ئێمە چ مەخلوقێکین؟

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

• ناتوانین تەنانەت پیرۆزباییەک بە جوانی بۆ یەک بنوسین و وەڵامی پیرۆزبایی یەکتریش بدەینەوە، ھەر خەریکی گلەیین.
• بە تەقەی دەرگا بێزارو بە میوان بێزارتردەبین، بە نامەی مەسنجەریش پەست و بە ھەموو شتێک پەست، بۆ واین!؟
• لە ھەموو شتێک توڕەو لە ھەموو شتێک نارازی و بە ھەموو شتێکیش پێدەکەنین.
• ناتوانین سەردانی خزمان بکەین، خێرا بیانوویەکمان حازرە.
• ناتوانین بچینە لای نەخۆش و پرسەو بۆنەکانی یەکتر و سەد ئیشی حەلاش و بەلاشمان بۆ خۆمان دۆزیوەتەوە.
• ناتوانین سەفەربکەین و بە دڵی خۆمان دو وڵات و دو شار بگەڕێین کەچی دەڵێین لە دونیادا شتی وا نەبوە!
• ناتوانین تێر سکی خۆمان نان بخۆین بە بیانووی رێجیم و ورگ و وەزن و چەوریی، کەچی تێر قسە دەکەین و جنێو بارانی یەکتر دەکەین.
•ناتوانین وابکەین خۆمان بین، ھەمیشە خەریکی تەقلیدو لاسایی کردنەوەی ئەویترین،موراقەبەو موتابەعە ئێمەی کوشتوە.
• ناتوانین لێبوردە بین و تۆزێک نەرم بین بۆیەکتر،کەچی جەنگ و یەکتریی سڕینەوە مێشکی داگیر کردوین و باسی کەلتوری ڕق و کینەش دەکەین.
• ناتوانین لە ئێستادا بژین ھەمیشە خەون و خەیاڵمان فرسەخێک لە جەستەمانەوە دوورە، ئەرێ ئەم موستەقبەلە، چی بوو ھەر نەھات و ئێمە ھەر باسی دەکەین، کە مردین!؟
• چل ساڵ تێپەرین و کەچی ھەر موراھیقین، خوا بیزانێت رەسمی وادەبینیت لەو فەیس بووکە تەریق دەبیتەوە سەیری بکەی، ھێشتا خاوەنەکەی داوای لایک و کۆمێنت دەکات.
•برام رەسمی خۆت دانێ لەفەیس بووک، بەس بابەتی زەعیف و چروکی بۆ دامەتاشە ئەی ھاوار، مێشکمان چوو!
• ئەرێ بەس نەبوو سواڵی لایک و کۆمێنت، چییە یانی تۆ تێر نەبوویت لەم پاڵەوانبازیە؟
• ناتوانین دەبەیەکی ئاوو کاغەزە بسکیتێک لە سەیارەکەمان بپارێزین و فڕەی نەدەینە دەرەوە، کەچی باسی نیشتیمانی جوان و پیاوەتی و ئازایەتی دەکەین.
• کورە ناتوانین مناڵێک بەجوانی پەروەردە بکەین کەچی خەریکی پەروەردەکردنی تەیرو ئاژەڵ و سەگین. 
• ناتوانین خۆمان بە دڵی خۆمان قسە بکەین، کەچی خەریکین توتیەکان فێری قسە دەکەین.
• کورە مردوەکەت نەناشتوە سێڵفی پێوە دەگریت و لە فەیس بوک پرسەکەی گەرمترەو داوای دوعای خێری بۆدەکەی ئەی ھاوار چ وەزعێکە.
• ڕومان نایە بەپاس ھاتوچۆ بکەین کەچی باسی قەرەباڵخی و لۆدی شەقامەکان دەکەین.
ئێمە چین بەس پێم بڵێن!؟


PM:03:54:15/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 4312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی