شەقامی سەدمەتری، چیتر خەونی شارێك نییە

‌رێبین عومەر


جێبەجێكردنی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، لە حەوت ساڵی رابردوو ببوە گرێییەكی كوێر كە بەئەستەم بكرێتەوە! بەڵام خۆشبەختانە ئەمڕۆ ئەو گرێیە كرایەوەو، چیتر شەقامی سەدمەتری، خەونێك نییە بۆ دانیشتوانی شارێك كە بە درێژایی مێژوو قوربانیان داوە. ئەم پڕۆژەیە هەنگاوێكی پراكتیكیە روەو گەشەی ئابووری و زیادبوونی جوڵەی بازرگانی.

ساڵی 2013 لە كابینەی حەوتی حكومەتی هەرێم، هەموو ئامادەسازییەكان تەواوكران بۆ ئەوەی دەست بەجێبەجێكردنی شەقامی سەدمەتری سلێمانی بكرێت و ماوەی سێ ساڵ كاركردنی بۆ دانرا، بۆ ئەوەی سلێمانی ببێتە خاوەن ئەم پڕۆژە ستراتیژییە كە بەسوودی ژێرخانی ئابورییەكەی دەشكێتەوە.

حەوت ساڵ لەمەوبەر لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەت (عیماد ئەحمەد) بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە دانرا، بەڵام جگە لە دروستكردنی كەمپی كاركردنی كرێكارەكان، بەرد نەخرایە سەر بەرد بۆ بونیادنانی شەقامی سەدمەتری سلێمانی، خەڵكی ئەم شارە بەنیگەرانییەوە هەمیشە باسیان لە موستەحیلی جێبەجێكردنی ئەم شەقامە دەكرد.

پاساوی حكومەت لەمەڕ جێبەجێنەكردنی ئەم پڕۆژە گرنگە ئەوە بوو كە دووچاری تەنگانەی ئابوری بووەو  جگە لەوەش دەستپێكردنی شەڕی داعش و خیلافی ناوخۆیی لە سلێمانی، نەك ئەم پڕۆژەیە، بەڵكو زۆر پڕۆژەی تری لەم شارە پەكخست.

ئێستا خەونی جێبەجێكردنی شەقامی سەدمەتری لە سلێمانی بە كردار بووە راستی، چونكە دووەمین جارە بەردی بناغەی لە لایەن كاربەدەستانی میرییەوە دابنرێت، ئەمجارە خودی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی) رژد بووە لەسەر ئەوەی "كە ئەم پڕۆژەیە لە خەونەوە بكرێتە راستی و هەوڵ تەقەلای زۆری دا، سەرەنجام قەیوان گروپ كە كۆمپانیاییەكی  نیشتمانی ناوخۆییە، بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی شەقامی سەدمەتری گرتە ئەستۆی خۆی و بۆ ئەوەش لەگەڵ حكومەت رێككەوتووە كە 1/3 ئەم پڕۆژەیە كە دەكاتە 32 كم تەواو بكات" بێگومان ئەم پڕۆژەیە، سەرەڕای ئەوەی هەلی كار دەڕەخسێنێت و دەبێتە هەنگاوی دەستپێك بۆ بوژاندنەوەی ئابووری لە سلێمانی، هەروەها هاوشێوەی پڕۆژەكانی تری قەیوان گروپ، كە وەك هەمیشه بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان (فاخر شێخ تەیب قەیوانی) دووپاتی دەكاتەوەو قەیوان گروپی پێ دەناسرێتەوە، پشت دەبەستێت بە كوالێتی بەرز.
 
بەشێوەی قەرزی درێژمەودا قەیوان گروپ، تەواوی تێچووەكەی كە 90 ملیار دینارە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و دواتر بەشێوەی قەرزی درێژخایەن بۆی دەگەڕێندرێتەوە.

ئەم شەقامە شەقامێكی خێرای مۆدێرنی دوو ئاڕاستەیە هاوشێوەی شەقامە پێشكەوتووەكانی دنیایەو پێنج پردو حەوت یەكتربڕ لەخۆدەگرێت، بەگوێرەی ئەو دیزاینەی بۆی كراوە، ئۆتۆمبێل دەتوانێت 120كم لە سەعاتێكدا لەم شەقامە ببڕێت.

تێچووی خەمڵێنراوی ئەم پڕۆژەیە نزیكەی 500 ملیار دینارە، ئەم شەقامە درێژییەكەی  146 كیلۆمەترە، بەسێ قۆناغ كارەكانی ئەنجام دەدرێت:

یەكەم / لە تاسڵوجەوە 32 كم تا گوندی دەمركان، كەدەكەوێتە ناوچەی تانجەرۆ لە خواروی سلێمانی. ئێستا ئەم قۆناغە لەبەردەم جێبەجێكردندایە بەگوێرەی گرێبەستی حكومەت و قەیوان گروپ، ئەم قۆناغە قەیوان گروپ بە باشترین شێوە هەوڵی دروستكردنی دەدات دواتر قۆناغی دووەم و سێییەم بەرێككەوتن كارەكانی تەواو دەكرێت.

دووەم، لە دەمركانەوە بۆ تونێلی پێشڕەو لە چیای ئەزمەڕ. سێییەم، لە تونێلی پێشڕەو تا خاڵی دەستپێك كە خاڵی سفرە لە شارۆچكەی تاسڵوجەی سەر بە سلێمانیە.


PM:06:46:11/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1760 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی