نەوەی نوێ هەنگاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رابردوو هەڵناگرێتەوە

‌ئارام سەعید

لە کاتێکدا پارتی و یەکیتی خاوەنی زۆرترین کورسین، مەرج نیە بۆ ئەوەی بەرەنگاری سیاسەتەکانیان بیتەوە هەمان ژمارەی کورسیت هەبێت، هەلویست و رەفتاری ئۆپۆزیسیۆنبونی راستەقینە گرنگە نەک قەبارە، بۆیە زۆر لەوانەی دەڵین فلان حزب ئەوەندە کورسی هەبووە هیچی پێنەکراوە چۆن بە ئێوە دەکریت؟

زۆر پرسیارمان لا دەوروژێنێت، کە رەنگە هەندێکی تا ئێستا ئاماژەمان پێنەکردوە، زۆر کات ئەو پرسیارە روبەڕوی نەوەی نوی دەکەنەوە و بۆیە ئەم وەلامە دەدەمەوە، باشە بۆ بەس سەیری ژمارەی کورسی دەکەن؟

بۆ سەیری هەڵویست و کارکردنیان ناکەن؟ بۆ سەیری ناشەفافی و ریکەوتنی ژێر بەژێر و نەبونی هەڵوێست و تیپەراندنی یاسای دژی بەرژەوەندی خەلک ، دوور کەوتنەوە لە خەڵک و جەمسەرگیری لەگەل دەسەلات ،ناکەن؟ یان ووردبینی بکەن لە هەموو ئەوهەلانەی ترکە کراون؟

لیرەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی ئەوەی زیان دەگەیەنیت بە سیاسەتکردن و سیاسەت لە کوردستاندا و ئابروی ئەو چالاکیە گرنگەی لاواز کردوە، دیارە پشکی زۆری بۆ دەسەلاتە بەڵام بەشێکی ئەو بەرپرسیاریتیەش دەکەوێتە سەر کاری ئۆپۆزیسیۆنی سەیروسەمەری تێکەڵی لە نێوان دەسەڵات ئۆپۆزیسیۆن، کە لە کوردستاندا باوەو لەسەر راگەیاندنەکان ئۆپۆزیسیۆنن و لەژیرەوە پشک و سەرمایەگوزاریان هەیە لەگەڵ دەسەلات لە شاریک ئۆپۆزیسیۆن و لەوی تر دەسەلات.

بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە یان ئەو قسەیە تەنها لەبەرئەوەیە کە یان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدی پێیان نەکراوە و نایانەوی کەسی تر بیکات! یان دەسەلات ئەم پرۆپاگەندەیە دەکات بۆ بێ ئومێدکردنی خەلک! زۆر گرنگە ئەوەمان لە یاد بیت پارتی سیاسی چ ئۆپۆزیسیۆن یان دەسەلات ئەو کاتەی ناسنامەی خۆی لەدەستدەدات روبەروی قەیرانی گەورە دەبیتەوەو ئەو هاوڵاتیانە لەدەست دەدات کە دەنگیان بەو ناسنامەیە داوە.

ئەو کاتەی سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن کارێکی نارەوای دەسەڵات یان حکومەت دەبینیت یەکەم هەڵویستی دەبیت دژی بوەستێتەوە، ئەبیت چاوی تیژ بیت لە ئاست هەلەو کەموکورتیەکنی دەسەلات و سیاسەتەکانی. ئەمە ئەو کارکردنەیە کە جوانیی دیموکراسی دەردەخات، ئەوکاتەی دەسەڵات ناتوانیت بڕیارەکانی بە ئاسانی تێپەرێنێت، چونکە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز هەیە کە دژی رادەوەستیتەوە.

کەواتە ئۆپۆزیسیۆن بەدیلی حوکمڕانەکانە و روبەروی سیاسەتەکانی دەبێتەوە و دەرئەنجام سیاسەتێکی جیاواز دەخاتە روو لەوەی دەسەلات هەیەتی. بۆیە ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن بوون قورسە و پێویستە هەمیشە نزیک بیت لە خەلک و داواکاریەکانی.

بەگوێرەی ئەم پێناسەیە دەبێت پێداچونەوەیەک بە چوار ساڵی رابردووی ئۆپۆزیسیۆن بوون بکەین! ئایا ئەمانەیان کردوە؟ وەک بەدیلی حکومەت خۆیان نمایش کردوە؟ رێگر بوون لە دەرچونی بڕیارەکان یان هاوکار بوون؟ ئەوکاتەی هاوکار بوون چی رویداوەو و ئەوکاتی دژ بوون چی رویداوە؟ تا چەند نزیکی هاوڵاتی و داواکاریەکانیان بوون؟ لە چەند خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیان و تویژە جیاوازەکان بەشدار بوون؟


PM:10:58:13/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 4080 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی