کەپڵەکەم قەرەجێکی جوانە

‌ئەحمەد محەمەد ئابڵاخی

گەرمای نیوەڕۆی ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی تەموز بوو، ترافیک ماشێنەکانی بە رستێک بە دوای یەکدا وەستاند بوو، بەلەنجەو لارێکەوە هات بەرەو ماشێنەکەی من.

وەک ئەوەی بڵێت هەرچەندە من قەرەجم و ئیشەکەم لەبەر قرچەی ئەم گەرمایە وەک سواڵ وایە، بەڵام منیش وەک هەر کیژێکی حەڤدە هەژدە ساڵ دڵێکم هەیە لێ ئەدا و لە ناخما هەزاران خۆزگە وئاوات هەیە، جگە لەوەش هەر چەندە لە چاوی خەڵکانیشدا کەم بم بەڵام نازی خۆم هەیە، کەسیش نەبێت ئەو نازەی بە سەردا بکەم بەسەر شەقامەکەدا ئەیکەم، هاتە لای چەپم، لە جامی ماشێنەکەی دا، دەمو چاوی کاریگەریی ئەو هەتاوە گەرمەی پێوە دیار بوو، سوتاندبوی و خاڵ خاڵی کردبوو بە هۆی ئەوەوە کە جامی ماشێنەکەم دا نەدابۆوە، دەنگی بە کزی هاتە بەر گوێم (کلینیکسم لێمەکڕە، بەس جامی ماشێنەکەت داگرە با یەک تۆز هەوای فێنکم بۆ بێت) جامەکەم داگرت بزەیەکی خستە سەر لێو، وەک ئەوەی پێم بڵێ، ئەها سەیری دەم و لێوم بکە، نە بۆتۆکس و نە فلەری تیایە نە سوراوی پێوەیە و لە هی ئەو کچانەش جوانترە کە تۆ بەرانبەریان دا ئەنیشیت و قسەی خۆشیان بۆ ئەکەیت.

هەزار دینارم پێدا و کلینیکسەکەم لێ وەرنەگرت، بەڵام ئەو پاکەتێک کلینیکسی فڕێدایە ناو ماشێنەکەم، ئەمەش جۆرێک بوو لە وەڵامێکی کەمێک توند وتوڕە، وەک ئەوەی پێم بڵێ من سواڵکەر نیم و کەرامەتی خۆمم هەیە، لە هەمان کاتدا بۆ دڵنەوایی من بە چاو سوپاسی کردم، کە برژۆڵەکانی نایە سەر یەک، هێمایەکی دامێ کە بڵێت ببینە نە برژۆڵەی دەستکردم داناوە ونە ماسکارەم کردوە، چاوداگرتنیش بێ لەوانە لەزەتێکی تری هەیە و سەرنجەکان تامی سروشتی خۆیان هەیە، ئارەقەیەکی لە ناوچەوانی سڕی ئەمەشیان پێی وتم ئەها برۆی خۆمە ونە بە قەڵەم دروستم کردوە و نە تاتۆیە، نەیدەویست بەردەم هەوا فێنکەکەی ماشێنەکەی من جێبهێڵێت، بەڵام ترافیکەکە کرایەوە و ماشێنەکانی پێش من جوڵان، منیش ناچار بووم ئەبێ بڕۆم، بەڵام پێش ئەوەی جێی بهێڵم پێم وت ئەمجارە هاتمەوە کرێمێکی دژە خۆرت بۆ ئەهێنم، لەو ڕۆژەوە بوە بە کەپڵی من، بەڵام جێ ژوانم هەر بەر گەرمای چوار رێیانی سەر ئەو شەقامەیە.


PM:12:02:09/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 5048 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی