ئەمریكا كوردی فرۆشتووە؟!

‌رێبین عومەر


وابەرەو مانگێك ئەچێت توركیا بە هاوكاری گروپە توندرەوە ئیسلامییەكان، پەلاماری خاكی رۆژئاوای كوردستانیداوە. بەومەبەستەی ناوچەیەك لەسەر سنوری خۆی دروستكات و كیانێكی ئیسلامی رادیكال لەو ناوچەیە لەژێر قەڵەم رەوی خۆیدا قوت بكاتەوە.
ئەردۆگان كە ژانی شكستی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی لە دڵماوە، دەیەوێت لە رێگەی داگیركارییەوە سۆزی نەژادی تورك بەلای خۆیدا رابكێشێت  و خۆی بكاتە وێستگەی دووەمی داگیركاری لە مێژووی ووڵاتەكەیدا كە توانیبێتی سنوری ووڵاتەكەی فراوان بكات.

ئەردۆگان لەو سیاسیانەیە كە زۆرتر بەكەلە رەقیییەكەی ناسراوە و گوێ بەوە نادات كە لە دوای خۆی چی روودەدات . ئەگەر بەووردی دیقەت بدەی تێدەگەیت لەوەی ئەكەپە لە چییەوە هاتە سەرچی چونكە ئەوان پێشتر  خاوەن پڕۆژە بوون بۆ سفركردنەوەی كێشەكانیان لەگەڵ ووڵاتانی دەوری خۆیان و چارەسەركردنی كێشە قوڵە نەتەوەییەكانی ناوخۆ، بەڵام پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕە كاریان كردو ئاستی كێشەكانیان لەگەڵ هاوسێكانیان گەیاندە 360 و كێشە ناوخۆییەكانی خۆشیان گەیاندە قۆناغی مریشكە رەشە و پەلاماری ناوخۆی و بەرزكردنەوەی ئاستی كوشتن و ماڵوێرانی.

ئەردۆگان مەبەستییەتی لە رێگەی ئەم  پەلاماردانەوە بۆ دوای خۆی لە زهنیەتی نەژاد پەرستی تورك بمێنێتەوە. هەر ئەوەش دەكات چونكە بەشەڕ لە چەند ساڵی رابردوو بۆ لەناو بردنی دەسەڵاتی كوردی لە رۆژئاوا سەركەوتوو نەبووە.
 بەناچاری رێگەی مۆسكۆ و واشنگتۆنی هەڵبژارد زۆر مل كەچی بۆ سیاسەتی ئەمریكی و رووسەكان كرد تا قایلیان كات كە بە زەبری سووپاكەی پەلاماری ئەزموونی خۆبەرێوبەری كوردیبدات، "ئەردۆگان بە رێككەوتن و فرۆشتن بەنرخ چارەنوسی كوردی لە ئەمریكییەكان كڕییەوە و ئەمریكییەكانیش بە سەرۆكایەتی ترامپ بەئاسانی دەستیان لە هاوپەیمانە كوردەكانیان هەڵگرت و لەسەر سینییەك كوردیان پێشكش بە سوپای توركیای ئەردۆگانیزم كرد."

رێككەوتن یان خۆبەدەستەوەدان

رێككەوتنی مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمریكاو ئەردۆگان كە خۆی لە سیازدە خاڵ دەبینییەوە خراپترین جۆری رێككەوتنە كە تەنیا یەك سودی ئەوەیە كە شەڕ بۆ ماویەكی كاتی رائەگرێت و بەزەبری كشانەوەش كورد لەسەرو خاك و ماڵی خۆی دەربەدەر ئەكات و رێگە لەبەردەم ئەردۆگان دەكاتەوە كە پرۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای ناچە داگیركراوەكان بەئاسانی و بە بێ قوربانی بكات، چونكە لەسەرەتایی دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی ئەردۆگان وەها پۆلێن بەندییان كردبوو كە بەكەترین لە دەرۆژ پلانی یەكەمیان جێبەجێبكەن بەڵام لەو ماوەیەزیاتری خایاند جگە لە رووبەرێكی بچووك توركیا نەیتوانییەوە كە خاكە داگیركراوەكەی فراوان بكات.

رێككەوتنی تورك و ئەمریكییەكان دۆخی كوردی تێدا لەبەرچاو نەگیراوە بەڵكو دوو زلهێز كوردیان شەن و كەو كردووە و بەگۆش و ئێسقانەوە كوردی خستۆتە دۆخی خوران و لەناوچوون. ئەمریكییەكان لە رێگەی ئەم رێككەوتنەوە كوردیان پێشكەش بە ئەردۆگان و تاقمە تیرۆریستییەكان كردووە.

بەداخەوە كورد كە تا ئەم كاتە لە فێڵی ئەمریكا تێنەگەیشتووە. زۆر ساویلكانە چاوی لەوەیە كە ئەمریكا دووبارە دەستیان پێوەبگرێتەوە و هاوكاریان بن و وەك فیلمەكانی هۆلیود ئەمریكا بێ و كورد رزگار بكات، بەڵام ئەو خەیاڵە پڵاوە چونكە ئەمریكا دەستی لەكورد هەڵگرتووە و پشتی تێكردووە و  لە لایەن ئیدارەی ترامپ بڕاوەتەوە كە ئەوان وەك بزنس لەمەڕ دۆسییە نەتەوەییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن،هەرلەبەر ئەوەش كێ زۆرتر بدات ئەوان لەگەڵ ئەوە مامەڵە دەكەن و رێدەكەون.
 

توركیا قەڵەم رەوییەكەی فراوان دەكات 

توركەكان بەردەوام چاویان لەو خاكانەیە كەلەهەردوو جەنگی جیهانی لە دەستیانداوە. هەر لەبەر ئەوە لەناو ستراتیژی خۆیان هەیە كە دەبێت وەك دەوڵەتی سەردەستەو داگیركار كار بۆ ئەوە بكەن قەڵەم رەوی دەسەڵاتەكەیان فراوان بكەن.
 بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە دروست بوونی كۆمارەكەیان تا رادەیەك زۆر پەلیان نەهاویشتووە بەڵام دەستەوەستانیش نەبوون چونكە لە ساڵی 1937 بۆ 1938 بە شێوەیەكی كت و پڕ پەلاماری ویلایەتی ئەسكەندەرونەیان دا كە بەهاتای ناسراوە و ئەو خاكەیان لە سنوری سوریا دابڕی پاشان لە ساڵی 1974 سوپای توركیا پەلاماری قبرصی داو بەشێكی ئەو دوورگەیەی داگیركرد و حكومەتێكیشی بۆدامەزراند.

پاشان لە ساڵی 2016 بۆ 2017 بۆ 2019 بەچەند قۆناغێك سوپای توركیا ئەدلیب و بەشێكی حەلەبە و جەرابل و عەفرین و گرێ سپی و سەرێ كانی بەچەند قۆناغێكی جیا داگیركردو ئێستاش لەبەرچاوی جیهان دەیەوێت بە قوڵی 30 كم و درێژی 440 كم سنوری خۆی لەسەر حسابی كورد فراوان بكا و بەشێكی زۆر لە خاكی سوریا و عێراق بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە.

سوپای توركیا لەشكركێشییەكانی بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەی خۆی ئەنجامداوە و  جیهانیش لە پێشێلكاری سەروەری خاكێكی تر بێدەنگ بوو، رەنگبێت زۆر بیروباوەڕ هەبێت پێیان وابێت كە سوپای توركیا لە 20 میلی خاكی رۆئاوای كوردستان دەكشێتەوە .بەڵام بدرێژای مێژووی سەدەیەك لە كۆماری توركیا هیچ كات لە هیچ خاكێكی داگیركراو نەكشاوەتەوە. بەڵكو لە رێگەی گۆڕینی دیموگرافیا و سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن رووخساری كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگە داگیركراوەكانی گۆڕییوە.

توركیا بەو نییەتە دەسەڵاتی خۆی فراوان دەكات و ئامانجییەتی كە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەك لەم قۆناغە چاوی لە سوریایە ئەگەر سەركەوتوو بوو ئەوان عێراقیش لەو داگیركاریانە بێبەش نابێ و بەشێكی موسڵیش دەخاتەوە سەر خاكەكەی خۆی، ئایندە زۆر پرس وەڵام ئەداتەوە.



AM:11:19:20/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 6324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی