چۆن شاخی بێئومێدی بلەرزێنین؟

‌ئارام سەعید


زۆر جار گوێمان لێدەبێت دەڵێن سیاسییەکان و حزبەکان ھەموویان لەیەک دەچن، ھەموویان لەکۆتایدا تەسلیمی پارە و دەسەڵات دەبن، ئێوە چیتان پێدەکرێت؟

ئەم ڕستانە لەچییەوە و لە کوێوە سەرچاوەیان گرتووە؟ بۆچی وادەڵێن؟ ئەی ئەگەر وایە ئێوە پێمان بڵێن چی بکەین؟ وەک ئێوە دانیشین و چالاکی سیاسی بەس موڵکی دەسەڵات بیت و کەسی تر؟ ئۆپۆزیسیۆنیش پاوانی ئەوانە بێت کە پێشتر ئۆپۆزیسیۆن بوون؟

بێگومان ژمارەیان کەم نیە ئەوانەی وابیر دەکەنەوە، ھەڵبژاردنەکانی پێشووی کوردستان و عێراق ئەو راستیەی دەرخست کە نزیکەی سەرو لە سەدا ٧٠ ی کۆمەڵگەی ئێمە لە سیاسەت و بەشداری سیاسی زویر بووە و ھیچ بڕوایەکی بە سیاسەتکردن و سیاسییەکان نەماوە و وا دەڕوانن حزب ئامڕازێکە بۆ دەوڵەمەند بوون و وەرگرتنی پۆست.

دروستبوونی ئەم شاخە گەورەیە لە بێئومێدی بێگومان مێژوویەکی درێژی ھەیە، بەشی گرنگی لەدوای ڕاپەڕینەوە و دەسەڵات گرتنەدەستی حزبەکانی شاخ دەستپێدەکات.  ھەر لەسەرەتاوە دەنگی ناڕازیی ھەبووە و لە بزوتنەوەی ئیسلامی و دواتر کۆمۆنیستەکان و پاشان سەرھەڵدانی رۆژنامەی ئەھلی و ئازاد. بەدرێژایی ئەو رۆژگارانەش نوخبەیەکی رۆشنبیر ھەبوون کە رەخنەی توند و گرنگیان ھەبووە لەدەسەڵاتدارێتی و حوکمڕانی لەم ھەرێمەدا. دواتریش سەرھەڵدانی یەکگرتوو وەک ئۆپۆزیسیۆنێکی شەرمن، پاشان سەرھەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان کە توانی گوڕ و تینی ئۆپۆزیسیۆن بەشێوەیەک بەھێز بکات عەرشی دەسەڵاتی کوردی بلەرزێنێت.١٧ی شوبات نارەزایەتی گرنگ و پربایەخ بوو.

با بەوردی سەیری ھەموو ئەم ناڕەزایەتییانە بکەین چییان بەسەرھات؟ ئێستا ھەموویان لەبەرچاوماندان، ئۆپۆزیسیۆن تەسلیمی دەسەڵات بوو، دەست نرایە بینەقاقای میدیای ئەھلی و ئازاد و خنکێنرا، نوخبە بێدەنگ بوو یان دەنگی کاریگەری نەما، خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات سەرکوتکرا، تروسکایی کەم نەبێت ھیچ ڕوناکیەک نەما، ئەم ئەنجامە شکستخواردووانە بۆ ھاوڵاتی شاخێکی گەورەی لە بێئومێدی لای خەڵک دروستکردووە، بەچاوی خۆیان دەیان جوانییان بینی لەباربرا.

ئەوھێزانەی خەونی گۆڕینی ئەم دونیایەیان دروستکرد، ھەرخۆیان ئەو خەونەیان کوشت و ئێستا بە پەرۆشن بچنەوە باوەشی دەسەڵات، ئەوانەی ئەو خەونەیان کوشت بەشێکی زۆری بەرپرسیارییەتی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆیان کە رۆڵی گەورەیان ھەیە لە دروستکردنی ئەو بێئومێدییە گەورەیەدا.

بۆیە پێویستە راشکاوانە دەنگ ھەڵبڕین کە وەک مارتن لۆسەر کینگ دەڵیت "ئێمە لەژێر شاخێکی گەورە لە بێئومێدی تونێلی ھیوا دروستدەکەین"دەبێت جورئەتی ئەوەمان ھەبێت و ئازا بین کە ئەرکی ئێمە قورسە و تا تەواوکردنی تونێلەکە بەردەوامین.

ئەوکاتەی سەرۆکی خێڵێک یان بنەماڵەیەک کە پێی وابێت تەنھا خۆی راستە و بوار بۆ ئومێد  ناھێڵێتەوە، ئەوکات ئەگەری چارەسەر و گۆڕانکاری بەرادەیەکی زۆر کەم دەبێتەوە، لەناو خودی ئەو ھێزانەدا و توانای چاکسازییان بەتەواوەتی لە دەستداوە.

بۆیە بۆ بونیادنانی پرۆژەیەکی گەورەی ئومێد بەخشینەوە بە کۆمەڵگە گرنگە و دەبێت ئازایەتی ئەوەمان تیادا بێت ئەوکاتەی ھیزێک کۆمەڵگە بەرەو ھەڵدێر دەبات بەری پێ بگرین و پێی بڵێین نەخێر بۆ ستەم بۆ نادادپەروەریی.

لە کۆتاییدا وتەیەکی تری مارتن لوسەر کینگ دەھێنمەوە کە دەڵێت: 

" تەنھا لە تاریکیدا دەتوانین ئەستێرەکان ببینین"


PM:02:00:17/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 3860 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی