نەوشیروان مستەفا و مام جەلال

‌ئارام سەعید


کاتێک سەیری یەکێتی دوای نەوشیروان مستەفا دەکەیت هەمیشە غیابی ئەوی پێوە دیاربوو، کە سەیری گۆڕانت دەکرد هەمیشە دەردەکەوت کە مام جالالێکی نوقسانە، کەواتە ئەو دوانە پێکەوە هێزێکی گەورە بوون ، بە جیابونەوەی لە یەکێتی هەمیشە هەست دەکرا لەولایەی ئەوی لێیە ئەوی تر نوقسانە، کەواتە مام جەلال لە سیاسەتکردندا پێویستی بە نەوشیروان مستەفایەک بوو، و بە پێچەوانەشەوە راستە.

پێکەوەبوونیی چەند ساڵەیان لە خەباتی شاخ و حوکمڕانیی دوای راپەڕین،کارێکی کردبوو کە تەواوکەری یەکتربن لە سیاسەتکردندا.

تەنەنەت ئەو بریارانەی لە شاخ یش دەدران ئەوکاتەی پێکەوە بوون کاریگەرتر و گرنگ بوون، چونکە زۆر جار لە بریارەکاندا هەریەکەیان رای ئەوی تری پێ گرنگ بوو تەنانەت هەندێ بریار هەبوو بەس لەنیوان خۆیاندا بوو کە سەرکردەکانی تر ئاگاداری نەئەبوون.. تەنانەت دوای جیابونەوەش هەردوکیان سڵیان لە یەکتر دەکردەوەو مام جەلال حیسابی بۆ نەوشیروان مستەفا دەکرد، کاک نەوشیروانیش حسابی بۆ مام جەلال دەکرد، چونکە باش یەکتریان دەناسی. هەریەکەیان خاڵی بەهێز و لاوازی یەکتریان دەزانی. راستیەکەشی نەیاندەویست شەڕی یەکتر بکەن. 

لەیەکێک لە وێستگە سیاسیەکاندا هەندێک هاوڕێی گۆڕان پێیان وابوو هێنانی دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ناو گۆڕان رەنگە ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە ، بەلام سەری نەگرت. بۆ یەکێتی لە کاتی مام جەلالدا ئەو بۆشاییە هەر بەدی دەکرا هەرچەندە هەوڵ هەبوو بۆ پرکردنەوەی بەڵام بێ سوود بوو. لەم بارەیەوە رێکەوتنی دەباشان هەوڵێک بوو بۆ ئەو پێکەوەییە.

ئێستا کێ دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە، یەکێتی بێ مام جەلال، گۆران بێ نەوشیروان مستەفا؟ بە دوو جیهانی تەواو جیاوازدا تێپەڕ دەبن، سیاسەتکردنێکی جیاواز، هەڵوێستی جیاواز، سلێمانیش لەم نێوەندەدا بۆ سەردەمیک زەرەرمەند بوو. 

لەهەناوی ئەو دوو هێزەدا ئێستاش دەیان و سەدان کادری بە ویژدان و باش هەن کە خوازیاری ئەوەن چاکسازی بکرێ و ببنەوە بەو هێزەی جاران. بەڵام ئایا ئومێد ماوە ئەوە بکریت؟ یان هەردوکیان لەگەڵ خۆیان ئومیدی حزبەکانیشیان برد؟ 

ئەم کورتە باسە لەحزەکانی جیابونەوەو کاریگەری هەردوو کەسایەتیە لەسەر مێژوی یەکتری، بەرواردێکە لە سیاقێکی مێژوویدا بۆیە هیوادارم سەرنج لەسەر ئەو سیاقە مێژوییە بدریت نەک ئێستا و داهاتوو کەبەتەنها هەر یەکێک لەو دوو سەرکردەیە دەکریت چەندین خوێندنەوە بۆ سیاسەتکردن و هەلویستەکانیان بکرێت.


AM:09:28:20/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 5876 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی