کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی، گاڵتەکردن بە ئایینەکانی دیکە "بەشی دووەم"

‌شێرکۆ کرمانج

لە بەشی پێشووتری ئەم زنجیرە وتارە ئاماژەمان بەوە کرد کە درێژە بە نیشاندانی ئەو نمونانە دەدەین لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە دەبنە مایەی دروستبوونی مرۆڤێکی ڕەهاگەرا و تاکڕەو بەڕادەیەک کە داعشئاسا دەرچێت (تکایە بۆ پێناسەی داعشیزم و ئیسلامیزم تەماشای بەشی یەکەم بکە کە لەژێر ناونیشانی " من بووم نەک شێرزاد حەسەن" بڵاوبۆتەوە). لەوێدا سەرنجی ئێوەمان بۆ بابەتێک لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی ڕاکێشا کە تاکە ڕێگە لە پێش کرستیانەکان مابێتەوە، ئەوە ملکەچکردن‌، سەرانەدان، یان ملپەڕاندنە. لەم بەشە بە چەند نمونەیەک نیشانی دەدەین کە منداڵان و خوێندکارانی کوردستان لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە جیاتی قەبوڵکردنی فرەیی و ڕێزگرتن فێری بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکە دەکرێن.

سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بکەین کە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی سەرەتایی نەک هیچ ڕێزێک بۆ ئایینەکانی دیکە ناهێڵێتەوە بگرە دەکرێت بڵێین کە جێگەیەکی بۆ ئایینەکانی دیکە نەهێشتۆتەوە. لە لاپەڕە ٥٢ ی چاپی ٢٠١١ دا، لە دەقێکی کتێبەکەدا هاتوە کە "ئیسلام ئەو ئاینەیە کە خوای گەورە بۆ مرۆڤایەتی ناردووە و ڕازی نابێت کە ئاینێکی دیکە بێجگە لە ئیسلام هەڵبژێرێت." بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش، لە کتێبەکە ئایەتێکی قورئان ‌خراوەتەڕوو کە دەڵێت "إن الدین عند اللە الإسلام"، واتە "ئاین لەلای خودا تەنها ئیسلامە." ئەم دەقە ڕێک بە منداڵان و خوێندکاران دەڵێت کە نابێت هیچ ئایینێکی دیکە بوونی هەبێت یان پەیڕەوبکەیت، خۆ ئەگەر ئایینیێکی دیکەت هەڵبژارد ئەوە لە ڕێ لادەری چونکە بە فەرمانی خودات نەکردوە.
ئێمە لێرە تەفسیری ئایەتەکە ناکەین چونکە کتێبەکە ئەم کارەی کردوە، لە ڕاستیدا ئیشی من تەفسیرکردنیش نیە بەڵکو شرۆڤەی ناوەڕۆکی ئەو دەقانەیە کە لە کتێبەکەدا هاتوە کە لەم دەقەدا هیچ تەفسیرێک هەڵناگرێت بێجگە لەوەی کە خۆی گوزارشت لە خۆی دەکات.

دیارە لە هەمان کتێبدا باس لە لێبوردەیی ئایینی ئیسلامیش کراوە، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم تێگەیشتنەش ئەو ئایەتە قورئانییە هێنراوەتەوە کە دەڵێت "لا إکراە في الدین"، واتە "زۆرکردن لە ئاییندا نیە". بەڵام پێش ئەوەی ئەو قسەیە بکات، کتێبەکە لە هەمان لاپەڕە، واتە ٨١، دەڵێت لە ڕوانگەی قورئانەوە کتێبە ئاسمانییەکانی ئایینەکانی دیکە "هەندێکیان دواتر دەستکاری کراون"، واتە بەلاڕێدا براون. ئەمەش بنکۆڵکردن و بێنرخکردنی ئایینەکانی دیکەیە نەک ناساندن و ڕێزگرتن.

لە لاپەڕە (١٠ و ٦٢) ی هەمان کتێبدا نوسراوە "دەبێت موسڵمان باوەڕی وا ‏بێت کە پێغەمبەر (محمد) دوا پێغەمبەرە و هەموو مرۆڤایەتی شوێن ‏ڕێبازەکەی بکەون". بەپێی ئەم دەقەی کتێبەکە بێت هەموو ئەو ئایینانەی ‏کە دوای مردنی پێغەمبەری موسڵمانان پەیدابوون، وەک بەهایی و سیغ، ‏دەبێت وەک ئایین قەبوڵنەکرێن. بەهەمانشێوە، نەک هەر پەیڕەوانی ئەو ‏ئایینانەی دوای ئیسلام هاتوون بەڵکو ئەوانی پێش ئیسلامیش هاتوون دەبێت ‏بێنە سەر ئایینی ئیسلام چونکە دەقەکە زەق زەق دەڵێت دەبێت هەموو ‏مرۆڤایەتی شوێن ڕێبازی پێغەمبەری موسڵمانان بکەون.

کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدە، چاپی ٢٠١١، بەشی کۆتایی تەرخانکراوە بۆ ئاینناسی، بەڵام بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی ئایینەکانی دیکە ‏بە خوێندکارانی کوردستان بناسێنێت چەند مەبەستێکی دیکە بەدیدەکرێن، کە لێرە ناکرێت قسە لەسەر هەموویان بکەین بەڵام ‏ئاماژە بە هەندێکیان دەکەین.

بەشی ئاینناسی تەرخانکراوە بۆ بەرزگەرایی (ئیستیعلای) ئیسلام وەک ئایین بەسەر ئایینەکانی دیکەدا، واتە ئیسلام وەک ئایینێک کە لە سەروی هەموو ئایینەکانی دیکەوەیە نیشاندراوە. ئەمەش بە چەندین شێوە کراوە، لەوانە: ‏گاڵتەکردن، کەمکردنەوە یان بچوکردنەوەی ئایینەکانی دیکە.

بەشێک لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی دوازدە تەخانکراوە بۆ "ناساندنی" ئایینی هیندۆس. لە لاپەڕە ١١٧، چاپی ٢٠١١ ی دا، نوسراوە: "ئاینی هندۆسی تێکەڵەیەک لە یەکتا پەرستی و فرەخواوەندێتی و پەرستنی هەندێک دیاردەی سروشتی، سەرەڕای کۆمەڵێک بنەماو بەهای فەلسەفی و رۆحی جوان، چەندەها ئەفسانە و جادو و بۆچوونی سەرەتایی تێدایە، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەشێک لە شوێنکەوتووانی بەجێهێشتووە، لە نەریتە نەرێنییەکانی ئەم ئاینە، جگە لەو سیستمە چینایەتییە توندو تیژی و زوو بەشودان و ژن هێنانە، کە هەندێک جار لە تەمەنی (١٠) ساڵیدا ئەم کارە دەکەن و ئەگەر مێردی یەکێک لەو ئافرەتانەش مرد، بۆی نیە تا مردن شو بکاتەوەو دەبێت بەدەم خەفەت خواردن بۆ هاوسەرەکەیەوە ژیان بەرێتە سەر."

پێش هەموو شتێک ئەمە ئایینناسی نیە چونکە ناوبردنی ئایین بە ئەفسانە و وەهم و جادو (کە لە لاپەڕە ١١٠ دووبارەکراوەتەوە) کەمکردنەوە و گاڵتەپێکردنی ئایینە. ئەوەی جێگەی سەرەنجە، لەم دەقە ڕەخنە لە هیندۆسەکان گیراوە بەوەی کە منداڵان/کچان لە ‏تەمەنی دە ساڵیدا بە مێرد دەدەن. ئەمە لە کاتێکدا کراوە کە موسڵمانان بەخۆیان ئەم جۆرە کارانەیان پەیڕەوکردوە. بۆنمونە، ‏پێغەمبەری موسڵمانان عایشەی لەو تەمەنەدا هێناوە و دواتریش قەدەغەکراوە لە شوکردنەوە. لێرە قسەی ئێمە لەسەر ئەوە نیە کە بۆ هیندۆسەکان یان پێغەمبەری موسڵمانان ئەم کارەی کردوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆ کارێک کە موسڵمانان پراکتیزی بکەن‌ و ڕەوا بێت دەبێت وەک خاڵێکی نەرێنیی لە ئایینەکانی دیکەدا تەماشابکرێت، ئەوە ئەگەر مەبەست لەم ئاماژەپێدانە لەکەدارکردنی ئایینی هیندۆسی نەبێت.   ‏

هەر لە پەیوەند بە پرسی ئاینناسی شتێکی دیکەی زۆر سەرنجڕاکێش لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی کە بۆ ئاینناسی تەخانکراون بەدیدەکرێت ‏ئەویش ئەوەیە کە کتێبەکان زۆر کەم تەرخانکراون بۆ ئەو ئایین ‌‌و مەزهەبانەی کە لە کوردستان بوونیان هەیە یان ئەوانەی ‏لەگەڵ موسڵمانە کوردەکان لەم ناوچەیەدا دەژین. مەبەستم ئەو بەشەی ئاینناسی کە تەرخانکراوە بۆ ناساندنی ئایینەکانی دیکە بە ‏منداڵە موسڵمانەکان پێش هەموو ئایینێک دەبوایە باس لە ئایینی ئێزیدی ‌و کرستیان ‌و مەزهەبی شیعە بکەن، کەچی ئەو ئایین ‌و ‏مەزهەبانە لە چاپەکانی ٢٠١١ هەر باس نەکراون. لەجیاتی ئەمانە باس لە ئایینی بوزیی ‌و کۆنفۆشیان کراوە. دیارە باسکردنی ئەم دوو ئایینە ‏گرنگی خۆی هەیە بەڵام واچاکبوو خوێندکارانی کوردستان بە ئایینی ئێزیدی ‌و کرستیانی‌ و مەزهەبی شیعیی ئاشناکرابان ‏چونکە ئەو کێشەو گرژیانەی کە ئێستا لە کوردستان ‌و عێراق لەنێوان ئایینەکان دا هەن بەگشتی لەنێوان موسڵمانان ‌و ئێزیدییەکان، موسڵمانان ‌و ‏کرستیانەکان لەگەڵ سوننەکان ‌و شیعەکاندا هەیە. چاپی ٢٠١٥ ی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی باس لە ئایینی ئیزیدی و جولەکە دەکەن بەڵام ئەمجارە ئایینەکانی دیکە، کرستیان و هیندۆس و کۆنفۆشی، باس نەکراون.

چاپی ٢٠١٥ ی کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی یازدەم بەشێکی تەرخانکردوە بۆ ئایینی جولەکە بەڵام دەقەکان نەک هەر لە دیدێکی ئاییناسی نەنوسراون بگرە دیدی ئیسلام بۆ ئایینی جولەکە خراوەتەڕوو. بۆنمونە کاتێک باس لە چیرۆکەکانی جولەکەکان و پێغەمبەرەکانیان دەکات، ئەوە ئەو چیرۆکانە دەگێڕێتەوە کە لە قورئاندا هاتوون (تەماشای لاپەڕە ٨٤ بکە)، نەک ئەوانەی تەورات. لەمەش سەرنجڕاکێشتر، سەرەڕای ئەوەی کە تەورات وەک کتێبی پیرۆزی جولەکەکان دەناسێنێت و دەڵێت "بە گوێرەی باوەڕی ئێمەی موسڵمانان [تەورات] لە بنەڕەتدا پەیامی خودایە و لە ئاسمانەوە بۆ موسا" نێردراوە بەڵام دواتر دەڵیت "لە کاتی وێرانکردنی پەیکەرەکەدا [کە پێدەچێت مەبەستی ڕوخاندنی پەرستگای یەکەمی جولەکەکان بێت] لە سەردەمی هێرشی پادشای بابلی (بەختی نەسردا) ون بوون و سەر لەنوێ نوسرایەوە و بەوەش وەکو خۆی نەما و شتی دیکەی تێکەڵ بوو. تاکە یەک پرسیاریش لە کۆتایی ئەم بەشە خراوەتەپێش خوێندکاران ئەویش بۆ زەقکردنەوەی بانگەشەی دەستکاریکردنی تەوراتە لەلایەن جولەکەکانەوە.

بەکورتی، کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی وەک داعش و داعشئاساکان گاڵتە بە ئایینەکانی دیکە دەکەن و بە لەڕێ لادەر و دەستکاری کراویان لە قەڵەم دەدەن. هاوکات، وەک داعشییەکان ڕێگە بە پەیڕەوکردنی ئایینەکانی دیکە نادەن. دیارە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە زۆر شوێنی دیکە باس لە قەبوڵکردنی ئایینەکانی دیکە دەکەن بەڵام دژایەتییەکی زۆر لەنێو دەقەکاندا بەدی دەکرێت، بەوەی لە شوێنێک باس لە فرەیی دەکرێت لە دوای ئەو دەڵێت بێجگە لە ئیسلام هیچ ئایینێکی دیکە قەبوڵ ناکرێت و مرۆڤایەتی هەمووی دەبێت پەیڕەو لە ڕێبازی ئیسلام بکات. بۆیە دەکرێت بڵێین کە بەگوێرەی ئەو نمونانەی کە لێرەدا خرانەڕوو کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی مرۆڤی داعشئاسا بەرهەم دێنن، مرۆڤێک کە فرەیی ڕەتبکاتەوە و پێداگری لە تاکڕەوی و تاکئایینی بکات.



PM:02:12:18/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 696 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی