درۆکردن لە سیاسەتدا

‌ئارام سەعید

لەڕوی ئەخلاقیەوە، پێویست ناکات گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی درۆ لە سیاسەتدا هەڵەیە یان نا، چونکە گفتوگۆی ناوێت، بەڵگە نەویستە.مێژووی سیاسەتکردن پڕە لە درۆی سیاسی، پێویستمان بەوەیە بەرگری لە دەستپاکی و راستگۆیی بکەین.بەلام ئایا سزا هەیە لەسەر درۆی سیاسیەکان؟ هەندێک دەڵێن لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سزا دەدرێن، ئەمەش ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، بۆ سەردەمی ئێستا و لە سایەی تەزویر و سۆشیال میدیا و ئەو هەموو درۆیەی گشتاندنی بۆ دەکرێت تا فریای راستکردنەوەی دەکەویت درۆکە چۆتە ناوخەڵکە و ژمارەیەکی زۆر بڕوای پێکردوە، چونکە زۆر بەخێراتر لە راستی بڵاو دەبێتەوەو خەلک بروای پێدەکات. لە ئەنجامی ئەو هەموو درۆیە ژمارەیەکی زۆری دەنگدەران بڕوایان بە پرۆسەی سیاسی و بەشداریکردن نامێنێت. کە متمانەش نەما دیموکراسی دەخاتە بەردەم مەترسیەکی گەورە و لاوازی دەکات.

رۆژنامەنوسێکی ئەمریکی دەڵێت" هاوڵاتیان کەسیان لە نزیکەوە سەرۆک نابینن، تەنها لە ڕێگەی راگەیاندنەوە نەبێت، بۆیە ئەرکی راگەیاندنی ئازادە درۆکانیان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات و دوای چیرۆکەکانیان بکەوێت"

بەڵام ئەوکاتەی رۆژنامەگەری ئازاد نامێنێت ئەو دەسەلاتەی دیکتاتۆر زیاد دەکات و بە ئارەزوی خۆی نەیارانی دەستگیردەکات و ئازاریان دەدات.بۆیە پاراستنی دیموکراسی بێ بونیی رۆژنامەگەری ئازاد کارێکی ئەستەمە، ئەوکات وەک محەمەد موراد ئیلدان دەڵی" سیاسیەکان بە دیواری بەرزی درۆ چواردەورت دەگرن، ئەبێت بزانیت راستیەکان لەودیو دیوارەکانەوەن و بەبی بونیی راستیەکانیش ئازاد بوون کارێکی ئەستەمە"

دەنگدەران، هاوڵاتیان ئەگەر دڵنیا بن لەوەی سیاسیەک درۆ ئەکات دەنگی پێنادەن، بەڵام کەی ئەو درۆیە ئاشکرا دەبێت؟ ئەوکاتەی رۆژنامەنوسی ئازاد و کۆمەڵی مەدەنی و نوخبەی روناکبیر خەڵک ئاگادار دەکەنەوەو گرنگە ئەو هاوسەنگیە هەبێت کە هەم ئازادی رۆژنامەگەری هەبێت، هەم گوێیان لێ بگیرێت.


PM:03:04:10/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 5668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی