نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا

‌پیران ئەمیر

وەك ئاشكرایە هەتا ئەو ساتەوەختەش هەرێمی كورستان وابەستەی دەوڵەتی عێراقە و بەغداش چەقی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی و ئابووریی عێراقە، لە ڕابردوودا و تەنانەت لە سەروەخی ڕیفراندۆمیشدا سەركردایەتیی هەرێمی كورستان جەختیان لەسەر هەماهەنگی و لێكتێگەیشتی نێوان هەولێر و بەغدا كردووەتەوە و گفتوگۆیان بە تاكە ڕێگەچارەسەری كێشەكان داناوە.

ئێستا كە داعش دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە و كۆرۆناش شەپۆلی دووەمی هێناوە، سەردان و گفتۆگۆی سیاسییەكان وەستاون و زیاتر گرنگی بە دیداری ئۆنلاین و گفتوگۆی ڤیدیۆ كۆنفرانس دەدرێت، بەڵام نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی دیالۆگ و چارەسەری كێشەكان و ڕووبەڕووبوونەوی تەحەدییەكانی ئەم قۆناغە سەردانی بەغدای كرد. 

بێگومان سەردانی نێچیرڤان بارزانی لە ساتەوەختێكی گرنگ و چارەنووسساز دایە، وەك باسكرا بوونی هەڕەشەی پاشماوەكانی داعش و ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و داتەپینی ئابووری ئەو وڵاتانەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی ئابووریانە، هەروەها تۆپبارانی وڵاتانی دراوسێ و دەستێوەردانی سەربازی هەڕەشەی جدین و پێویستییان بە گفتوگۆی ڕووبەڕوو و چارەسەری بەپەلە و هەماهەنگی زیاترە. 

لەلایەكی ترەوە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و خاڵی گرنگی گفتوگۆی نێوان سەرۆكی هەرێمە لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەكان ئەوەش بەپێی بەندی یەكەم لە ماددەی سێیەمی یاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم دەبێت، بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی دەستكەوتی سەردانەكانی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی كە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەنجامی داوە و چەندینجار هەرێمی كوردستانی لە لێواری هەڕەشەی جدی پاراستووە و ئابڵوقەكانی كۆتایی پێهێناوە، دەكرێ بگوترێ ئاسۆی ڕوون و داهاتووی گەش لەو سەردانەدا وەدی دێت و ئەنجامەكەشی لەسەر ئاستی دیپلۆماسی لە چەند كاتژمێری داهاتوودا دەردەكەون و لەسەر ئاستی كردەیی و پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی خەڵكیش دوای سەردانی وەفدی حكوومەتی هەرێم بۆ ڕێككەوتن لەسەر مافە داراییەكانی هەرێم بۆ بەغدا كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجام دەدرێت، وەردەگرینەوە.

هەر وەك لە رابردووشدا سەلمێنراوە كە كارەكتەری نێچیرڤان بارزانی لەڕووی دیپلۆماسییەتەوە بەهێزە و توانای قەناعەت پێهێنانی بەرامبەری هەیە لەسەر مێزی دانوستاندن و لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەری كێشەكان، نێچیرڤان بارزانیش ئەو كارەكتەرە سیاسییەیە كە پشوودرێژانە سیاسەت دەكات و لە قەیرانەكاندا فاكتەری بەهێزی چارەسەر و لە ئاڵۆزییەكانیشدا رۆڵی بەرچاوی هەیە لە رەخساندنی زەمینە ئاشتەوایی.


PM:04:30:21/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 3564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی