزیەت یەکیکە لە ئەزمونە سەرکەوتوەکانی جیهان.

گەر بپرسین بۆ دەسەلاتی سیاسی لە هەریم لەگەل لامەرکەزیەت نیە ئەوا وەڵامەکەی هاوکێشەیەکی زۆر ئاسانە لەبەرئەوەی لە سیستمی لامەرکەزیدا هەرشار وشارۆچکەیەک نوێنەری خۆی دەبێت و دەسەڵاتیان دەبیت لە پلان و بەریوەبردنی ناوچەکانی خۆیاندا و بە دەنگدان دادەنرین، هەرکات نوینەریک باش نەبوو بۆ جاری داهاتوو دەنگی پێنادریت.

لە راپۆرتەکانی ریکخراوەکەماندا دەمان بینی لە بابل یان کەربەلا یان هەر پاریزگایەکی تری باشور ئەنجومەن بەرێوەبەری گشتی لەسەر کار لادەبرد و لیپرسینەوەیان لەگەل پارێزگار دەکرد، بەلام لە هەرێمدا ئەوە زۆر لاواز بوو چونکە پشکی حزبەکان بوو بەڕێکەوتن دانرابون، جگە لەوەش دەستبەرداری ئەنجومەنی شارەوانی نەبون و ئەوەی لە پارێزگا بۆیان نەکرایە لە شارەوانی تێیان دەپەراند.

ئەمە سەرەتای پرۆژەکە بوو کە رەنگە دواتر ئەو ئەنجومەنانە لە پاریزگاکانی تری عێراق چەندین کاری گەندەڵییان لی ئاشکرابوەو جەندین پارێزگار دراونەتە دادگا و حزبە گەورەکانی شیعەش پشکی گەورەیان لەو لەو گەندەلیانە بەرکەوتوە، بەلام بە ئێستاشەوە دەسەڵاتی پاریزگار و ئەنجومەن لە پاریزگاکانی تری دەرەوەی هەریم زیاترە وەک لەوەی لەهەریم هەیە. سەرەڕای ئەوەی لەپارێزگاکانی تری عێراق ئەنجومەنی قەزاکانیش پێکهێنرا. کە دیارترینیان شاری کەرکوک بوو.

خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەرکەوت کە لەگەل ئەو یاسایەدا نیە و بۆئەوەی ئەو دەسەڵاتەی ئەنجومەن و پارێزگار نەهێڵن لە پارلەمانەوە یاسایەکی تریان پەسەند کرد و کلک وگوێی هەمویان کرد ودەسەلاتی گرنگیان بۆ ئەنجومەن و پاریزگار نەهێشتەوەو بەپراکتیکی سەلماندیان کە لەگەل لامەرکەزی نین.

حکومەتی ئەمریکا بریاریدا کە ریکخراوەکە لەهەرێمی کوردستان بکشێنێتەوە و دەستبەرداری ئەو پرۆژەیە بیت، بەلام بۆ ماوەیەکی زیاتر لە ژمارەیەک شاری تری عێراق بەردەوام بوو.

لەهەرێمی کوردستان بەهەردوو زۆنی زەرد وسەوزەوە لەجیاتی لامەرکەزی دەسەڵاتی مەرکەزیان پەسەند کرد کەئەویش دەسەلاتی حزب و دواتر بنەمالەو پاشان خیزان زیاتر دەکات و مانایەک بۆ بۆ دەسەڵاتی خۆجێی نەمایەوە.

لەدوای ساڵی ٢٠١٤ ەوە ئەو بێدەسەڵاتیە نەک دەسەلاتی خۆجێی بەڵکو دەسەلاتی لەلای حکومەت و پارلەمانیش نەهێشت ، وردە وردە بەرەو سەرۆکایەتی هەرێم رۆیشت دەسەلاتەکان....
 


PM:11:47:22/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 2340 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی