كێ لە كێ دەبورێ؟

‌رێبوار كەریم وەلی

قسە لەسەر ئازادكردنی سزادراوانی بادینانە. لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دوای ئەوەی سزاكانیان تەسبیت كرا، یان سوككردنی حوكمەكانیان و ئازادكردنیان لەماوەیەكی كورتدا.
*
راستییەك ھەیە كە لە رۆژی ١٦ شوباتەوە كە سزاكانیان لە لایەن دادگای تاوانەكانی ھەولێرەوە راگەیەندرا و بە شەش ساڵ حوكم دران، سەرۆكی ھەرێم داوای كرد چاو بەو سزایەدا بخشێندرێتەوە و ئەو كاتەش بەراستی دەرفەت ھەبوو.
*
نەكرا. خراپتریش كرا.
*
ئێستا ئیتر سزادراوان ھەر بەردەبن، بەڵام چۆن؟
*
ئەو ماددانەی سزادراوانیان پێ حوكم دراون، لە مێژووی سیستەمی دادوەریی كوردستان و لەناو قانونی سزاكانی كوردستان و عێراق موعادیلیان نییە. بە واتایەكی دیكە ناچنە قاڵبی تاوانەوە، بۆیە سوككردنی سزای سزادراوانی بادینان مانای وایە كە ئیتر سەردانی كۆنسوڵخانەكان و كۆبوونەوە لەگەڵیان ھەر تاوانە، بەڵام سزاكەی قورس نییە!
*
راستییەكەی ئەو لایەنەی ئەو گەنجانەی گرتووە ئەوە نزیكەی ساڵێكە ھەر خۆی دێنێ و دەبا و ناڵێ لەسەرچی گرتوومن. بەڵێ ئەمانە دژی پارتی ئیشیان كردووە و پتر لەوەی كاریان بۆ لایەنی دەرەكی كردبێت، خزمەتی ركابەرانی پارتییان كردووە لە بادینان و جنێویان بە رەمزەكانی پارتی داوە. ئاو بێنە و دەست بشۆ.
*
ئازادكردنی ئەو گەنجانەی بادینان لەلایەن سەرۆكی ھەرێمی كوردستانەوە بە لێبوردنێكی تایبەت ھیچ ئەمسالێك لە قانوندا دروست ناكات، بە واتایەكی دیكە كەس لەسەر سوچێكی لەو شێوەیە بەئاشكرا لە زینداندا نییە تا ئەویش لەگەڵ ئەواندا بەر لێبوردن بكەوێت و لێبوردنێكی تایبەتە.
*
ئەدی دەسەڵاتی دادوەری؟
لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان میلادێك دەبێ بۆ پێداچوونەوە بەو سیستەمەی ئێستای دادوەری لە كوردستان كەبەتەواوەتی كەوتۆتە ژێر كۆنتڕۆڵی یەكێتی و پارتی و، بە شانازییەوە باس لەدادوەری یەكێتی و پارتی دەكرێت!
*
لێرە بەدواوە پێویست دەكات سەرۆكی ھەرێمی كوردستان وەكو چەترێكی كۆكەرەوە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی دەرەوە و ناو پەرلەمان و تەنانەت خەڵكانی شارەزا لەو بوارەدا بكات كە پرۆژەیەكی ریفۆرمی بنچینەیی بۆ بنیادنانەوە و، رزگاركردنی ئەو دەسەڵاتە لە ھەیمەنەی پارتی و یەكێتی ئامادە بكەن و بیخەنە بەردەم رای گشتی.




AM:10:33:15/05/2021

ئه‌م بابه‌ته 1424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی