كاك بەرهەم رۆنگ ساید هات!!!!

‌رێبین عومەر

لەسیاسەت رۆنگ ساید شتێكی ئاساییە وەك چۆن راستەوخۆ لە ناو حزبێكەوە بە رۆنگ سایدی خۆت بكەیتەوە بەناو حزبێكیتر و دەست لەهەموو هەڵوێستەكانی رابردووت بەربدەیت. رەنگبێت بۆ كاری حزبایەتی كوردی فیوداڵی ئەوە شتێكی سادەو ساكار و بێخەوشە، چونكە لە مێژەوە لەسەر ئەو رۆنگ سایدە سیاسییە راهاتووین.

لەم رۆژانە دیمەنی رۆنگ سایدی 11 كیلۆمەترییەكەی سەرۆك كۆمار لە شەقامی راپەڕین لە شاری سلێمانی بووە باس و خواست و جێگەی قسەكردنی خەڵك، هەڵبەتە بۆ خەڵك زۆرتر روون بووە كە قانون لەم ووڵاتانەی رۆژهەڵات زۆرتر بۆ چینەكانی خوارەوەیە نەك ئەو چینانەی لەسەرەوەن و خاوەن دەسەڵاتن .

لە ناوەراستی نەوەكانی سەدەی رابردوو وەزیری پەروەردەی سوید بە هۆكاری لێكردنەوەی گوڵێك لە باخچەیەك لە لایەن خوێندكارێكەوە دەستی لەكارەکەی كێشایەوە و دەستبەرداری پلەکەی بوو، چونكە پەروەردەی ئەو ووڵاتە رێگە بەو رەفتارە نادات و بەهەڵەی پەروەردەیی لێکی ئەداتەوە،

لە كوردستان و لە عێراق و لە ناوچەكە هەرگیز سیاسییەكان وەک وەزیرەکەی سوید دەست لە پلەو پۆست بەرنادەن و هەرگیز پۆزش ناهێننەوە. وەك چۆن لە خراپترین دۆخدا كۆمەڵێك هاونیشتمانی چاویان لەدەستدا بەهۆی دەرمانێكی هەڵەوە كەس نە دەستی  كێشایەوە نەپۆزشیش بۆ ئەو هەڵەیە هێنرایەوە و بە سوڵح هەموو شت چارەكرا.

بەرهەم ساڵح كە سەرۆك كۆماری عێراقە دوور لە پاراستنی یاساو بەهاكانی بە بەرچاوی سەدان كەسەوە بەخراپترین شێوە قافڵەی ئۆتۆمبێلەكانی بۆ خۆدەرباز كردن لە جەنجاڵی شەقامەكان 11 كیلۆمەتر لە فڕۆكەخانەوە تا دووڕیانەكەی سلێمانی بە پێچاو پێچ وەك فیلمەكانی هۆلیود بە رۆنگ سایدی ڕۆیشت و بینیمان کەچۆن پۆلیسی هاتوچۆش ڕێنوێنی ئەو یاساشکێنەی بۆ دەکات. ئەمە هەڵوێستێکە دەبوو سەرۆک کۆمار خۆی ڕێگری لێ بکات، چونکە ئەو لەپۆستێدایە کەکاری یەکسانی خوازییە بۆ هەموو هاونیشتیمانیان، بەڵام ڕەنگە ئەو باش لەوە تێگەیشتبێت ئەمە عێراقەو عێراقیش بەم شێوەیە فەرمانڕەوایی دەکرێت.

حەقە دادگاو یاسا و قانون و عورف و هەموو بەهاكان لەوە بگەن كە لەم ناوچەیە قانون لاستیکیەو بۆ یەكێك هەیەو بۆ دوویتر خۆی کردووە بەکەڕەی شەربەت.

دەمەوێت باس لەوە بكەم وەختی خۆی پۆلیسێكی هاتوو چۆ لە شاری سلێمانی لە یەكێك لە فیلكەكان دەست لە قافڵەی ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆك مام جەلال رادەگرێت و نۆرە بڕیان دەكات و لەیەکیان دائەبڕێت، وا دەکەوێتەوە کەئەو ئۆتۆمبێلەی سەرۆک مام جەلالی تیایە کەوتۆتە نزیک پۆلیسەکەی هاتوچۆ، لەسەر ئەو هەڵوێستە گەلێک لۆمەی کارمەندەکەی هاتوچۆ دەکرێت، بەڵام سەرۆک مام جەلال پێچەوانەی ئەو لۆمانە سوپاسی هاوچۆ دەکات کەجیاکاریان بۆ جێبەجێ کردنی یاسا نەکردووە، ئەوەش سەرۆک مام جەلال و ئەوەش ۲۰۱۹ ی ئەم ڕۆنگ سایدەی سیاسییە، کەدەری دەخات ئێمە بەرەو دوواوە چوینەتەوە.


PM:08:07:23/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 4612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی