كوردستان موڵكی گیرفانی حزبه‌كان نییه
نیاز عه‌بدوڵڵا
كابینەی ٩ی حكومەتی هەرێم تادێت له رێگای بڕیار و رێكاره‌كانی له خه‌ڵك زیاتر دوورده‌كه‌وێته‌وه و نزیكتر ده‌بێته‌وه له حكومه‌تێكی قۆرخكاری حزبی بنه‌ماڵه، به‌و هۆكاره‌ش تەواوی ئازادییەكان لە رۆژنامەوانی و رادەربڕین و كاری رێكخراوەیی و تەنانەت بەخشین و كۆمەك و كاری كۆمپانیاكانیش سانسۆر دەكرێن و له‌ژێر مه‌ترسیدان.
نووسراوێكی وەزیری ناوخۆ بۆ رێكخراوی نێودەوڵەتی UNHCRی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كه له راگه‌یاندنه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه و، تیایدا داوا ده‌كات كۆمەك و هاوكارییەكانی تایبه‌ت به ئاواره و په‌نابه‌ران بدات بە "دەزگای خێرخوازی بارزانی" تا وەك تاكه رێكخراو بۆ وەرگرتن و دابەشكردنی هاوكاری و كۆمەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت. لە كاتێكدایه خودی ئەم داوایەی وەزیری ناوخۆ لە ده‌ره‌وه‌ی سنووری دەسەڵاتەكانیه‌تی و پێچەوانەی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ی رێكخراوە ناحكومییەكانی هەرێمی كوردستانە. وه‌زیر باش ده‌زانێت له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له ٥٠٠٠ رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی هه‌یه كه رێكخراوی ناسراو و كاریگه‌ریان تێدایه كار بۆ هاوكاری ئاواره و په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، رێكخراوی خێرخوازی بارزانیش سەر بە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دیموكراتە، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه یاسایه‌كی تایبه‌تی نییه له په‌رله‌مانی كوردستان تا نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێم بكات له دۆسیه‌ی كۆمه‌ك بۆ په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی "كۆمه‌ڵه‌ی هه‌یڤی سووری كوردستانی" به یاسای ژماره ١٥ی ساڵی ١٩٩٣ هه‌یه‌تی. {هه‌رچه‌نده ئه‌و نووسراوه‌ی وه‌زیر تائێستا كه‌س پشتڕاست یان ره‌تی نه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام له‌و راستییه ناگۆڕێت كه چۆن پێگه‌كانی دیكه‌ی حكومه‌ت بۆئه‌و رێكخراوه و رێكخراوە حزبییەكانی تر به‌كارخراون}.
حكومه‌تی هه‌رێم جگه له هه‌نگاوه ئاشكراكانی بۆ پشتیوانیكردن له رێكخراوه حزبییه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له كوردستان و پێنه‌دانی مووچه به فه‌رمانبه‌ران و به‌رزتربوونه‌وه‌ی رێژه‌ی هه‌ژاری، كاتێك بینی سه‌رمایه‌داره‌كان و خاوه‌ن كۆمپانیاكان و هاووڵاتیان هاوكاری یه‌كتری ده‌كه‌ن، بڕیاریدا ئه‌و سه‌رمایه ره‌مزییه له هاووڵاتیانی خێرخواز بسه‌نێته‌وه و له "كه‌مپینی به‌یه‌كه‌وه به‌هێزترین" قۆرخی داهاتی به‌خشراوبكات، كه هێشتا دیارنییه ئه‌و ئاستی داهاته به‌خشراوه‌ی خه‌ڵك چۆن خه‌رج ده‌كرێت.
له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس-یش خه‌ڵك ناچار به‌به‌خشین ده‌كران بۆ كۆمه‌كی "حكومه‌ت، شه‌ڕی قادسیه و حزبی به‌عس". سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمه‌كانه‌ی به زۆر له خه‌ڵك كۆده‌كرانه‌وه به ناوی پاراستنی "شۆڕش" دواتر له پایه‌كانی حوكمڕانییه‌كی سته‌مكار خه‌رجده‌كرانه‌وه، به‌عس ده‌یویست ناوی هیچ كه‌سێك وه‌ك خێرخواز و "پاڕێزه‌ری عێراق" جگه له سه‌دام حوسێن نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌و عێراقه‌ی سه‌دام وه‌ك تاپۆی خۆی و كوڕه‌كانی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرد، نه‌مانی خۆی رژێمه‌كه‌ی شایه‌دی ته‌مه‌ن و كۆتایی ئه‌و جۆره حوكمڕانییه‌ی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌و لایه‌ن و حزب و كه‌سانه‌ی ده‌خوازن سیسته‌می حوكمڕانییه‌كه‌ی به‌رجه‌سته‌بكه‌نه‌وه.
بۆئه‌وه‌ی پاره‌دارانی یه‌كێتی و پارتی له هه‌رێمی كوردستان چیتر "شاباش"ی مووچه‌ی ئه‌ندامێتی په‌رله‌مان و وه‌زیرییان بۆ رێكخراوه حزبییه‌كانی "مام" و "بارزان" نه‌كه‌ن و موزایه‌ده‌ی سه‌ر هه‌ژاران بووه‌ستێنن، پێویسته خودی حزبه‌كان له حكومه‌ت ده‌ستبه‌رداری گه‌نده‌ڵی ببن و پاره‌دزراوه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بگه‌ڕێننه‌وه و لێگه‌ڕێن رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و خه‌ڵكی خێرخواز و كۆمپانیاكان رۆڵی خۆیان ببینن له هاوكاریكردنی خه‌ڵكی كوردستان. هاوكات پێویسته رێكخراوه ناحكومییه‌كان فشار له ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن تا نه‌چنه ژێرباری جێبه‌جێكردنی هیچ داوایه‌كی ناڕه‌وای حزبی له حكومه‌تەوە. ساكارترین به‌پرسیارێتی كه پێویسته لایه‌نه حزبییه‌كان لێوه‌ی فێربن له‌م دۆخه سه‌خته‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ئه‌وه‌یه، له دڵسۆزی و هه‌ماهه‌نگی هاوڵاتیانی ساده‌وه فێری به‌خشین و قوربانیداببن.
PM:09:15:09/04/2020
ئه‌م بابه‌ته 3932
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی