قەمیصەکەی عوسمان و کراسەکەی هێڤار

‌عادل عەلی


کاتی خۆی عوسمانی کوڕی عەففان کە خەلیفەی سێیەمی موسڵمانان بوو کوژا قەمیصە خوێناوییەکەیان هەڵگرت و پاراستیان .لە جەنگی (صفین)ی نێوان مەعاویەو عەلی کوڕی ئەبی تالیب دوا خەلیفەی راشدین ئەو قەمیصە بوو بە کەرەسەیەکی گرنگی هاندانی سەربازەکانی بەرەی مەعاوییە  بۆ بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی لەشکرەکەیان دژی لەشکری بەرامبەر بۆ تۆڵە کردنەوە..لەو ساوە لە نێو کلتوری عەرەبدا وەکو ئیدیۆمێک بەکار ئەهێنرێ بۆ بیانووهێنانەوەو بۆ نەبڕانەوەی گرفتێک و چارەسەر نەکردنی.چەند رۆژێکە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سیخناخ کراوە بە باسی ژنە پەرلەمانتارێکی پێشوو کە گوایە هەمە رۆژە بۆ دەوام و دانیشتنەکانی پەرلەمان کراسی دوبارە نەکردۆتەوە..دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی چاوپێکەوتنەکەی هێڤار هەرچی هەیەو نیە بۆ ئەو باسە بووە بە ماتماتیک وزانای بیرکاری و جەمع و تەرح ئەکەن تاکو بزانن لەماوەی چوار ساڵدا چەند کراسی سەرف کردوەو هەندێکیش دەڵێن  ژمارەی کراسەکانی ئێستا هێندە زۆرە ناچار دوکانی کراس فرۆشی داناوە..

لەراستیدا پۆشی جل وبەرگ هەم   لەرەنگ و هەم  لە ستایل جگە لەوەی پیویستە پیرەوی ئەتەکیت بکریت بە پێی جێگاو شوێن و بۆنەکان، پرسێکی شەخسییەو هیچ کەسێک مافی دەستێوەردانی نییە..بەڵام لەراستیدا مەسەلەی کراسەکەی هیڤارو زۆری بەکارهێنانەکەی نیە،بە قەد ئەوەی وەک قەمیصەکەی عوسمان بیانووەیەکە بۆ قسەکردن لەسەر میتۆدی گۆران ورەخنەگرتن لە ئەو  دروشمانەی کە لە ماوەی رابردوودا بەرزیکردۆتەوەو ئیستا پاشەکشەی کردوە،بە بیانووی بەشدارییان لەحکومەت...

رەخنەگرتن لە مۆراڵی ئیستای گۆڕان بەراورد بە جموجوڵ و کارو کردەوە پۆپۆلستیەکانی رابردوویان و کراسەکەی هیڤار کردن بە بیانووە یان کراوەتە بەهانەیەک بۆ لێدان و خستنە ژێر پرسیاری پلانەکانی گۆڕان لەم قۆناغەدا...
 ئەم هەڵمەتە ستایلێکی دواکەوتوانەو بێ بەرهەمە،جگە لەوەی کە هیچی لێ سەوز نابێت، دوا جار دەچێتە خانە ناوزراندن و دەستبردن بۆ ئازادی تاکە کەس لە پۆشینی جل وبەرگدا..

ئەوانەی کراسەکەی هێڤارییان کردۆتە پرس و لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان قسەی لەسەر دەکەن با چەند راستیەک هەیە بزانن..هەموو ئەندامانی پەرلەمانی ئەو خولەی هێڤار تێیدا بەشدار بووە ،وەکو هێڤار هەمویان موچەیان وەرگرتووەو موچەکەشیان وەکو هێڤار بووە...کەسیش ئەوانی نەخستۆتە ژێر پرسیار تاکوو بزانن موچەکەیان چۆن سەرفکردوەو داوییانە بەچی...لەهیچ سیستەمێکی دنیادا نیە کە سەرفی موچە مل کەچ بێت بۆ چاودێری دارایی و وردبینی بکرێت..خۆگەر قسەکردنیشە لەسەر موچەی پەرلەمانتارانی گۆڕان ئەوا کەسانی تر زۆرن هەم لە بەغداو هەم لە هەرێم کە وەک کۆمپانیا مامەڵەیان کردوەو تییاندا هەبووە کاتی خۆی بە نەفەرات چووە بۆ سەیران ئێستا کابینەی پڕ لە کەرەسەو پیداویستی بەدوایەوە کە تەشریف ئەبا گەشت و سەیران.رەنگە هێڤار لاوازترین حەلقەی ئەو هەموو ئیمتیازە بێت لەژێر سایەی دروشمی پۆپۆلیستی (ئەیگۆڕین)..

کەواتە دەستبردن یاخود قسەکردن لەسەر شتیکی ئاوا دەستیوردانە لە کاروبارو پرسی تاکە کەس..هەر بۆیە باشتر وایە سنوریک بۆ ئە جۆرە شاڵاوانە دابنرێت.ئەو هێرشە هێرشێکی نەزۆکە بۆ سەر چالاکوانێکی ژنان و کارەکتەرێکی ژن ،بەدەر لەوەی ئەو میتۆدە سیاسیەی هێڤار ئێمە لەگەڵی بین یاخود دژی بین...ئیتر ئاوایە ئەو موچەکەی لە کراس و جوانکارییا سەرف کردوەو هەشە باخ و ڤێلای پێکریوەو سەرفی شاهانەی پێکردوەو هەش بووە بەشێک لە موچەکەی داوە خێزانەنەدارەکان و دەستی هەندێک خوێندکاری پێگرتووە بۆ تەواو کردنی خوێندن.ئەمە بۆ تەواوی پەرلەمانتارەکانی هەموو فراکسیۆنەکان راستە...بەردەوام بوونی ئەم پرسە،( کراسەکەی هێڤارو قەمیصەکەی عوسمان) دەکاتە بیانوویەک بۆ بەریەککەوتنە ناخۆش و بێ بەرهەمەکانی کۆمەڵگەی کوردی .هەروەک ئەزمونەکانیش لە ماوەی رابردودا سەلماندویەتی ئەم جۆرە کەمپەینانە هیچی لێ سەوز نەبووە،جگە لەوەی سپەیسی نێوان پێکهاتەو ئاراستەکانی زیاد کردوەو کاریگەریی نیگەتیڤیشی دروست کردوە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی.


PM:04:20:17/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 8552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی