قوباد و سلێمانی

‌شوان محه‌مه‌د

رەنگە قوباد تاڵەبانی کوڕە بچووکی مام جەلال ئەو کەسە بێت لە حکومەتی هەرێمدا کە پۆستێکی باڵای هەیەو جیاوازە لەوانی دی، ئەوەی ئەم جیادەکاتەوە لە سەرۆکی حکومەتەکەی و هاوسەرۆکانی حیزبەکەی، پیاوێک نییە لەبوارە ئەمنیەکەوە پێگەیشتبێت و چووبێتە ئەو پۆستە، ئەو کەسێکی مەدەنییەو بەپێی پێگەی باوکی و خێزانەکەی، وا دوو کابینەیە جێگری سەرۆکی حکومەتەو، دەبێتە کەسی یەکەمی باڵا دەستی حکومەت لە ناوچەکانی سلێمانی.
 
من لەو خەڵکانە نیم کە رەش و سپی و خاکیش لەیەک جیانەکەمەوەو، هەموویان بە یەک چاو تەماشا بکەم، تا ئێستا بڕاوا ناکەم قوباد تاڵەبانی هۆکار بووبێت بۆ ئازاردانی جەستەیی کەس، با ئەو راستیەش ببینین لە زۆر هەڕەشەدا کە ڕووبەڕووی رۆژنامەنووسان بۆتەوە ئەم لە ریزی داکۆکیکار بووە لە ئازادی رۆژنامەنووسان.
سەرباری ئەم خاڵە پۆزەتیفانەی لەسەر ئەم کەسایەتییە حکومیە هەیە، بەڵام هەرگیز ناکرێت چاوپۆشی لێبکرێت لەسەر یەک ژمارەی گەورەی کێشە کە لەسەرئاستی سلێمانی و هەرێم لە ئارادایە، بەڵام ئەم قوڕقەپ لێی دانیشتووە، نە قسەیەک دەکات، نە هەڵوێستێک نیشان دەدات، بەمەش خۆی خستۆتە ژێر پرسیاری گەورەوە کە ئایا ئەم بەشێک نییە لەو گەندەڵی و رووداوە خراپانەی لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک روودەدەن؟

 
گەندەڵییەکانی سلێمانی:

 
-    پرسی گەندەڵی لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان سنوری هەرێمی تێپەڕاندووە، ئێستا بەرپرسانی عێراقیش لە میدیاکانەوە قسەی لەسەر دەکەن، تۆ لەو پەرلەمانتارانەو لەو میدیانە زانیاری زیاترت لەلایە کەکێ ئەو کارە دەکات، کێ شەوانە لە هێڵی ئاسایشەوە لە باشماخ بەسەدان بارهەڵگر دەپەڕێنێتەوە، کە جگە لە قاچاخەکە ئەو خۆراکانەی دەهێنرێت مەترسی بۆسەر تەندروستی نەک ئێستا، بەڵکو ئایندەی مناڵەکانیشیمان هەیە. پرسیار، قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی لەسەر ئەم گەندەڵییە چی یە، ئەو لەکوێی ئەو کێشەیەدایە، کێن لە بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکەی ئەم گەندەڵیە دەکەن، ناکرێت و نابێت پێمان بڵێن یەکێتی و هاوسەرۆکانی و مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە ئاگای لەو گەندەڵیە گەورەیە نییە، باشە ئەگەر قوباد تاڵەبانی بەشێک نییە لەم گەندەڵیە، بۆ وەک جێگری سەرۆکی حکومەت لەم دیاردە دزێوە قێزونە کە ناوبانگی ناوچەکانی سلێمانیشی زڕاندووە نایەتە دەنگ، ئایا لەبەرئەوەی حیزبەکەی ئەو کارە دەکات؟ ئایا لەبەرئەوەی براو ئامۆزاکەی بەرپرسن لەو گەندەڵیە..؟ بۆیە ئەگەر قوباد تاڵەبانی جیاوازە، ئەوا دەبێت لەسەر ئەم کێشەیە بێتە دەنگ، خەڵک کە لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨ دا نزیکەی ١٥٠ هەزار دەنگی پێداوە لەبەر ئەو دەنگی پێداوە تا ناو و ناوبانگی سلێمانی چاک و جوان بکات، نەک وەک ئێستا تا ئەوپەڕی خراپی ناوی بزڕێنرێت، خۆ ئەگەر قوباد تاڵەبانی دەرۆستی کەسە دەستڕۆشتووەکانی حیزبەکەی نایەت، زۆر بە ئاشکرا رایبگەیەنێت کە ئەو ناتوانێت دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەواندا بسەپینێت و: خەڵکی کوردستان خۆتان بڕژێنە سەر شەقامەکان و سنورێک بۆ ئەم دزی و گەندەڵیە دابنێن کە بەهۆی توێژێکی کەمی سیاسی دەسەڵاتداری مافیاویی، دۆخی ئەم ناوچایەی چەند ساڵ بەرەو دوا گێڕاوەتەوە.

 
-    پرسی زەویەکانی بەکرەجۆ و رێگای تاسلوجە:

 
کەس گوومانی لەو گەندەڵییەی ئەو ناوچەیەی سلێمانی نییە کە چه‌ندین به‌رپرسی ئه‌منی، سه‌ربازی، حزبی وحكومی، لەپشت داگیرکردن و بەتاڵانبردنی ئەو زەویانەوەن، کە ئەمە چەند نموونەیەکیانە و ناوی تۆش لە یەکێکیاندا دێت:

-    سووتانی سنەوبەرەکانی رێگای تاسڵوجە کە  زیاتر له‌ ١٢٠ دۆنمەو ناوی تۆ لەم کێشەیەیاندا دێت کە تۆ داوتە بە کۆمپانیایەک تا بیکات بە گەراج و پێشەنگای ئۆتۆمبیل و شارێکی گەورەی پیشەسازی. تۆ لەکوێی ئەم کارە نا یاساییەدایت و هەڵوێستی خۆت رۆشن بکەرەوە ؟ ئەگەر تۆ بەشدارنیت و بەبڕیاری تۆ نەدراوە بەو کۆمپانیایە بۆ بڕیاری راگرتنی نادەیت و ئەوانەی لە پشت ئەو گەندەڵیەوەن ئاشکرای ناکەیت و نایان دەیتە دادگا.

 
-    زەویەکانی ته‌نیشت و پشتی قه‌برستانی عه‌واڵ به‌ هاوبه‌شی، کێی لە پشتە..؟

 
- زەویەکانی به‌رامبه‌ر وێستگەی کاره‌باكه‌ زیاتر له‌ هه‌زار دۆنمە کێ داگیریکردووەو، دەستی کێی تیایە..؟

 
- زەویەکانی، به‌رامبه‌ر ده‌رگای پیشەسازی  به‌كره‌جۆ، کێی لەپشتە..؟

 
- زەویەکانی ته‌نیشت فڕۆکەخانەی سلێمانی؟


- زەویەکانی، کێڵگەکانی پەلەوەر ( ده‌واجنه‌كان )..؟
 
- زەویەکانی کانی گۆمه‌ تا دەگات بە تانجه‌رۆ..؟
 
- زەویەکانی خوار به‌كره‌جۆ، مەبەست زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانە..؟

- زەویەکانی خه‌لیفاوا كه‌ زیاتر له‌ ١٠٠ پارچه‌ زه‌وی كراوه‌ به‌ناوی کەسێکەوە.

لەم هەموو پرسی گەندەڵی و داگیرکارییەی زەویەکانی سلێمانیدا، تۆ لەکوێدا وەستاویت و هەڵوێستت چییە، من دەمێکە بۆ ئەم پرسانە دەستم لە پارێزگار د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ششتووە، هیوادارم تۆ ئەگەر لەم گەمەیەدا نیت، سنورێکی بۆ دابنێیت.


ئازادی لە هەولێر و دهۆک..
بەپێی راگەیاندنی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم بۆ دەنگی ئەمەریکا، لە خۆپیشاندانەکانی مانگی تەموز و ئابدا لەناوچەکانی زاخۆ و دهۆک و هەولێر و رانییە زیاتر لە ٣٠٥ چالاکوان و رۆژنامەنووس دەستگیرکران و ١٩ کەسیان لە زیندان هێڵرایەوە بۆ ماوەی چەند هەفتە، ئێستاش هەندێکیان ئازاد نەکراون. ئایا تۆ و ستافی یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی وەزیران ئەم پرسە نایاساییەتان کردە بابەتێکی کۆبوونەوە ئۆنلاینەکانی خۆتان، هەڵوێستی قوباد تاڵەبانی لەم پێشێلکارییەی بەرامبەر ئازادی خۆپیشاندان و میدیا کراوە لە کوێدایە، تۆ ئەگەر جیاوازبیت لەوانی تر لەکوێی ئەم رووداوانەدایت..؟

ناوچەکانی سلێمانی ئەگەر لە رووی رێگاوبان و بیناسازی و هەلی کارەوە لەهەرێمی کوردستاندا ناوچەیەکی پێشڕەو نەبووبێت، ئەوا لە ڕووی کرانەوەو ئازادی و رووبەڕبوونەوەی گەندەڵی نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی بووە بەبەراورد بە ناوچەکانی تری هەرێم، پێش یەکگرتنەوەی هەر دوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر، دیوانی چاودێری دارایی ( سلێمانی ) چەند  بەرپرسی باڵای هەر لە سەرۆکی حکومەتەوە، تا پلەکانی خوارەوە رووبەڕووی دادگا کردنەوە، یان ئەو دەزگایە داوای کردووە بدرێنە دادگا، بەڵام ئێستا ئەم ناوچانە خەریکە بەتەواوی مۆرک و سیفەتە جوانەکانی لەدەستدەدات، کوا هەڵوێستی تۆ..؟

دوا پرسیاریش لە تۆ و سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی و هاوسەرۆکانی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگییە، تو ویژدانتان ئێوە لە ئەورپا ژیاون حکومی خەڵک بەم شێوەیە دەکرێت کە لە کوردستان ئێوە دەیکەن، یان ئەوەی دەیکەن حوکمی قەرەقوشەو نموونەی لە ناشیرینیدا لە جیهاندا نییە. کێ دەڵێت من جیاوازم، ئەوە ئەرز و ئەوەش گەز، فەرموو بە هەڵوێستەکانت و رەفتارت خۆت جیابکەرەوە لەوانی تر!!.
 


AM:09:27:24/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1496 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی