سودانیی، وەک قازیەکی گەمژە !

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

دۆخی سیاسی و سەقامگیریی دراوی عێراقی بە جێگۆڕکێی کاراکتەرەکان خراپتر دەبێت، دەبێت دەستکاری جەوهەر بکەیت نەک فۆڕمە گشتیەکە. دەستکاری جەوهەر ڕێککەوتنە لەگەڵ بانکی فیدراڵی و وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاو دیوە میدیاییەکەشی وەک ڕوکەش ئەوەی بانکی ناوەندی عێراقە کە دەبینرێت !

کاتی خۆی ئاغایەک لە یەکێک لەو دەڤەرانەی کوردستان کێشەی زەوی و زاری بۆ پێش دێت لەگەڵ فەلاح و خوردە مالیک، قازی ئەچێ بەڕقاو بۆی چارەسەر ناکات، ئیدی ئاغاکە بە پیاوەکانی دەڵێت، ئاسانە و چارەم کرد، دەڵێن چۆن ئاغا، دەڵێ قازیەکەم گۆڕی بە موختارو موختاریش بە کوێخا، وادیارە قازی، باش تێناگات لە دۆخی ئاوایی و وشکەساڵی و قوەتی ئاغاكان.

محمد شیاع سودانی وەک سەرۆک وەزیرانی ناو قەیرانەکان و بەرهەمی تەوافوقاتی سیاسیی، خۆی لێ بۆتە قازی و سوپەرمان و بەدەرکردنی بڕیارێکی سەڵتەنەی فیدڕاڵیی وشک، لەناو سیستمێکی تائیفی و مەزهەبی و فەوزەوییدا دەیەوێت دەستکاریی بازووی هێزەکان بکات و سەقامگیری بۆ دراو بگێڕێتەوە، نازانێت ئەم پرسە، ڕەهەندو فاکتەری دەرەکی ئەمریکی هەیەو ڕەنگە ئاغایەک بەم نزیکانە بێت و سەری بخوات و شیرینی بردنەوەی جامی کەنداو ٢٥ی لێبکەن بە ژەهری مار ئەگەر مل بۆ ئەو خواستە ئەمریکییە کەچ نەکات.

دەیان ساڵە خۆیان لە عێراقدا عەڕابی یاساو پاشاگەردانین، ئەم لادەبەن و ئەویتر دەهێنن، سیستمیان ئیفلیج کردوەو یەک بەرپرسیان دادگایی نەکردوە لەسەر سپیکردنەوەی پارە، یاسای دەستوریی و جینائی و مەدەنی لای خۆیانەو لاستیکیی بەکاری دەهێنن بەبێ فشار، خاوەن هێزو بلۆکی گەورەی سەربازیی و کێڵگەی نەوتی و پاڵاوگەو سپیکردنەوەو سەریقەی دۆلارن، بکەرانی دزی سەدە هێشتا نادیارن کە سێ ملیارد دۆلاریان بە ڕۆژی ڕوناک بە ٤٧ چەکی ساختەوە دزی، ئێستا بە لادانی پارێزگای بانکی ناوەندی کە سەربە کوتلەی سەدریەکانە و گۆڕینی بە ئەویتر واتای ئەوەیە هەموو شکست و تاوانەکە خرایە گەردنی موقتەدا سەدر، ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان.

قازی باش بڕیار نادات لەکاتی ئاژاوەدا.


PM:03:04:23/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی