پرساندن و ترساندن

‌رێبوار كەریم وەلی

بابەتی پرساندنی حکومەت لەسەر بابەتێکی گشتی، وا خەریکە لێکەوتەکانی بەسەر تانوپۆی سیاسەتی کوردستان بەدیار دەکەوێ.

بزووتنەوەی گۆڕانی کردە دوو، یەکێتیی کۆن و نوێی بەگژیەکدا کرد، (یەک گرتوو)ی کردەوە یەک و کۆمەڵیشی لێک کۆ کردەوە.

بابەتی پرساندنی حکومەت و وەزارەتەکانی یەکێکە لە ئەولەویاتی ئیشی پەرلەمان و شتێکی ئاساییە ئەگەر سیستەم دیموکراتی بێت. بەڵام لە کوردستان کراوە بە تابۆ! لە کاتێکدا، پرساندن دەرفەتێکە بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێ بە وەڵامی موقنیع بۆ پەرلەمانتاران متمانەی خۆی نوێ بکاتەوە.

یەکجار و لەسەردەمی کابینەی شەشەمی حکومەت سەرۆکوەزیران پرسێندرا. ئیستیزاح کرا.

گۆڕان لە ئەوجی قودرەتدا بوو.

روبعێکی پەرلەمانیان لە دەستدا بوو. ١٧ شوبات رووی دابوو، لە یادی ھەڵەبجەشدا، فەردەیەک لینگە پێڵاویان لەسەرۆکی حکومەت گرتبوو! سەرباری ئەوەش سەرۆکی حکومەت لە لاوازترین پێگەوە ھاتە پەرلەمان و زۆر بەھێزەوە لێیدەرچوو.

پارتی و کۆتاکان زۆرینەی پەرلەمانیان بەدەستە. ئەستەمە حکومەت بە لێسەندنەوەی متمانە ھەڵوەشێتەوە، بەڵام لە روانگەی پارتییەوە حکومەتێک کە نەتوانێ پتر لە حەفتا لە سەدی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت، چاوشکێن دەبێ. ئەوە باجی شەڕە ژمارەیە!

پارتی لە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات ناترسێ، بەڵام ترسی راستەقینەی لە حزبە موئتەلیفەکانیەتی کە پێیوایە باریان نییە. بۆیە پرساندنی وا لێ بووە بە مەسەلەی مان و نەمان.

بۆ ئەو حکومەتەی ئێستا نابێ پرساندن وەک پردی سیڕاتی لێبکرێت و وا نیشان بدرێت کە ئەگەر  لەکاتی متمانە وەگرتندا، چەند دەنگێک کەمتر بێنێت دەشکێت.

دەستبردن بۆ ترساندن لە پێناوی نەپرساندن، پارتی گۆشەگیر دەکات. سزادانی ئەو حزبانەی کە لە سۆنگەی ریفراندۆمەوە لە ھەڵبژاردندا باجی قورسیان دا، ئێتیک نییە!


AM:09:30:24/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی