بۆ بەو ڕۆژە گەیشتین ! پێشمەرگەو چاكسازی....

‌ محمد گۆمه‌شینی

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ ٤٣٠ هەزار موچە خۆرمان هەیە، كەچی ٢٣٠ هەزار پێشمەرگە هەیە، ئێستاش نازانین ئەو ٢٠٠ هەزارە چییە دەمێنتەوە! ئەوە من دەزانم هەندێك وازحە ئەویش هەندێكی هێزەكەی ڕۆژی كوردانی سوریایە و هەندێك هێزی ڕۆژهەڵات لێرە چەكدار كراون كە ڕەنگە بە هەردوو هێزەكە ژمارەیان بگاتە ٤٠ هەزار كە دەمێكە وتومانە هیچ یاساو دەستورێك ڕێگە نادات ئەو هێزانە لەسەر بودجەو موچەی ئەو خەڵكەی باشور لەسەر حسابی ئەو خەڵكە موچە و هاوكارییەكی زەبەلاح دەدرێتە ئەوانە كە ڕەنگە ڕۆژێك بێت لە كێشەو ململانێ ناوخۆییەكانی باشور بەشداربن و ئامادە كرابن.

ئەوە ئێستا نەتیجەی هەندێك بەدیاركەوت كە چۆن بوونە بار بەسەر خەڵكی باشوور و موچە خۆران و حكومەت، كەسیش وەتەنیات نەفرۆشتەوە بڵی كوردن و برامانن ئەگەر ئەوەندە كورد پەروەری و باشورو باكورو ڕوژئاوا یەكە، ئەی بۆ دەڵێی دەبی پەكەكە ئێرە جێ بهێڵێ و خەبات بباتەوە خاكی خۆی! 

ئێ ئەگەر ئەو هاوكێشە ڕاست بێ با هێزەكانی تری هەر سێ پارچەكە خەباتیان ببەنەوە خاكی خۆیان كە من لایەنگری ئەو بۆچونەم، ئەوە هێشتا نازانین ئەو ژمارە زەبەلاحە چیە لە موچەخۆری بەناوی پێشمەرگە دەمێنتەوە لە وەزارەتی پێشمەرگە كە ڕەنگە هەندێكیانی تر هەر وەك قدیم افواج خفیفەیان بۆ ڕازیكردنی سەرۆك عەشیرەتەكان كردبێتەوەو ئەوانیش منداڵی ناو بێشكەیان نوسیبێ وەك پێشمەرگەو ئەوەشی دەمێنتەوە ئەو لێشاوە ناوە وەهمیە تەزویرەیە كە لەكاتی هەڵبژاردن هەزاران ناسنامەیان دروستكرد تا دەنگی پێ كۆبكەنەوە.

والله كەسێكم دیت وتی ١٢ جار دەنگم داوە بێزار بووم، یەكێكی ترم دیت وتم ئەوە تۆ چەند جار دەنگ بدەی وتی جاری یەكەم بۆ خۆم، بەڵام ئەو جارە بەناوێكی تر دوو ناسنامەی تری پێ بوو ئەوكات من چاودێری بنكەی هەڵبژاردن بووم. ئەوجا سەیركەن پێشمەرگە بەپێی دەستوری عێڕاقی پاسەوانی سنورە كەچی حكومەتی مركزی چوە هێزێكی پاسەوانی سنوری عەرەبی بردوەتە سنوری زاخۆ بەحساب بۆ پاراستنی سنوری عێڕاقە، وەك ئەوەی بڵێ بڕوام بەو هێزەی سنوری كوردی نییە، بەدڵنیاییەوە جۆرێك لەڕێكەوتن هەیە لە نێوان توركیاو عێڕاق لەو پرسەو چاوەڕێی شتی تریش بن لەو ڕێكەوتنە وەك كردنەوەی دەروازەیەكی تر وەك بدیلی دەروازەی ابراهیم خلیل كە لێدانە لە ئابوری هەرێم.


PM:04:03:03/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 2532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی